کارلۆ ئەنچێلۆتی: بێلینگهام کاکام بیردێنێتەوە

02-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 
 
دوای بەراوردکردنی بێلینگهام بە زینەدین زیدان، ئەمجارەیان کارلۆ ئەنچێلۆتی بێلینگهام بە ئەفسانەیەکی دیکەی پێشووی یانەی ریال مەدرید بەراورد دەکات. 
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا جارێکی دیکە دەکەوێتە ستایشکردنی بێلینگهام و دەڵێت "بێلینگهام توانایەکی ناوازەی هەیە لەوەی لە کاتێکی دروستدا بچێتە نێو هێڵی سزای تیپی بەرامبەر و گۆڵ تۆماربکات. ئێمە رێزێکی زۆرمان بۆی هەیە بەهۆی ئەو کارانەی ئەنجامی دەدات نەوەك لەبەر گۆڵەکانی. ئەو رێزێکی زۆری لێدەگیرێت بەهۆی ئەو کارانەی لە یاریگەدا ئەنجامی دەدات کە زۆر لە گۆڵ تۆمارکردن زیاترە". 
 
دواتر ئەنچێلۆتی جارێکی دیکە دەکەوێتە داوی پرسیاری رۆژنامەڤانان و داوای لێدەکرێت بێلینگهام بەراورد بە یۆهان کڕۆیف، ئالفرێدۆ دی ستێفانۆ و زینەدین زیدان بکات، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت "من هەرگیز یاریکردنی دی ستێفانۆم نەبینیوە. لە کۆنگرەی رابردوودا بەراوردی نێوان بێلینگهام و زیدانم کرد، بەڵام پێمواییە بینینی بێلینگهام ئەو کاتەم بیردێنێتەوە کە یەکەمجار ریکاردۆ کاکام بینی. من ناڵێم بێلینگهام هاوشێوەی کاکایە، بەڵام زۆر خاڵی هاوبەشیان هەیە".
 
جود بێلینگهام بە ئاستە نایابەکەی جیهانی بەخۆیەوە سەرسام کردووە و بەو هۆیەوە ناتوانێت لە بەراوردکردن بە ئەفسانەکانی ریال مەدرید دەربازی ببێت. ئەستێرە ئینگلیزییەکە بە یەكێك لە باشترین یاریزانەکانی جیهان دادەنرێت و یەکەمین یاریزانە لە 16 یاری یەکەمیدا بتوانێت 15 گۆڵ بۆ یانەی شاهانە تۆماربکات.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە