رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان لەبارەی داهاتووی خۆیەوە قسەدەکات و دەڵێت "هیچ بڕیارێکم نەداوە."
ئێمباپێ دوای بردنەوەی جامی سوپەری فەرەنسا لەگەڵ پاریس سانجێرمان لەبارەی داهاتووی خۆیەوە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی "هیچ بڕیارێکم نەداوە و تاوەکو ئێستا بژاردەکەم دیارنییە."
کیلیان لەبارەی ئەوەی لە هاوینی 2022 روویدا گوتی "ساڵی 2022 تاوەکو مانگی 5 نەمدەزانی بڕیارەکەم چی دەبێت، ئەگەر بزانم دەبێت چی بکەم، نابێت زۆر درێژە بکێشێت و بەوشێوەیە هیچ مانایەکی نەدەبوو، لە یانەکە باس لە دۆخی من ناکرێت و کەسیش نایەوێت ئەو باسە بکاتەوە."
ئەستێرە فەرەنسییەکە لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "لەنێو یانەی پاریس سانجێرمان دۆخی من بابەتی گفتوگۆکردن نییە، من هیچ بڕیارێکم نەداوە، لەگەڵ ناسڕ خلێفی رێککەوتووم بۆ ئەوەی گەرەنتی پاراستنی هەموو لایەنەکان بکەین."
لە کۆتایی قسەکانیدا کیلیان ئێمباپێ دەڵێت "هەموو بیرکردنەوەکان لای تیپەکەن نەک بارودۆخی من."
ئەم قسانەی کیلیان ئێمباپێ لەکاتێکدان، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێ، یاریزانەکە جارێکی دیکە بووەوە رۆژەڤێکی گەرمی میدیا و بەشێوەیەکی فراوان باس لە پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە دەکرێت.
میدیای ئیسپانیا رایگەیاندبوو، ئێمباپێ لە مەدرید شوێنی مانەوەی دەستنیشانکردووە، ریال مەدرید هەنگاوەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە خێراتر دەکات، پاریس سانجێرمانیش لە رکابەریدا دەبێت بۆ ئەوەی گرێبەستی یاریزانەکە نوێبکاتەوە.
گرێبەستی کیلیان ئێمباپێ لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە لە هاوینی ئەمساڵ کۆتاییدێت، بەڵام ئێستا یاریزانەکە ئازادە گفتوگۆ لەگەڵ هەر یانەیەک بکات کە دەیەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ