یاسایەکی نوێ لە پرێمەرلیگ دەبێتە فریادڕەسی مان سیتی

04-04-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەکانی پرێمەرلیگ بیر لەوە دەکەنەوە چیدیکە سزای لێشکاندنی خاڵ لە یانەکان پەیڕەونەکرێت، لە ئەگەری پێشێلکردنی یاساکانی یاریی خاوێن و لەبری ئەوە پێشنیازی سزایەکی نوێ دەکەن. 
 
لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا، یانەی ئێڤەرتن سزایەکی قورسی بەسەردا سەپێندرا و شەش خاڵی لێکەمکرایەوە دوای ئەوەی ئاشکراکرا کە یاساکانی یاریی خاوێنی شکاندووە، دواتریش نۆتینگهام فۆرێست بەهەمان هۆکار چوار خاڵی لێکەمکرایەوە.
 
بەپێی رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی، بەشێکی زۆری یانەکانی پرێمەرلیگ داوایان کردووە سزای لێشکاندنی خاڵەکان لە خولەکە نەمێنێت، لەبری ئەوە پێشنیازکراوە هەرکاتێک یانەیەک پارەیەکی زۆر خەرج بکات و یاساکان بشكێنێت، سزای دارایی بەسەردا بسەپێنرێت و هەتاوەکو خەرجییەکانیشی زیاتر بێت، سزایەکەی بۆی دەردەچێت قورستر بێت.
 
بەپێی هەواڵەکان، هۆکاری داواکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یانە گەورەکانی پرێمەرلیگ پێیانوایە ئەو سزایەی بەسەر یانەکانی ئێڤەرتن و نۆتینگهام فۆرێستدا سەپێنراون سزای قورس و تووندن، هەروەها یانەکان ترسیان لەوە هەیە کە ئەگەر نەتوانن پارەیەکی زۆر لە گواستنەوەی یاریزاناندا خەرجبکەن، ئەوا پرێمەرلیگ ئەو پێگە و بەهێزییەی هەیەتی لەدەستی بدات. 
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە بەشێکی ئەو پارەیەی لە سزادانی یانەکاندا کۆدەکرێتەوە، بەسەر یانەکانی دیکەی خولەکەدا دابەشدەکرێت کە لە یاساکان لایاننەداوە، بەشێکی دیکەشی بەسەر ئەو یانانەی خولی چامپیۆنشیپدا دابەشدەکرێت کە مەترسی مایەپوچبوونیان لەسەرە. 
 
ئەمە لە کاتێکدایە، یانەی مانچێستەر سیتیی پاڵەوانی سێ وەرزی رابردووی خولەکە تۆمەتبارە بەوەی یاساکانی یاریی خاوێنی شکاندووە و 115 تۆمەتی لەسەرە، بەپێی زۆرینەی پێشبینییەکان لە ئەگەری ساخبوونەوەی تۆمەتەکان بەسەریدا، سیتیزنس سزایەکی قورسی بەسەردا دەسەپێنرێت و رەنگە بۆ خولی چامپیۆنشیپ دابەزێنرێت، بەڵام لە ئەگەری دەرچوونی یاسا نوێیەکەدا، ئەوا یانەکەی شاری مانچێستەر لەو مەترسییانە رزگاری دەبێت، تەنیا سزای دارایی دەدرێت و هیچ خاڵێکی لێناشکێنرێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە