رووداوێکی هاتووچۆ یاریزانێکی یانەی نەسڕ دەکوژێت

03-11-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد وافی رووداوی هاتووچۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی نەسڕ لە لیبیا، لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا، هەواڵی کۆچی دوایی یاریزانە لاوەکەی محەممەد ئەلوەفی راگەیاند.
 
یانە لیبییەکە لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە "بەخەم و پەژارەیەکی زۆرەوە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کۆمەڵگەی وەرزشیی و ماڵباتی یاریزانە لاوەکەمان، محەمەد ئەلوافی دەکەین، کە لە رووداوێکی دڵتەزێندا کۆچی دوایی کرد".
 
لە بڵاوکراوەکەدا، هەروەها هاتووە "محەممەد نموونەی دڵسۆزی و خۆبەخشی بوو بۆ تۆپی پێ، کاریگەرییەکی لەبیرنەکراوی لەسەر دڵی هاوڕێکانی و راهێنەرەکانی بەجێهێشت، لەدەستدانی ئەو کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەموومان، چ وەک تاک یان وەک خێزانێکی وەرزشی".
 
لە کۆتایی بڵاوکراوەکەی یانەی نەسڕدا، هاتووە "لە خوای گەورە دەپاڕێینەوە کە رەحم بە مردووەکە بکات و لێیخۆش بێت، هەروەها بیخاتە بەهەشتی بەرین. ئێمە پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ ماڵباتەکەی دووپاتدەکەینەوە لەم کاتە سەختەدا، ئێمە هی خوداین و بۆ لای ئەو دەگەڕێینەوە".
 
بەگوێرەی هەواڵە ناوخۆییەکان، ئەو یاریزانەی یانەی نەسڕ، ئێوارەی دوێنێ شەممە تووشی رووداوێکی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل بووە و ژیانی خۆی لەدەستداوە.
 
محەممەد وافی یاریزانی تیپە تەمەن جیاوازەکانی یانەی نەسڕی لیبی بوو، هاندەرانی تیپەکەش بە چەندین پەیامی سەرەخۆشی کاردانەوەیان بەرامبەر بە هەواڵی گیانلەدەستدانی یاریزانە گەنجەکە هەبوو.
 
یانەی نەسڕ وەرزی رابردوو نازناوی خولی تۆپی پێی لیبیای بەدەستهێنا، بەڵام هەرزوو ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگی ئەفریقا کرد، دوای ئەوەی لەلایەن یانەی مەریخی سودانییەوە دەرکرا، پاش ئەوەی لە لیبیا بەبێ گۆڵ لەگەڵیدا یەکسان بوو، و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەئەنجامی 0-2 دۆڕا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە