رووداو دیجیتاڵ
ماریۆ بالۆتێلی، ئەستێرە و هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا، بەردەوام دەبێت لە یارییکردن و میدیاکان دەڵێن، جارێکی دیکە پەیوەندی بەیانەیەکی دیکەوە دەکات.
رادیۆ کوبێی ئیسپانی، ئاشکرایکردووە بالۆتێلی لەگەڵ یانەیەکی پلە سێی ئیسپانیا رێکەوتووە و بەمنزیکانە گرێبەستەکە ئاشکرا دەکرێت.
سەرچاوەکە دەڵێ، ماریۆ لەسەر هەموو وردەکارییەکی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەرسیتی پلە سێی ئیسپانیا رێکەوتووە.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ماوەیەکە دانوستاندن لەنێوان هەردوولادا بەردەوامە، هەنگاوی گرنگ و یەکلاکەرەوە لە چەند رۆژی رابردوودا نراون بۆ ئەوەی ئەو هێرشبەرە پەیوەندی بەیانەکەوە بکات بەخۆڕایی.
ماریۆ لە یانەی ئینتەرسیتی تەنیا مووچەی مانگانە وەردەگرێت، بەڵام بڕی مووچەکە تاوەکو ئێستا ئاشکرا نەکراوە.
ماریۆ بالۆتێلی کە ماوەیەکی بەرچاوە بێ یانەیە، ئەستێرەی بەختی گەشاوەتەوە، بەهۆی کێشەی هێرشبەرێکی یانە پلە سێیەکەی ئیسپانیاوە.
رادیۆ کوبێ ئاشکرایکردووە، یانەی ئینتەر سیتی، لەناکاو دووچاری کێشەی بێ هێرشبەریی بووە، پاشئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی 'فیفا' بڕیاریدا ئیمیلینۆ نسۆی لوپێزی هێرشبەری گینیایی یانەکە بۆ شەش مانگ لە یاریکردن رابگرێت، پاشئەوەی کێشەی لە بابەتی وڵاتینامەدا بۆ دروستبوو.
یانە ئیسپانییەکە دەیەوێت بالۆتێلی قەرەبووی بێبەشبوونی لەو هێرشبەرەی بۆ بکاتەوە.
نسۆی لە دوایین پاڵەوانێتیی جامی نەتەوەکانی ئەفریقیا کە لە کۆتدیڤوار بەڕێوەچوو، پێنج گۆڵی تۆمارکرد، لە نێویاندا هاتریک لە دژی گینیا بیساو.
هەرچی بالۆتێلی تەمەن 34 ساڵە، لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە یاریی نەکردووە. پاشئەوەی لە یارییەکی یانەی ئەدەنەسپۆر، لە خولی تورکیا بەرامبەر گازی ئەنتاپ بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و تیپەکەی بە 6 - 1 یارییەکەی دۆڕاند.
ماریۆ بالۆتێلی، ئەگەرچی خاوەن بەهرە و توانایەکی گەورەبوو لە یاریگەدا، بەڵام هەموو کات بەیاریزانێکی سەرەڕۆ و سەربەکێشە مایەوە، لە چەندین یانەی گەورەی ئەوروپا یارییکرد و نەیتوانی وەک ئەستێرەیەک بدرەوشێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ