"سەرۆکی ریال مەدرید منەتی هالاند و کەس نازانێت"

03-04-2022
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند فلۆرێنتینۆ پێرێز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئامادە نییە مەرجەکانی مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری کارەکانی ئیرلینگ هالاندی ئەستێرەی نەرویجی جێبەجێبکات، تەنانەت ئەگەر ئەوە ببێتە هۆکاری لەدەستدانی دەرفەتی گرێبەستکردن لەگەڵ یاریزانەکە.
 
هالاند یەکێکە لە ئامانجەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید، بەڵام ئەو بە هیچ شێوەیەک رێگە بە مینۆ رایۆلا نادات ئەو خواستەی بقۆزێتەوە و داوای زیاتر لە مافی خۆی بکات.
 
"ئەمە فلۆرێنتینۆ پێرێزە و شکۆی رێگەی پێنادات رایۆلا مەرجی بەسەردا بسەپێنێت، پێرێزێک منەتی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ نەبێت، منەتی بە هالاند و کەسی دیکەش نابێت"، ئەمە وەسفی رۆژنامەیەکی ئیسپانییە، کە لەبارەی پێرێز و رایۆلاوە کردوویەتی و دەڵێت "پێرێز ئامادە نییە هەر شتێک رایۆلا داوای بکات رەزامەندی لەسەربدات، چونکە هەمیشە بەو لۆژیکە کاردەکات کە ریال مەدرید لە هەر بەڕێوەبەری کارێک و هەر یاریزانێک گەورەترە و نابێت خواستی ریال بۆ بەدەستهینانی تواناکانی یاریزانێک، ئەگەر ئەستێرەیەکی گەورەش بێت بقۆزنەوە". 
 
هەروەها دەشڵێت "پێرێز هەر بەو بیرکردنەوەیە دەرفەتی بەدەستهێنانی تواناکانی چەندین ئەفسانەی لەدەستداوە، بەڵام لە هەڵوێستەکانی پەشیمان نییە و هێشتا هەر بەو لۆژیکە کاردەکات".
 
بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان لە ئیسپانیا، مینۆ رایۆلا بێجگە لەو پارەیەی کە پێویستە ریال مەدرید بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی هالاند بداتە یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، کە نزیکە لە 100 ملیۆن یۆرۆ، داوای 100 ملیۆن یۆرۆی دیکەش دەکات بۆ خۆی و باوکی هالاند، ئەمە بێجگە لەو پاداشتانەی بۆ یاریزانەکە داوای دەکات.
 
ئەو سەرچاوانە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رایۆلا بە دەستەوارەیەکی مانچێستەر سیتی هەڕەشەی لە پێرێز کردووە، بەڵام ئەو پێیگوتووە، ئەو مەرجانەی جێبەجێناکات و هەر لە بنەڕەتدا دانوستاندنەکان لەگەڵیدا رادەگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە