کۆمان: دەتوانین ریمۆنتادا بکەین

03-03-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن رۆناڵد کۆمان ریمۆنتادا
A+ A-

رووداو دیجیتال

رۆناڵد کۆمان، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دووپاتیکردەوە کە ئەو لەتوانای تیپەکەی دڵنیایە لەبەدەستهێنانی ریمۆنتادا بەرامبەر سێڤییا.

یانەی بارسێلۆنا ئەمشەو کاژێر 23:00 بە کاتی باشووری کوردستان، لە یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، لەنێو کامپ نودا میوانداری سێڤییا دەکات، کە لە یاری چووندا یانەی ئەندەلۆسی لەسەر یاریگەی رامۆن سانچێز پیزخوان 2 - 0 لە بارسای بردووەتەوە، پێویستە بارسا بەجیاوازی 3 گۆڵ یاری ئەمشەو بباتەوە بۆ ئەوەی بگاتە یاریی کۆتایی.

لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکەدا، رۆناڵد کۆمان قسەی کرد و گوتی "ئێمە دڵنیاین لەوەی کە دەتوانین لەم یارییەدا براوەبین، سەرەڕای دۆڕانی یاری چوون بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، بەڵام دەبێت یارییەکی باش بکەین بۆ ئەوەی شیاوی بردنەوە بین، هیچ شتێک مەحاڵ نییە".

کۆمان سەبارەت بە گەڕانەوەی پێدری یاریزانی لاوی یانەکە بۆ مەشقەکان، گوتی "هەندێک شت هەیە قورسە بۆ روونکردنەوە، دوێنێ منیش سەرسام بووم، ئەو راهێنانی تاکەکەسی کرد و ئەمڕۆ بەبێ کێشە مەشقەکانی کردووە، بەڵام دەبێت تا سبەینێ چاوەڕێ بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین ناوی بخەینە نێو لیستەکە".

راهێنەری هۆڵەندی سەبارەت بە دەستگیرکردنی بارتۆمیۆی سەرۆکی دەستلەکارکێشاوەی یانەکەش قسەی کرد و گوتی "دەستگیرکردنی بارتۆمیو؟ سەبارەت بە وێنەی یانەکە، ئەوە باش نییە، دەبێت چاوەڕێ بکەین و بزانین چی روودەدات، دەبێت جەخت لەسەر کارەکانمان بکەینەوە و ئەم یارییە ببەینەو".

کۆمان لە وەڵامی پرسیارێکدا، کە پەیامی چییە بۆ یاریزانەکانی؟ گوتی "ئێمە دەزانین دۆڕان لە یاری چوون ئەنجامێکی خراپە بۆ گەڕانەوە، بەڵام شانسمان هەیە، نیشانمان داوە کە تیپێکی برسین، پێویستمان بە کاریگەری زیاترە کە لەم دواییانەدا خستمانەتەڕوو،  دەرفەتی زیاترمان لە بەرامبەرەکانمان دروستکردووە، هەروەها تۆڕی گۆڵمان بە خاوێنی پاراستووە".

لەبارەی چاڤییشەوە پرسیاریان لێکرد؟ ئایا چاڤی دەبێتە راهێنەری بارسێلۆنا؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "من نیگەران نیم و گوێ نادەمە ئەو هەواڵانە، گرێبەستم هەیە و کاتێک زانیمان سەرۆکمان کێیە؟، دەبێت ئەو رێگایەم بۆ روونبکاتەوە کە دەیەوێت، ئەوەش دەزانین کە گفتوگۆ و ناو لەسەر مێز هەن، بەڵام هەرگیز ئەوە نیگەرانم ناکات".

کۆمان لەسەر بارودۆخی ئێستای یانەکەیشی، گوتی "لە هەموو یانەکان چرکەساتی قورس و ئاڵۆز هەیە، راستە کێشەی زۆرمان هەبووە، بەڵام دڵخۆشین و هەوڵ بۆ بردنەوەی نازناوەکان دەدەین، دەزانم کە کێشە هەیە و تا دوا رۆژیشم هەموو هەوڵ و تێکۆشانێک دەکەم، جا بۆ ساڵێکی دیکە بێت یان پێنج ساڵی دیکە".

سەبارەت بە گۆڕینی شێوازی یاریکردنیشیان؟ راهێنەرە هۆڵەندییەکە گوتی "گرنگترین شت عەقڵییەتی تیپەکەیە، دەبێت هەوڵ بدەین گوشار بخەینە سەریان و بەکۆمەڵ یاری بکەین، لە دوایین یاریماندا بە 3 بەرگریکار یاریمان کرد، گرنگ ئەوەیە کاتێک تۆپ لەدەستماندا بێت بەباشی یاری بکەین، لە هەر یارییەکدا دەرفەتی زۆر بۆ گۆڵکردن دروست دەکەین،  ئەگەر بەمشێوەیە بەردەوام بین چانسی سەرکەوتنمان دەبێت".

هەروەها گوتیشی "دەکرێت بە 3 بەرگریکار یاری بکەین، تیپەکەمان زۆر هێرشبەرە و هەلی زۆر دەقۆزینەوه، لە یاریشدا چەند ساتێک هەیە بە 6 یان 7 یاریزانەوە دەگەینە ناوچەکەی بەرامبەر، هەمووی پەیوەستە بە عەقڵییەتی راهێنەر و یاریزانەکانەوە".

کۆمان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە گرنگە رێمۆنتادا بەرامبەر سێڤییا بکەن، چونکە بە قسەی ئەو، ئەو سەرکەوتنە بۆ داهاتووی تیپەکە لەم وەرزەدا گرنگ دەبێت و گوتی "پێمانوایە دەتوانین ئەو کارە بکەین، بەڵام دەبێت بیسەلمێنین".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە