حکومەتی ئەڵمانیا هۆشداری دەداتە یاریزانێکی هەڵبژاردەی تورکیا

03-07-2024
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن مەریح دەمیرال حکومەتی ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو - هەولێر
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا دەڵێت ئەو ئاماژەیەی مەریح دەمیرال، یاریزانی هێڵی بەرگری تورکیا لەدوای بردنەوەیان لە نەمسا پیشانیدا "هیچ جێگەی نابێتەوە لەنێو یاریگەکانی ئەڵمانیا".
 
نانسی فەیسەر ئەمڕۆ چوارشەممە سەرکۆنەی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەی دەمیرالی کرد دوای ئەوەی دوو گۆڵی بەرامبەر نەمسا تۆمارکرد و پەنجەکانی بەرزکردنەوە وەک  ئاماژەیەک بۆ گرووپی توندئاژۆی ناسراو بە "گورگە بۆرەکان" کە بەچڕی لەژێر چاودێری دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەڵمانیادان.
 
فەیسەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە "سیمبوڵی گرووپە راستڕۆکانی تورکیا لەنێو یاریگەکانماندا هیچ جێگەیەکیان نابێتەوە".
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا گوتیشی "بەکارهێنانی پاڵەوانییەتی تۆپی پێی ئەورووپا وەکو پلاتفۆرمێک بۆ دەمارگیری بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵکردن نییە. چاوەڕواندەکەین یوفا لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بکات و سزا بسەپێنێت".
 
دەمیرال دوای تۆمارکردنی گۆڵی دووەمی لە نەمسا هەردوو دەستەکانی بەرزکردەوە، پەنجەی یەکەم و کۆتایی هەر دەستێکی کردەوە و پەنجەکانی دیکەی داخست، ئەمەش بە سیمبوڵی گرووپی "گورگە بۆرەکان" دادەندرێت.
 
گورگە بۆرەکان گرووپێکی نەژادپەرستن، کار و چالاکییان لە چەند وڵاتێک قەدەخەیە. بانگەشە بۆ نەژادپەرستی و دژایەتیکردنی گەلانی دیکە بەتایبەت کورد دەکەن و ناوەکەشی لە داستانە کۆنەکانی تورکیاوە وەرگیراوە کە گورگەبۆرەکانی بە هێمای لێهاتوویی و شەڕانگێزی و زیرەکی وێناکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە