رووداو دیجیتاڵ
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی دەڵێت "بەراوردکردنی ئێرلینگ هالاند بە لیۆنێل مێسی هیچ سوودێکی بۆ ئەو یاریزانە نییە."
گواردیۆلا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەیان بەرامبەر یانەی وێستهام گوتی "یارییەکەمان بەرامبەر وێستهام قورسە، ئەوان تیپێکی زۆرباشن لە تۆپی جێگیردا و دەبێت زۆر ئاگاداری ئەوەبین."
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا لەبارەی بەراورکردنی مێسی و هالاند، گواردیۆلا گوتی "ئەوان دوو یاریزانن لە رووی عەقلییەت و تۆمارکردنی گۆڵ لە یەک دەچن، بەڵام مێسی لە ماوەی 10 یان 15 ساڵی رابردوو بەبەردەوامی ئەو کارەی کردووە، هالاند لە سالزبۆرگ و دۆرتموند، تاوەکو ئێستا لە هەر یارییەکدا گۆڵێک یان دوو گۆڵ دەکات و هەلی ئەوەی هەیە لەو نزیکببێتەوە، بۆ ئەوەی وەک مێسی گەورە بێت."
پێپ دووپاتیدەکاتەوە کە مێسی کامڵترین یاریزانە لە کاروانی وەرزشیی خۆیدا بینیبێت و دەڵێت "هیچ یاریزانێک بە لیۆ بەراورد ناکرێت."
پێپ گواردیۆلا ستایشی ئێرلینگ هالاند دەکات و دەڵێت "زۆر گرنگە کە ریکۆردی تۆمارکردنی زۆرترین گۆڵ لە وەرزێکی پرێمەرلیگدا بشکێنێت."
ئەمشەو لە رکابەرییەکانی پرێمەرلیگدا، یانەی مانچێستەر سیتی لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا میوانداریی وێستهام دەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت، بەبردنەوەی یارییەکە سیتی هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ نزیکدەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ