رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی خیانەتکردنەوە، هاوژینەکەی کایڵ واکەر، داوای 15 ملیۆن پاوەندی کاش لەو یاریزانە دەکات، بەرامبەر لێخۆشبوونی و بەردەوامبوونی هاوژینییان.
ئانی کیلنەری 31 ساڵ، هاوژینی کایڵ واکەری بەرگریکەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، کە خاوەنی چوار منداڵە لەو یاریزانە، داوایکردووە مێردەکەی نیوەی سامانەکەی پێبدات، تاوەکو لەو خیانەتانە خۆش ببێت، کە پێشتر واکەر کردوونی و بەهۆیەوە دوو منداڵی لە لۆرین گودمان هەیە.
میدیای ئینگلتەرا دەڵێن، واکەر خاوەنی 27 ملیۆن پاوەندە، مووچەی هەفتانەی لە مانچێستەر سیتی 150 هەزار پاوەندە. هاوژینەکەشی داوای نیوەی سامانەکەی دەکات، تاوەکو لێی خۆش ببێت.
ئانی، راوێژی بەژمارەیەک پارێزەر کردووە و ئەوان پێیانگوتووە لە ئەگەری جیابوونەوەی فەرمی لە واکەر، نیوەی سامانەکەی ئەوی پێدەبڕێت، هەر بۆیە ئێستا داوای ئەو بڕە پارەیە دەکات.
رۆژنامەی 'دەیلی مەیل'ی ئینگلیزی دەڵێ، لە ماوەی رابردوودا دەمەقاڵە و شەڕ لە نێوان واکەر و ئانیدا زیادیکردووە. ئانی مەرجی بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکەی لەگەڵ واکەردا ئەوەیە، ئەو یاریزانە نیوەی سامانەکەی خۆتی بداتێ، بەرلەوەی خۆی لە دادگا و لە میانی جیابوونەوە سامانەکە بەدەست بهێنێت.
سەرچاوەکان دەڵێن، ئانی داوای ئەو پارە زۆرە دەکات، تاوەکو هیچ بڕە پارەیەک لە سامانی واکەری هاوژینی بۆ لۆرینی خۆشەویستی نەڕوات.
لۆرین کە تەمەنی 33 ساڵە، یەکەمجار دووگیان بووە لە واکەر لە 2019 و کایرۆی کوڕیان لەدایکبوو، بەڵام دواتر واکەر لەگەڵ ئاندا پێکهاتەوە و لە 2021دا هاوسەرگیرییان کرد، بەڵام دوای ساڵێک، واکەر جارێکی دیکە پەیوەندی لەگەڵ لۆریندا داناوەتەوە و لە مانگی هەشتی 2023دا، منداڵی دووەمیان کە کچە و ناوی کینارایە، لەدایکبووە.
مانگی دوانزەی ساڵی رابردوو، لە رێگەی نامەیەکی مۆبایلەوە، ئانی بەپەیوەندی خۆشەویستیی نێوان کایڵ واکەری هاوژینی و لۆرینی زانی، پاش سێ هەفتە جیابوونەوەی خۆی لە واکەر راگەیاند.
دوای ئاشکرابوونی پەیوەندییەکە، واکەر لە لێدوانی بۆ میدیای بەریتانیا پەشیمانیی لە رووداوەکە دەربڕی و گوتی، داوای لێبوردن دەکەم چونکە دوو منداڵم لە لۆرین دروستکرد و ئازاری ئانیمدا.
لە دوای پاڵەوانێتیی یۆرۆی 2024، واکەر و لۆرین کێشە کەوتە پەیوەندییەکەیان و لۆرین پەنای بۆ دادگا برد و داوای بەشێک لە سامانی واکەر دەکات، لە کاتێکدا ئێستا ئانی هاوژینیشی هەمان داواکاریی هەیە و وەرگرتنی 15 ملیۆن پاوەندی کردووە بەمەرج بۆ لێخۆشبوون لەو هەڵە و خیانەتانەی واکەر کردوونی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ