سەرۆکی فیفا کارتی سوور بە کارتی شین دەدات

02-03-2024
ئاسوودە پێشەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بەکارهێنانی کارتی شین لە ئاستی بژاردەی تۆپی پێدا رەتدەکاتەوە. 
 
لە ماوەی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە کە دەستەی یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی ناسراو بە (IFAB) یاسای بەکارهێنانی کارتی شین بۆ ئاستی بژاردەی تۆپی پێ زیاد دەکات، بەپێی یاسا پێشنیارکراوەکە ئەم جۆرە کارتە کاتێك بەکاردەهێنرێت کە یاریزانێك هەڵەیەك بکات کە شایستەی زیاتر لە کارتێکی زەرد بێت و بەڵام شایەنی کارتی سوور نەبێت، کاتێکیش یاریزانێك ئەم کارتەی بەڕوودا بەرزدەکرێتەوە دەبێت بۆ ماوەی 10 خولەك یاریگە بەجێبهێڵێت و دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەی دەگەڕێتەوە یاریگە و لە یاریکردن بەردەوامدەبێت. 
 
ئینفانتینۆ لە کۆبوونەوەی ساڵانەی (IFAB) لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکان بەکارهێنانی کارتی شین رەتدەکاتەوە و دەڵێت "کارتی شین لە ئاستی بژاردەی تۆپی پێ بەکارناهێنرێت. ئەم بابەتە بۆ ئێمە بوونی نییە، فیفا بەهەموو شێوەیەک لە دژی بەکارهێنانی کارتی شینە."
 
ئینفانتینۆ زیاتر دەڵێت "ئاگاداری ئەم بابەتە نەبووم، من سەرۆکی فیفام، پێشموایە فیفا دەسەڵاتی بەشداریکردنی لە بڕیارەکانی (IFAB)ـدا هەیە، ئەگەر سەردێڕێکت دەوێت، ئەوا  'کارتی سوور بۆ کارتی شین'ـە."
 
سەرۆکی فیفا دواتر باس لەوە دەکات کە زیادکردنی کارتی شین زیان بە نەریتەکانی تۆپی پێ دەگەیەنێت، ئەو دەڵێت "ئێمە هەمیشە ئامادەین سەیری بیرۆکە و پێشنیاری نوێ بکەین، بەڵام لە هەمانکاتدا دەبێت پارێزگاری لە نەریت و رێساکانی یارییەکە بکەیت، کارتی شین بوونی نییە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە