شیعر، ئاخافتنە بە زمانێكی جیاواز لە زمانی رۆژانە و ئاسایی. ئەگەرچی زمانی شیعر كەرەستەكانی خۆی هەر لە زمانی ئاسایی وەردەگرێ، بەڵام تێكهەڵشێلان و داڕشتنەوەی زمان لە جیهانی خەیاڵ و زەینی شاعیردا وای لێ دەكات، ئەو زمانی دەربڕینە لە زمانی ئاسایی خەڵك جیاواز بێت. كاتی خۆی فۆرمالیستەكان باسی نامۆكردنەوەی زمان یان سڕینەوەی ئاشنایەتیان كرد و گوتیان: شیعر، تۆزی خووخدە و عادەتی رۆژانە لەسەر وشە و زمان دەتەكێنێ. بۆ وێنە دەیانگوت: ئێمە راهاتووین بڵێین كە زانیی خۆشمدەوێ، گەش گەش بووەوە. گوتنی ئەو قسەیە زمانی ئاساییە و ئەگەر لە یەكێكی ببیستین، بیر لە وشەكان ناكەینەوە، بەڵكو یەكسەر بیر لە پەیامی رستەكە دەكەینەوە و تێدەگەین ئەو كەسەی باسی دەكرێ، وەختێك لە گومانی "ئاخۆ خۆشی دەوێم یان نا" رزگار دەبێ و لێی روون دەبێتەوە خۆشمدەوێ، دەستبەجێ روخساری گەش دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بڵێی: "گوڵی روخساری بە شنەبای خۆشەویستیم پشكووت"، ئیتر قسەیەكی ئاساییمان نەكردووە. گوڵی روخسار، پشكووتن، بە شنەبای خۆشەویستی. ئەو شتانە زمانەكەیان لە زمانی ئاسایی دوورخستووەتەوە. ئەگەرچی زۆر جار هەر ئەو زمانەی سەردەمێك نائاسایی بووە، لە ئەنجامی زۆر گوتنەوەدا دەسوێ و دیسان دەبێتەوە زمانێكی سواوی رۆژانە. بۆیە شاعیران بەردەوام لە داهێناندان و گەورەترین داهێنانی شاعیریش داهێنانە لە گۆڕەپانی زماندا.
شەفیعی كەدكەنی دەڵێ: شیعر رووداوێكە لە زماندا روودەدات. بەپێی ئەو بۆچوونەی كەدكەنی بێ، ئێمە لە شیعردا بێ ئەملاوئەولا پێویستە بەشوێن رووداوێكی زمانیدا بگەڕێین. رووداوێك، كە تووشی راچڵەكینمان بكات. رووداوێك پێشتر رووی نەدابێ و خوێنەر یەكەم جاری بێ بەسەریدا بكەوێ.
حافزی شیرازی دەڵێ، بەسەرهاتی عیشق و خۆشەویستی لە بنەبانی مێژووەوە تا ئێستا هەر یەك بەسەرهاتە، بەڵام سەیرە، لە هەر زمانێكەوە گوێمان لێ دەبێتەوە، تازەیە و دووبارە نییە. كەوابوو شیعر نابێ بە زمانێكی سواو و دووبارە بۆمان بدوێ. ئینجا بۆ ئەوەی دووبارە نەبێ، پێویستە رووداو بخوڵقێنێ، ئاخر مرۆڤ تەنیا بە دیتنی رووداوەكان رادەچڵەكێ. رووداوی كوژران و كوشتنی مرۆڤەكان تەنیا لە مەرگدا هاوشێوەی یەكن، ئەگینا لێكجیاوازن و هەركام بەشێوازێكی جیاواز لەویتر روودەدەن، بۆیە هەموو رووداوێك تووشی راچڵەكین و سەرسوڕمانمان دەكەنەوە. كەوابوو رووداوی زمانیش دەبێ نوێ بێ و داهێنەرانە بێت. مرۆڤ كە بیر لە رووداو دەكاتەوە، یەكەوڕێ مێشكی بەلای ئەو رووداوانەدا دەچێت كە لە دنیای دەوروبەریدا روودەدەن، بەڵام رووداوی ئەدەبی، بریتین لەو بەرهەمانەی زۆربەی كات لە ژێر كاریگەریی ئەو رووداوانەی دەوروبەرماندا دەبنە رووداوێكی زمانی و لە فۆرمی چیرۆك و رۆمان و شیعردا دێنەوە بەرهەم و ئێمە بە خوێندنەوەیان چێژێكی ستاتیكی وەردەگرین. بەو پێیە دوو رووداومان هەیە:
1ـ ئەو رووداوانەی لە جیهاندا دەقەومێن و روودەدەن.
2ـ ئەو رووداوانەی لە ژێر كاریگەریی ئەواندا ناخی شاعیر و نووسەر دەهەژێ و رووداوێكی زمانی دەخوڵقێنن. بەتایبەتی شاعیر ئەو رووداوەی لە جیهانی واقیعدا روویداوە، دەكاتە هەوێنی شیعرێك و بە زمانێكی جیاواز لە زمانی شاعیرانی پێش خۆی و بە داڕشتنێكی نوێوە رووداوەكەمان بۆ دەگێڕێتەوە. بۆ وێنە، لە بۆردومانێكدا منداڵێك دەسووتێ، خەڵك دەڵێن منداڵێك سووتا... لێرەدا تەنیا هەواڵێكی دڵتەزێن دەبیسین بە وشە و رستەگەلێكی ئاشنا كە تێیاندا ئێمە تەنیا بیر لە پەیامی رستەكە دەكەینەوە و دەپرسین: كەی؟ چۆن؟ بۆچی؟ ئەی ئاخری؟ بەڵام شاعیر دەڵێ: خونچە هەڵپڕووكاون. لێرەدا ئێمە لەگەڵ رووداوێكی زمانی رووبەڕووین. رووداوێك كە لەبری ئەوەی هەست بكەین هەواڵێك دەبیسین، وێنەیەكمان دێتە بەرچاو. وێنەیەك كە تێیدا بەر لە واتای رستەكە، وشەكان گرینگن. پێوەندیی نێوان پاژ و كۆی وشەكان پێكەوە و لە پێوەندیی لەگەڵ سەرلەبەری دێڕەكەدا.
هەر بۆیە، ئەوەی لە شیعردا زۆر گرینگە زمانە. زمانی شیعر، جیهانێكی زیندووە. زمانی شیعر، زمانی گەیاندنی هەواڵ یان بەدرۆخستنەوەی هەواڵ نییە و لە پێناو مەبەستێكی دیاریكراودا نییە، بەڵكو وشە بە وشەی مەبەستێكی تایبەت و جیهانێكی تایبەتە.
تا دێم ئەو گوڵە سپیانە مەنێژن
با لەو دێڕە شیعرەی شێركۆ بێكەس وردبینەوە و ئەوەی لە سەرەتای ئەم بابەتەدا وەك تیۆری خستوومانەتە روو، بە كردەوە پیت و وشە و دواجار سەرلەبەری دێڕەكەی پێ هەڵسەنگێنین و شیی بكەینەوە. كارەسات و رووداوە تاڵەكەی 16ی مارسی 1988 كە تێیدا پێنج هەزار كەس لە هەڵەبجە شەهید بوون، رووداوێكی زمانی لە ناخی شاعیردا دەخوڵقێنێ. تێیدا شێركۆ بە زمانی شیعر قووڵایی كارەساتەكەمان بۆ دەگێڕێتەوە. هەر لە سەرەتاوە زمانی گێڕانەوەكە زمانێكی قووڵ و جیاوازە لە زمانی ئاخاوتن. هەر لەو شوێنەوە كە دەڵێ:
دڵۆپ دڵۆپ باران گوڵ دەنووسێتەوە
شێركۆ ناڵێ، باران تینوێتیی گوڵ دەشكێنێ. دەڵێ باران گوڵ دەنووسێتەوە. نووسینەوە واتە گیان وەبەرنان. باران گیان وەبەر گوڵ دەنێ. گوڵ بە باران دەبووژێتەوە و وشە بە نووسین.
لە دێڕی "تا دێم ئەو گوڵە سپییانە مەنێژن"ـدا، پێویستە پتر ورد بینەوە بۆ ئەوەی مەبەستەكەمان وردتر بپێكین.
یاكوبسۆن پێیوایە شیعر لەسەر بنەمای تەوەری "جێنشینی" دامەزراوە. واتە جێگرتنەوە یان خوازە بە كۆڵەكەی شیعر دەزانێ. لێرەدا گوڵ، جێی منداڵی گرتووەتەوە. گوڵ هێمای تەمەنی كورت و ناسكی و بێگەردی و پاكییە. سپی، دیسان هێمای پاكی و بێگەردییە. لەلایەكیش دەڵێین منداڵ وەك پەڕی سپی وایە و چیی لەسەر دەنووسیت بنووسە. ئەی بۆچی ناڵێ گوڵی سوور؟ دەی خۆ لە زمانی ئاسایی خەڵكدا بە شەهید دەڵێن سوورخەڵات، ئەدی بۆچی لێرەدا ناڵێ سوورخەڵات؟ چونكە شەهیدەكانی هەڵەبجە، بە فیشەك شەهید نەبوون و بەبێ ئەوەی خوێنیان لێ بێت، گیانیان لێ ئەستێنرا و كفنی سپییان پۆشی. هەر بۆیەش دەڵێ: ئەو گوڵە سپییانە. بۆ وێنە ئەگەر شاعیر گوتبای راوەستن هەتا دێم ئەو منداڵانە كە تەمەنیان وەك تەمەنی گوڵ كورت بووە مەنێژن، ئەو كات ئێمە گوێمان لە قسەیەكی ئاسایی دەبوو، بە زمانێكی ئاسایی و سواوی رۆژانە. هەر لێرەشەوەیە كە دەڵێن ماناكردنەوەی شیعر و داڕشتنەوەی بە زمانی پەخشان، شیعرییەتی دەقەكە ناهێڵێ و ئیتر ئەوكات لە شیعریەت دەكەوێ. كەوابوو ئەوەی ئەم داڕشتنەی كردووەتە شیعر، زمانەكەیەتی. زمانێك كە لەلایەك خەڵكی ئاسایی ئاوا پێی نادوێن، كەچی وشەكانیشی لە زمانی خەڵكی ئاسایی هەڵێنجراون. "دێم، گوڵ، سپی، ناشتن/مەنێژن".
گوتمان، وشە لە زمان و دەقی شاعیرانەدا وشەیەكی ئاسایی نییە، بگرە فرەڕەهەندە. شیعر، زمان لە تاكڕەهەندبوون رزگار دەكا و دەیكاتە شتێكی فرەڕەهەند. ئەوە ئەركی ڕەخنەگرە، رەهەندە شاراوەكانی دەق/ زمان/ وشە بۆ خوێنەر ئاشكرا بكات.
وشەی گوڵمان تاوتوێ كرد، با بێینە سەر ناشتنەكە. ناشتن دوو واتای هەیە، یەكەمیان بەخاك ئەسپاردنە و دووەمیان چەقاندن و چاندنی نەمام و تۆوە. مەسەلێك هەیە دەڵێ: تۆو هەتا نەمرێ و لە خاكدا نەنێژرێ، چەكەرە ناكا و شین نابێتەوە. لێرەشدا شاعیر ناشتنەكەی بە واتای چاندن و چەقاندن هێناوە. وەك لەسەرەتادا بە گوڵیان دەشوبهێنێ. ئاخر تۆ كە نەمامێك دەنێژیت، بە مەرگی ناسپێریت، بەڵكو بۆ شینبوونەوە و هەڵدان و گەیشتن و بەرگرتنی دەنێژیت. تا ببێ بە داری بەری و هەم لە سێبەریدا بحەسێیتەوە و هەم بەروبووەكەی بخۆی. شێركۆ لێرەدا دەڵێ: ئەو گوڵانە نەمردوون، بگرە تۆوی خەباتێكن، كە رۆژێك تەنانەت ئەم بە رواڵەت مەرگەیش دەبێتە دارێك، نیشتمان لە سێبەریدا دەحەسێتەوە و میللەت بەروبووی هەڵدەگرێتەوە.
داریوشی ئاشووری لە كتێبی شیعر و هزردا دەڵێ: شاعیر وردە شیعری پەرشوبڵاوی نێو جیهان كۆدەكاتەوە و پێكیانەوە دەنێتەوە و دەیانكاتە شیعرێكی تۆكمە و كاریگەر. هەر لەوێیشەوە یەكسەر دەڵێ: گەوهەری شیعر خەیاڵە. مەبەستی ئەوەیە، تۆ خەیاڵ لە شیعر بستێنیتەوە، هیچی پێوە نامێنێ. ئەو زمانەی گوتمان لە سایەی شیعرەوە دەبێتە جیهانێكی زیندوو و فرە مانا، ئەو زمانە لە سایەی خەیاڵی شاعیرانەوە وا قووڵ دەبێتەوە. ئاخر خەیاڵی شاعیر، منداڵێكی گیان لێ ئەستێنراوی دەستی غەدر دەكاتە گوڵی سپی. زمان لە سایەی خەیاڵەوە گیانی بە بەردا دێ و دەبێتە جەستەیەكی زیندوو. هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە كە خوێنەر زۆر جار پێش ئەوەی بیر لە پەیامی شیعرەكە بكاتەوە، سەری لە پێكهاتەی رستە و زمانەكەی سوڕدەمێنێ و ئەو فرەڕەهەندبوونی زمانە وای لێ دەكات چێژ وەربگرێ، هەر ئەوەشە شیعر لە قسەی ئاسایی جیا دەكاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ