ناوبژیوانێکی پێشووی پرێمەرلیگ دەڵێت ناوبژیوانی یارییەکەی نۆتینگهام فۆرێست و لیڤەرپوول "هەڵەیەکی گەورە"ـی ئەنجامداوە

03-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مایک دین، ناوبژیوانی پێشووی پرێمەرلیگ دەڵێت، ناوبژیوانی یارییەکەی نۆتینگهام فۆرێست و لیڤەرپوول "هەڵەیەکی گەورە"ـی ئەنجامداوە، پێش ئەوەی رێدز گۆڵی سەرکەوتن تۆماربکات. 
 
لە گەڕی 27ـی پرێمەرلیگ، یانەی لیڤەرپوول بووە میوانی نۆتێنگهام فۆرێست. یارییەکە بەبێ گۆڵ مایەوە تاوەکو لە دوایین خولەکی یارییەکەدا، ماک ئالیستەری ناوەڕاستکاری لیڤەرپوول تۆپێک دەداتە داروین نونێز و ئەویش بە لێدانێکی سەر، گۆڵی سەرکەوتنی پێتۆمار دەکات. 
 
چەند خولەکێک پێش گۆڵەکەی لیڤەرپوول، تۆپ دەچێتە لای هۆدسن ئۆدۆیی یاریزانی فۆرێست، لەو کاتەدا ناوبژیوان یارییەکە رادەگرێت بەهۆی ئەوەی ئیبراهیما کۆناتێی بەرگریکاری لیڤەرپوول تووشی پێکان دەبێت، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکە، ناوبژیوان لەجیاتی ئەوەی تۆپەکە بداتەوە یاریزانانی فۆرێست،بڕیاریدا تۆپەکە بداتە لیڤەرپوول و داوایلێکردن بەردەوامی بە یارییەکە بدەن.
 
لەو بارەیەوە مایک دین دەڵێت "لە کاتی هێرشەکەی لیڤەرپوولدا، ناوبژیوان هەڵەیەکی گەورەی ئەنجامدا، کە دواتر لەو هێرشەدا لیڤەرپوول گۆڵیان تۆمارکرد."
 
دین زیاتر دەڵێت "بەپێی یاساکان، پێش راگرتنی یاری، تۆپەکە دوایین جار لای کێ بووبێت، دەبێت دوای دەستپێکردنەوەی یارییەکە بەو بدرێتەوە. تۆپەکە لای هۆدسن ئۆدۆی بوو، بۆیە دواتر دەبووایە بەو بدرێتەوە، نەوەک بە لیڤەرپوول."
 
ناوبژیوانەکەی پێشووی پرێمەرلیگ زیاتر دەڵێت "دەزانم دواتر لیڤەرپوول گۆڵی تۆمارکرد، بەڵام گۆڵەکە راستەوخۆ لەدوای دەستپێکردنەوەی یارییەکە نەبوو، بەڵکو نزیکەی دوو خولەکی بەسەردا چوو، بۆیە کاتێکی زۆر لە نێوان هەڵەی ناوبژیوان و گۆڵەکەدا هەبوو." 
 

دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، چەندین یاریزان و دەستەی راهێنەرایەتی فۆرێست گەمارۆی ناوبژیوانیاندا و گرژی و ئاژاوە درووستبوو، بەوهۆیەوە ستیڤن رێیدی یاریدەدەری راهێنەری ئەو یانەیە کارتی سووری بەڕوودا بەرزکرایەوە.
 
بەم سەرکەوتنە، یانەی لیڤەرپوول ژمارەی خاڵەکانی بۆ 63 خاڵ زیادکرد و لە پێشەنگی پرێمەرلیگ مایەوە، نۆتینگهام فۆرێستیش شەڕی دوورکەوتنەوە لە ناوچەی دابەزین دەکات و بە کۆکردنەوەی 24 خاڵ، پلەی 17ـی خولەکەی گرتووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە