رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید وەڵامی پرسیاری هاندەران لەبارەی گواستنەوەی ئێمباپێ دەداتەوە و باس لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا دەکات بەرامبەر مانچێستەر سیتی.
پێرێز دوای یەکلاکردنەوەی نازناوی لالیگا کە 50ـەمین نازناوی بوو وەک سەرۆکی ریال مەدرید بیباتەوە گوتی " پیرۆزبایی لە هاندەران دەکەم بۆ بردنەوەی نازناوەکە و دڵخۆشم بەوەی بووین بە پاڵەوان."
سەرۆکی ریال مەدرید لەبارەی گواستنەوەی ئێمباپێ و وەڵامی پرسیاری هاندەران لەبارەی ئەو یاریزانەوە گوتی " من هەمیشە لەسەرەخۆم، هیچ شتێک نییە بیڵێم، سپی بۆ هەموو یاریزانێک گونجاوە."
فلۆرێنتینۆ لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی " ئێستا هەموو بیرکردنەوەمان لەسەر بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپایە، دوای کۆتاییهاتنی وەرز باس لە وەرزی داهاتوو دەکەین."
سەرۆکی ریال مەدرید دەڵێت " چوارشەممە شەوێکی ئەفسوناوی دەبێت، ئێمە بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێویستیمان بە گۆڵە و هەموو یاریزانەکان چاوەڕێی ئەوەن لەو رۆژەدا یاری بکەن."
پێرێز باس لە کەریم بنزیما و ئەگەری بردنەوەی باڵۆن دۆر دەکات و دەڵێت " چامپیۆنزلیگ ببەینەوە و نەبەینەوە باڵۆن دۆر بۆ بنزیمایە، هیچ کەسێک نییە گومان لەوە بکات."
ئەم قسانەی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دوای ئەوە دێت، یانەی ریال مەدرید بەبردنەوەی لە ئیسپانیۆل نازناوی 35ـەمینی لالیگای بردەوە و رۆژی چوارشەممەش لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە، کە یاریی چوون بە 4-3 لە بەرژەوەندی یانەی مانچێستەر سیتی کۆتاییهاتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ