ئەڵمانیا لە فەرەنسای بردەوە و بووە پاڵەوانی مۆندیال

02-12-2023
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەڵمانیا لە فەرەنسای بردووە و بووە پاڵەوانی مۆندیالی خوار 17 ساڵان.
 
لە یاری کۆتایی جامی جیهانی خوار 17 ساڵان، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا رووبەڕووی فەرەنسا بووەوە.
 
ئەڵمانیا بە هێرشبردن دەستی بە یارییەکە کرد و لە خولەکی 28 لە رێگەی لێدانێکی سزاوە، پاریس برونێر گۆڵی یەکەمی بۆ ئەڵمانیا تۆمارکرد و لەسەر شێوازی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی گێڕا.
 
دواتر هەردوو هەڵبژاردە چەند هەلێکی گۆڵتۆمارکردنیان درووستکرد، بەڵام هیچ کامیان سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی گۆڵی تیپی بەرامبەر و گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات. 
 
گێمی دووەم دەستی پێکرد و ئەڵمانیا هێرشەکانی دەستپێکردەوە، لە خولەکی 50 نوح دەروێش، یاریزانی بەڕەچەڵەك عێراقی و یاریزانی یانەی بارسێلۆنا توانی گۆڵی دووەم بۆ ئەڵمانیا تۆماربکات و جیاوازییەکە زیاتربکات. 
 
تەنیا دوای سێ خولەك لە گۆڵەکەی دەروێش، فەرەنسا گەڕایەوە و توانی لە رێگەی بوابرێ گۆڵی یەکەم تۆماربکات. 
 
هەردوو هەڵبژاردە لە هێرشەکانیان بەردەوامبوون، دواتر لە خولەکی 69 وینەرس ئۆساوێ، یاریزانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە کارتی سوور کرایە دەرەوە. 
 
فەرەنسا دەرکرانی ئۆساوێی قۆستەوە و لە خولەکی 85 توانی لە رێگەی ماتیس ئامۆگو گۆڵی یەکسانبوون تۆماربکات، کاتی ئاسایی یارییەکە بە دوو گۆڵ بۆ هەردوو هەڵبژاردە کۆتایی هات و یارییەکە چووە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە. 
 
لە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا توانی بە ئەنجامی 4-3 نازناوەکە بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی جیهان، ئەمە لە کاتێکدایە هەڵبژاردەکە لە مانگی شەشی ئەمساڵدا توانی بۆ چوارەمین جار ببێتە پاڵەوانی ئەوروپا کاتێك لە یاری کۆتاییدا بە هەمان شێوە بە لێدانەکانی یەکلاکەرەوە لە هەڵبژاردەی فەرەنسای بردەوە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە