پلانی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی ئێمباپێ

04-02-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ریال مەدرید پلانێکی نوێی ئامادەکردووە و دەیەوێت کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان رازی بکات مووچە زەبەلاحەکەی کەمبکاتەوە و پەیوەندی بە یانەی شاهانەوە بکات. 
 
تادێت دەنگۆکان لەبارەی داهاتووی ئێمباپێوە زیاتر دەبن، بەپێی دوایین هەواڵەکان ئەستێرەکەی پاریس سانجێرمان بڕیاری کۆتایی داوە و بەنیازە هاوینی داهاتوو لە رێگەی گرێبەستێکی بێبەرامبەرەوە روو لە ریال مەدرید بکات.
 
بەپێی رۆژنامەی دەیڵی مەیڵی بەریتانی، ئێمباپێ بڕی 25 ملیۆن یۆرۆ وەک مووچە لە یانەی پاریس سانجێرمان وەردەگرێت، بەڵام بەپێی ئەو سەرچاوەیە ریال مەدرید بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە ئەو بڕە پارەیە بە کیلیان بدات، لە بەرامبەردا یانەی شاهانە دەیەوێت بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بدات بە ئەستێرە فەرەنسییەکە وەک پاداشتی واژۆکردنی گرێبەستی نێوانیان، ئەگەر هاتوو ئێمباپێ رازی بێت مووچەکەی کەمبکاتەوە و پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات. 
 
بەشێکی زۆری گرێبەستەکانی یانەی ریال مەدرید لەگەڵ ئەستێرەکانی رێگە بە یانەکە دەدات بڕی 50٪ـی مافی وێنەکان بۆخۆی ببات، بەڵام بەپێی میدیاکان مێرێنگی ئامادەیە بۆ ئێمباپێ ئەو رێژەیە بگۆڕێت بۆ 40٪ و بەو شێوەیە ئەستێرە فەرەنسییەکە دەتوانێت 60٪ـی مافی وێنەکان وەربگرێت، ئەمەش پێدەچێت رێگەیەکی دیکە بێت کە ریال مەدرید بیگرێتە بەر بۆ ئەوەی کیلیان رازی بکات مووچەکەی کەم بکاتەوە و پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات. 
 
هاوینی داهاتوو گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت، ئەستێرە فەرەنسییەکە لەم وەرزەدا ئاستێکی سەرسوڕهێنەر پێشکێش دەکات، بەشێوەیەک کە لە 28 یاریدا بەشداری 36 گۆڵی کردووە و رۆڵێکی سەرەکی گێڕاوە لەوەی یانەکەی لە پلەی یەکەمی خولی فەرەنسی بێت.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە