ریال مەدرید بووە پاڵەوانی لالیگا

04-05-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی توانی نازناوی لالیگا بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی یانەی بارسێلۆنای رکابەری تووشی شكست هات. 
 
ئەمڕۆ شەممە، بەرواری 4-5-2024، یانەی ریال مەدرید میوانداری کادێزی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی 3-0 بردەوە، هەریەکە لە براهیم دیاز، جود بێلینگهام و خوسێلۆ گۆڵەکانی لۆس بلانکۆسیان تۆمارکرد. 
 
دواتر لە یارییەکی دیکەی خولەکەدا، یانەی جیرۆنا میوانداری بارسێلۆنای کرد. بلاوگرانا پێویستی بە بردنەوەی یارییەکە هەبوو بۆ ئەوەی هیوای گەیشتنەوە بە ریال مەدرید و رکابەریکردن لەسەر نازناوی لالیگا بهێڵێتەوە، بەڵام تووشی شکستێکی سەخت هات و بە ئەنجامی 4-2 شکستی هێنا. بەمشێوەیە جیاوازی خاڵەکانی ریال مەدریدی پێشەنگ لەگەڵ دووەمی ریزبەندی بووە 13 خاڵ و بەهۆی ئەوەی تەنیا چوار یاری لە خولەکە ماوە، یانەکانی بارسێلۆنا و جیرۆنا ناتوانن پێیبگەنەوە و یانە مەدریدییەکە وەک پاڵەوانی لالیگا دەستنیشانکرا. 
 
ریال مەدرید توانی بۆ 36ـمین جار لە مێژووی خۆیدا نازناوی لالیگا بەدەستبهێنێت و درێژە بە ریکۆردە مێژووییەکەی خۆی بدات وەک خاوەنی زۆرترین نازناوی خولەکە لە مێژوودا، لە پلەی دووەمیش یانەی بارسێلۆنا دێت کە خاوەنی 27 نازناوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە