لیڤەرپوول بەدوای تۆڵەدا دەگەڕێت و ریال مەدرید باشترین ئێمباپێی دەوێت

27-11-2024
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لویس ئینریکێ یانەی پاریس سانجێرمان چامپیۆنزلیگ یانەی ریال مەدرید یانەی لیڤەرپوول
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەترسێکی زۆرەوە لە دڵی هاندەرەکانیدا، ریال مەدرید لە هەنگاوێکی دیکەی بەرگری لە نازناوەکەی، روو لە ئانفێڵد دەکات، یاریگەیەک کە لە وەرزی ئەمساڵدا بووەتە دیوەزمەیەک بۆ هەموو سەردانکەرانی.
 
یارییەکە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی ئانفێڵد لە ئینگلتەرا ئەنجامدەدرێت.
 
بەر لە یارییەکە ریال مەدرید تەنیا شەش خاڵی لە چوار یاریی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگدا کۆکردووەتەوە، لە کاتێکدا لیڤەرپوول لە چوار یاریدا، چوار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
 
ریال مەدرید بەگومانێکی زۆرەوە روو لە یارییەکە دەکات و لە ژێر گوشارێکی زۆردایە. ئاساییە لای هەندێک یارییەکە بە یاریی مان و نەمان بۆ یانەی شاهانە ناوببرێت، چونکە ئەنجامی یارییەکە، زۆر شت لەبارەی ئەو تیپەوە دەگۆڕێت کە بەدەست ناسەقامگیرییەوە دەناڵێنێت و پێکانەکان شەکەتیان کردووە.
 
درێژبوونەوەی پێکان لە دوای پێکان، دۆخێکی بەسەر ریال مەدریدا هێناوە کە وایکردووە تیپەکە لە پاڵەوانێتییە دڵخوازەکەی خۆیدا لە ریزبەندی بیست و یەکی ریزبەندی پاڵەوانێتییەکەدا بێت، پاشئەوەی لە چوار یاریدا، تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە.
 
نوێترین پێکرانی ریال مەدرید کە ڤینیسیۆس جۆنیۆرە، ئەگەرچی کاریگەریی زۆر لەسەر توانای تیپەکە بەجێدە‌هێڵێت، بەڵام پێشبینی ئەوەی هێناوەتە ئاراوە لە کۆتاییدا هەلە زێڕینەکە بۆ کیلیان ئێمباپێ بخولقێنێت، تاوەکو لەو شوێنەدا یاریی بکات کە خۆی دەیەوێت، هەربۆیە پرسیار ئەوەیە لیڤەرپوول چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکات؟
 
ئارنی سلۆت، راهێنەری یانەی لیڤەرپوول، لەبارەی مامەڵەکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ لە یارییەکەدا دەڵێت، "بایەخ بەوە نادەم کیلیان لە کوێ یارییدەکات. ئەوەی بەلامەوە گرنگە کوالیتی ئەوە. ئێمە دەبێ رووبەڕووی کوالیتییەکەی ببینەوە و باشترین ئاست بەرامبەری پێشان بدەین. ئەو بەردەوام دووپاتیکردووەتەوە کە بەرگریکردن بەرامبەری لە هەڵبژاردە و لە یانە زۆر قورسە".
 
لیڤەرپوول لە دۆخێکی نموونەییدایە لە چامپیۆنزلیگ. ئەو تیپە تاکە یانەیە تاوەکو ئێستا تەنانەت یەک خاڵیشی لەدەستنەداوە، هەربۆیە بردنەوە لە ریال مەدرید ئەو تیپە دەباتەوە لووتکەی هەموو یانەکانی پاڵەوانێتییەکە.
 
ئەگەرچی لیڤەرپوولیش لە یارییەکەدا لە ژمارەیەک یاریزانی کاریگەری بەهۆی پێکانەوە بێبەش دەبێت، بەڵام دۆخی دەروونیی و ویستی هەڵگێڕانەوەی مێژووی نێوان هەردوو یانە و دۆخی خراپی ریال، دەتوانێ زیاتر هانی لیڤەرپوول بدات بۆ بردنەوە.
 
کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لەبارەی یارییەکەوە دەڵێ، "ئەوەی پەیوەندی بەیارییەکەوە هەیە، ئەوەیە کە یارییەکی نایاب دەبێت، ئێمە دەبێ خاڵەکانی بەدەست بهێنین، ئەمە راستییەکەیە. دەبێ تاوەکو کۆتایی تێبکۆشین بۆ بردنەوەی ئەو چوار یارییە ماومانە. دەبێ هەوڵبدەین زۆرترین خاڵ کۆبکەینەوە، تاوەکو یەکێک بین لە هەشت تیپە یەکەمەکەی پاڵەوانێتییەکە".
 
ئەگەر بەرپەرچدانەوەی نەهامتییەکانی ئەمساڵ پاڵنەری یاریزانانی ریال مەدرید بێت بۆ سەرکەوتن لە ئانفێڵد، تۆڵەکردنەوەی دوو شکست لە دوو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە چەند ساڵی رابردوودا، پاڵنەرێکی گەورەتر دەبێت بۆ لیڤەرپوول تاوەکو ئەمجارە هەموو شت لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێبهێنێت.
 
سەرنجی سەرەکی لە یارییەکەدا لەسەر کیلیان ئێمباپێ دەبێت، چونکە ئەو یاریزانە پاشئەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆری هاندەرانی یانەکەی بووەوە، ئێستا ئیدی بەهۆی پێکرانی ڤینیسیۆسەوە، هەلی ئەوەی درەوشانەوەی یەکجاریی لەبەردەستدایە، بەتایبەت کە دەتوانێت لە باڵی چەپی یاریگەدا یاریی بکات و ئەوەش ئەو شوێنەیە کە ئێمباپێ پێشتر باشترین ئاستی تێدا پێشانداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە