حەوتەمی پرێمەرلیگ، بارسێلۆنای هەژاند

03-05-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئاستۆن ڤێلا ماتیۆ ئالیمانی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، نهێنی دەستلەکارکێشانەوەی ماتیۆ ئالیمانی، بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەی بارسێلۆنایان لە پۆستەکەی ئاشکرا کرد.
 
هەرچەندە ئالیمانی گرێبەستی لەگەڵ بارسێلۆنادا تاوەکو 2024 بوو، بەڵام یانەی بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکدا، دەستلەکارکێشانەوەی ئەو بەرپرسەی یانەکەی لە پۆستەکەی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا راگەیاند.
 
وەک میدیای نزیک لە بارسێلۆنا ئاشکرایانکردووە، ئالیمانی بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنای گووتووە کە ویستی ئەوەی هەیە لە پڕۆژەیەکی نوێدا کاربکات، بەڵام ئەوەشی بۆ سەرۆکی بارسا دووپاتکردووەتەوە کە لەگەڵ یانەکەدا لەسەر هێڵ دەبێت، تاوەکو کۆتاییهاتنی بازاڕی گواستنەوەی یانەکە.
 
رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ'ی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ئاراستەی داهاتووی کارکردنی ئالیمانی لەگەڵ یانەی ئاستۆن ڤێلای ئینگلیزییە. رایگەیاندووە ئالیمانی دەبێتە بەڕێوەبەری وەرزشی لەو یانەیە کە ئێستا پلەی حەوتەمی ریزبەندی پرێمەرلیگی بەدەستەوەیە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئالیمانی دەستەوارەیەکی لە ئاستۆن ڤێلاوە بەدەستگەیشتووە کە رەتکردنەوەی قورسە، بەتایبەت کە لە رووی داراییەوە، دەستەوارەکەی یانە ئینگلیزییەکە زۆر سەرنجڕاکێشە، لە کاتێکدا دۆخی دارایی بارسێلۆنا ناسەقامگیرە و ناتوانێ هەمان بڕە پارە بداتە ئالیمانی کە ئاستۆن ڤێلا دەیداتێ.
 
ئالیمانی، بەردی بناخەی پڕۆژە نوێیەکەی بارسێلۆنا بوو، ئالیمانی ژمارەیەک گرێبەستی گرنگ و گەورەی بۆ یانەکە ئەنجامدا.
 
ئاستۆن ڤێلا لەگەڵ ئۆنای ئێمری راهێنەری ئیسپانیدا، ئاستێکی ناوازە پێشکێشدەکات لە وەرزی ئەمساڵدا و نزیکە لەوەی ساڵی داهاتوو لە یەکێک لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا بەشداری بکات.
 
پێشتر بەرپرسانی ئاستۆن ڤێلا بەڵێنیان بە ئۆنای ئێمری دابوو، ئەگەر ئاست و ئەنجامەکانی تیپەکە باش بکات، هەر یاریزانێکی بوێ بۆی بگوازنەوە.
 
وەک میدیای کەتەلۆنی دەڵێن، پێدەچێ ئێمری خۆی داوای گرێبەستکردن لەگەڵ ئالیمانی کردبێت، بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەی هەڵسانەوەی یانە ئینگلیزییەکە و هێنانی ئەو یاریزانانەی یانەکە دەیەوێت لە ساڵانی داهاتوودا بیان هێنێتە ریزەکانییەوە.
 
بەر لە هاتنی ئۆنای ئێمری، ئاستۆن ڤێلا تێدەکۆشا بۆ رزگاربوون لە ناوچەی دابەزین، ئێستا رکابەرە لەسەر گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە