ریال مەدرید کۆڵنادات و سکاڵای لە دژی ناوبژیوان تۆمارکرد

04-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید، بەفەرمی سکاڵای لە دژی تیمی ناوبژیوانانی یاریی یانەکە بەرامبەر یانەی ئیسپانیۆل لە خولی لالیگا تۆمارکرد.
 
ریال مەدرید لە گەڕی 22ی لالیگا، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەگۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا. بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە، ناڕەزایەتیی زۆری ریال مەدریدی لێکەوتەوە.
 
یانەی ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، "سکاڵامان پێشکێشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا و ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی وڵات کردووە، بەهۆی ئەو هەڵە زەقانەوە کە ناوبژیوان لە یاریی تیپەکەمان بەرامبەر ئیسپانیۆل کردی".
 
لە یارییەکەی ئیسپانیۆل و ریال مەدرید، کارلۆس رۆمیرۆی یاریزانی ئیسپانیۆل، بەتووندی لە کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی ریال مەدریدیدا، بەڵام ناوبژیوان تەنیا کارتی زەردی دایە، لە کاتێکدا ریال مەدرید پێیوایە ئەو یاریزانە، کە دواتر گۆڵی بردنەوەی بۆ ئیسپانیۆل تۆمارکرد، دەبوو بەهۆی لێدانەکەی ئێمابپێوە بەکارتی سوور بکرێتە دەرەوە.
 
دوای یارییەکە، کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ریال مەدرید، رەخنەی لە ئاستی ناوبژیوانی یارییەکە گرت و ئاماژەی بەپێویستی دەرکردنی یاریزانەکەی ئیسپانیۆلدا، ئەو گوتی، "ناتوانم لە بڕیارەکەی ناوبژیوان تێبگەم".
 
بەرلەوەی ریال مەدرید بەفەرمی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ناوبژیوانی یارییەکە رابگەیێنێت، لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا رایگەیاندبوو سزای راگرتنی تاوەکو کاتێکی نادیار، بەسەر هەریەکە لە مونیێز رویز، ناوبژیوانی سەرەکی و ئیگلیسیاس ڤیلانوێڤای ناوبژیوانی ڤار لە یارییەکەی ئیسپانیۆل و ریال مەدرید، سەپاندووە.
 
ریال مەدرید پێشتر جیا لە ناڕەزایەتی بەرامبەر کارتە زەردەکەی رۆمیرۆ، چەندین تێبینیی دیکەی لەسەر دەستەی ناوبژیوانانی یارییەکە هەبوو، بەتایبەت رەتکردنەوەی گۆڵێکی ڤینیسیۆس جۆنیۆر بەبیانووی فاوڵی ئێمباپێ و ئەژمارنەکردنی لێدانی سزا بۆ یانەکە لەسەرەتاکانی یارییەکەدا، ئەگەرچی وەک ریال مەدرید دەڵێ، تۆپ بەردەستی جۆفری کاریراسی یاریزانی ئیسپانیۆل کەوتووە.
 
لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا، بڕیاریداوە ئەو دوو ناوبژیوانە لە بەڕێوەبردنی یاریی نێوان ئاتلێتیکۆ مەدرید و خیتافی لە جامی شای ئیسپانیا دووربخاتەوە کە ئەمشەو لە نێوان هەردوو یانەدا بەڕێوەدەچێت.
 
ریال مەدرید لە بڵاوکراوەیەکدا وردەکاریی داواکارییەکانی خۆی لە سکاڵاکەیدا بۆ بەرپرسانی تۆپی پێی ئیسپانیا ئاشکرا نەکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە