مێسی بەرزترین میدالیای ئەمریکای وەرگرت

04-01-2025
دیاری حەسەن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

 

لیۆنێل مێسی، میدالیای ئازادی لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێ بەخشرا، بەڵام ئامادەی ئاهەنگەکە نەبوو.
 
میدالیای ئازادی، ساڵانە لەلایەن سەرۆکی ئەمریکاوە پێشکێشی چەند کەسایەتییەکی جیهانی دەکرێت، کە خزمەتی مرۆڤانەی جیهانیان کردبێت، ئەو میدالیایە بە بەرزترین میدالیای رێزلێنان دادەنرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و چەندین کەسایەتی گرنگ بەدەستیان هێناوە.
 
ستیڤ جۆبس، هێنری فۆرد، جۆ بایدن، جۆن کەنەدی و پاپا جۆنی 26م گرنگترین ئەو کەسایەتییانەن کە ئەو میدالیایەیان بەدەستهێناوە.
 
ئەمساڵ، لیۆنێل مێسی و هیلاری کلینتۆن و 17 کەسایەتی دی ئەو میدالیایەیان بەدەستهێنا.
 
ساڵی 1969، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا، ریچارد نیکسۆن، ئەو میدالیایەی بەخشییە ئەو کەشتیوانانەی توانییان بەسەرکەوتوویی لەسەر مانگ بنیشنەوە، کە پێکهاتبوون لە نیل ئارمسترۆنگ، بەز ئالدرین و مایکڵ کۆڵینز. ساڵی دواتر هەمان میدالیا بەخشرایە کەشتیوانانی کەشتیی ئاسمانی ئەپۆلۆ 13.
 
کۆشکی سپی لە نووسراوێکی فەرمیدا رایانگەیاند "لیۆنێل مێسی زۆرترین خەڵاتی بردووەتەوە لە مێژووی تۆپی پێی پیشەگەرانەدا، ئەو یاریزانە پشتگیری لە چەندین پرۆژەی تەندروستی و پەروەردە دەکات لەڕێگەی دامەزراوەی لیۆ مێسییەوە و وەک نوێنەری نیازپاکی یونیسێف کاردەکات"
 
هەرچەندە مێسی بانگێشتکرابوو بۆ کۆشکی سپی بۆ ئەوەی لەلایەن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن، خەڵاتەکەی پێ بدرێت، بەڵام ئەو ئامادەی ئاهەنگەکە نەبوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە