رەنگە گرینوود لەپێناو پێکەوە هێشتنەوەی دایک و باوکی، بارسێلۆنا رەتبکاتەوە

02-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
مەیسن گرینوود، یاریزانی ئینگلیزی و ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتد کە ئێستا بە خواستن لە خیتافی یاری دەکات، رەنگە بەهۆی پێکەوە هێشتنەوەی دایک و باوکی بڕیاری گەڕانەوە بۆ مانچێستەر یونایتد بدات و بگەڕێتەوە ئەو یانەیە. 
 
گرینود لەگەڵ مانچێستەر یونایتد هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێش دەچوو و دەدرەوشایەوە، بەڵام لە ساڵی 2022 یاریزانەکە بە تۆمەتی تووندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی تۆمەتبارکرا و بەو هۆیەوە یانەی مانچێستەر یونایتد بڕیاریدا یاریزانەکە دووربخاتەوە. لە مانگی ئەیلولـی ساڵی دواتر، گرینوود لەگەڵ باوکی و بەڕێوبەری کارەکانی چووە ئیسپانیا و پەیوەندی بە یانەی خیتافییەوە کرد، لەکاتێکدا دایکی یاریزانەکە لە ئینگلتەرا مایەوە.
 
سەرچاوەیەک بە رۆژنامەی زە سەنی بەریتانی راگەیاند "گرینوود لە ئیسپانیا زۆر دڵخۆشە و زۆر یانەی گەورەی وەک بارسێلۆنا دەیانەوێت بیگوازنەوە، یاریزانەکە پێیوایە مانچێستەر یونایتد بەشێوازێکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵ دۆسێی دەستدرێژیکردنەکەیدا کردووە، ئەمەش وایلێکردووە هەمیشە دوودڵ بێت لە گەڕانەوەی بۆ ئەو یانەیە."
 
روونیشیکردووەتەوە کە "بەهۆی ئەوەی باوکی یاریزانەکە لەگەڵی چووەتە ئیسپانیا، ماوەیەکی زۆرە لە خێزانەکەی دوورکەوتووەتەوە و ئەوەش کێشەی لە پەیوەندییەکەیاندا درووستکردووە."
 
سەرچاوەکە زیاتر دەڵێت "ئەم دوو ساڵە بۆ خێزانی گرینوود زۆر سەختبوونە، یاریزانەکە پێیوایە کە بەشێکی زۆری کێشەکانیان چارەسەردەبن ئەگەر بگەڕێتەوە ئینگلتەرا و پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە بکات."
 
گرینوود لەم وەرزەدا لەگەڵ خیتافی لە 25 یاریدا بەشداری 12 گۆڵی کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە