پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان

01-06-2023
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
نیشانەکردن نەوت وزە
A+ A-
 
بەرایی
 
ئەم مانگانە، پڕۆژە ستراتیژییەکانی کەرتی نەوت و گاز لە عێراق قۆناخێکی نوێیان بەخۆیانەوە بینی، بەتایبەتیش لە بوارەکانی گەڕان بەدوای کێڵگەی نوێی نەوت و گاز، هەروەها پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکان و کەمکردنەوەی سووتانی گازی هاوەڵ و وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکاندا. هەموو ئەمانەش لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە ئەنجامنەدراون، بەڵکو لەلایەن هەموو جیهانەوە بوون، چونکە لەلایەک چین و رووسیا مۆڵەتی پەرەپێدانی کێڵگەکان وەردەگرن، لەلایەکی دیکەش کۆمپانیاکانی ئەمریکا و فەرەنسا گرێبەستی وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی واژۆ دەکەن، ئەمە جگە لە کۆمپانیا ئیماراتی و قەتەرییەکان، کە پشکی وەبەرهێنان لە کێڵگە گازی و نەوتییەکان دەکڕن. هەروەها سعودیە و ئێرانیش رۆژ بە رۆژ هاوئاهەنگییە ئابوورییەکان، بەتایبەت لە بواری وزە لەگەڵ عێراقدا پێشدەخەن.
 
لەڕاستیدا، ئەم وەرچەرخان و هەڵکشانەی لە کەرتی وزەی عێراقدا روودەدات، پەیوەندی بە گۆڕانکاری لە سیستەمی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت و گازی عێراقدا هەیە، ئەویش دوای دوو دەیە نەتوانرا لەنێوخۆوە دەستەبەر بکرێت، بۆ نموونە لەڕووی گازی سرووشتییەوە عێراق خاوەنی 131 تریلیۆن پێ سێجایە، کە رێزبەندیی دوانزەیەمینی لە ئاستی جیهاندا گرتووە، بەڵام ساڵانە بە بەهای سەروو 10 تریلیۆن دینار، لە دەرەوە گاز هاوردە دەکات و دووەم وڵاتە بۆ سووتانی گازی هاوەڵ و، ساڵانە 17.3 ملیار پێ سێجا دەسووتێنیت (بەفیڕۆدەدات) کە بەهاکەی ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار. 
 
لە رۆژانی رابردوودا عێراق شەشەم خولی موڵەتپێدانی پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی بڵاوکردەوە، کە بەگوتەی وەزیری نەوت، چاوەڕواندەکرێت لە هەفتەکانی داهاتوودا رابگەیەنرێت، هەروەها هاوئاهەنگی سعودیە و عێراق لە کەرتی وزەدا گەیشتووەتە ئاستێک، کۆمپانیای ئارامکۆی سعودیە وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی عەکاس لە پارێزگای ئەنبار بکات و بەرهەمی رۆژانەی لە یەک ساڵدا بگەیەنێتە 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، ئەمەش سەرەڕای وەبەرهێنانی سێ ملیار دۆلار لە 6 سێکتەری دیکەدا لە عێراق.
 
هەروەها، عێراق کرانەوەیەکی خێرا و پەلهاویشتنێکی بێ وێنەی وەبەرهێنانی لە سێکتەرە ستراتیژییەکان بەخۆیەوە دەبینێت، بەشێوەیەک رێگای ئاسنین - وشکانی لەگەڵ سعودیە، تورکیا و ئێران دەکاتەوە و بەهێڵی ئاسنین عێراق بە دراوسێکانییەوە دەبەستێتەوە، کە داینەمۆی ئەم گۆڕانکارییانەش وزەیە.
 
رۆژی 24ـی کانوونی دووەمی 2023، وەزیری نەوتی عێراق لەکاتی سەردانی بۆ کۆمپانیای گەڕانی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی گەڕانەکانی ئەم دواییەوە 6 ملیار بەرمیل نەوتی نوێ و 32 ملیار پێ سێجا گاز بۆ سەر یەدەگی نەوت و گازی عێراق زیادیکردووە، لەکاتێکدا لە هیچ لەم پرۆژانەدا هەرێمی کوردستان نییە و بگرە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگە، هەناردەی نەوت راگیراوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگەکان وەستاوە و، کۆمپانیاکان بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن، کە خەریکە چاوەڕوانییەکان بەرەو کۆتایی دەڕۆن.
 
ئەمساڵ بەگشتی و مانگی ئایار، عێراق و هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆیانەوە بینی، بەشێوەیەک جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە لەڕووە سیاسی، ئابووری، یاسایی و هتد، بەڵام لێرەدا بەتەنیا گەنگەشەی ئەو دیوەی پەیوەستە بە وەبەرهێنان لە نەوت و گاز دەکەین.
 
وەبەرهێنان لە وزە؛ پێشبڕکێی کۆمپانیاکانی وڵاتان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە عێراق
 
وەبەرهێنانی کەرتی وزە لە عێراق بەتەنیا بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی نێوخۆ نییە، چونکە ئەوەی دەبینرێت لە ساڵانی داهاتوودا دەگاتە دووهێندە و سێ هێندە لە پێداویستیی نێوخۆ، بۆیە ئێستا عێراق رێگای کرانەوە و بەستنەوەی رێگاکانی بە دەرەوەی خۆی گرتووتەبەر، بەشێوەیەک رۆژی 27ـی ئایاری 2023، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا و لە کۆنفرانسی "پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان"، کە هەندێکجار بە پڕۆژەی کەناڵی وشکانی" ناودەبرێت، رایگەیاند "عێراق پلانی پرۆژەی گواستنەوەی ناوچەیی بە بڕی 17 ملیار دۆلار دەخاتەڕوو، کە ئامانج لە پرۆژەکە، ئاسانکارییە بۆ گواستنەوەی کاڵا لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا". 
 
هەروەها، بەستنەوەی هیندستان - عێراق - سعودیە، کە بەندەری دەمامی سعودی ناوەندەکەی دەبێت لەنێوان هەردوو بەندەری ئاوی موندرای هێندی و ئوم قەسری عێراق، ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە؛ عێراق بۆ بەستنەوەی بە دەرەوە، تەنیا کاڵا کە دەتوانێت هەناردەی بکات، نەوتە. 
 
رۆژی 25ـی ئایار 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کۆمپانیای ئارامکۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی گازی عەکاس لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار دەکات، بەڵام هەر زوو روونکردنەوەیەکیشی بڵاوکردەوە کە "لێکۆڵینەوە لە میکانیزمەکانی هاوبەشی" دەکاتەوە، ئەگەر ئارامکۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکەدا بکات، ئەوا لەماوەی ساڵێکدا ئاستی بەرهەمهێنانی گاز لە 60 ملیۆن پێ سێجا بەرزدەکاتەوە بۆ 400 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا، وەکو لە خشتەی 1ـدا هاتووە.
 
هەمان رۆژ، سندووقی وەبەرهێنانی گشتیی سعودیە PIF کۆمپانیایەکی وەبەرهێنانی هاوبەشی سعودی – عێراقی کردەوە، بەشێوەیەک سەرەتا بە بڕی 3 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە کەرتەکانی خانووبەرە، ژێرخان، تەندروستی، خۆراک، کانزا و کشتوکاڵ دەکات و ئامانجیەتی بەرزی بکاتەوە بۆ 24 ملیار دۆلار.
 
کێڵگەی گازی عەکاس کە بە سەلاحەدین ناسراوە، دەکەوێتە 30 کیلۆمتەر لە باشووری شاری قائیم لە سنووری سووریا، لەساڵی 1992 دۆزراوەتەوە، وا دەخەمڵینرێت خاوەنی 5.6 تریلۆن پێ سێجا گازە، کێڵگەکە 30 کیلۆمتەر درێژە و 12 کیلۆمتەر پانە، کۆمپانیای کۆگاز (کۆمپانیای گازی کۆری) Kogas خاوەنداریێتی 75% دەکات، مانگی ئادار 2023 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پشکەکانی کۆگازی وەرگرتەوە و رۆژی 25ـی ئایار وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند خەریکی رێککەوتنن لەگەڵ ئارامکۆ بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە گازییەکەدا.
 
پەرەپێدانی کێڵگەی گازی عەکاس و کێڵگە نەوتی و گازییەکانی نەینەوا، سەلاحەدین قۆناخێکی نوێیە بۆ پیشەسازی نەوت و گاز لە عێراق، کە ئێستا شیعە لەو رێککەوتنەی بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوویان پەشیمان بوونەتەوە.
 
ئێستا، ئەگەر تەماشەیەکی نەخشەی گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بکەین، بەڕوونی دەردەکەوێت کێڵگە و بلۆکە نەوتی و گازییەکانی نێوەڕاست و باکووری عێراق بە بێ هەرێمی کوردستان لەپێشەوەن، کە سەرچاوەی کێڵگەکان بەشێوەیەکە ئێستا باس لە گەڕانەوەی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمریکی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای نەینەوا هەیە.
 
پەرەپێدان و واژۆکردنی رێککەوتنەکان لە عێراق بۆ نەوت و گاز بەشێوەیەک وێنای داهاتووی عێراق لە نەخشەی نەوت و گاز دەکات، کە ئێستا جیهان خۆی بۆ قۆناخێکی نوێی ئاسایشی وزە ئامادە دەکات، هەربۆیە رۆژی 10ـی نیسانی 2023، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگەیاندراوێکدا پێشوازیی لە پێشکەوتنەکانی کەرتی وزەی عێراق کرد، کە ئامانجی ئەو رێککەوتنە نوێیانەی عێراق بوو لە بواری وزەدا، بەتایبەتیش رێککەوتنی هەولێر و بەغدا، لەگەڵ رێککەوتنی وەزارەتی نەوت و تۆتال ئینرجی، هەروەها خۆشحاڵی خۆشیان بە هاتنە ناوەوەی کۆمپانیا قەتەری، سعودی و ئەمریکییەکان کە رۆڵی گرنگیان لەم پرۆژانەدا هەیە، دەربڕی. هەروەها، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە کۆنفرانسی نەوت و گازی عێراقدا رایگەیاندبوو "خۆشحاڵین بە دەرفەتەکانی گەشەکردن لە عێراق".
 
پێویستە ئاماژە بەوەش بدەین، ئەم هەگبەیەی پەرەپێدانی کەرتی وزە، تەنیا بەرهەمهێنانی نەوت و گاز نییە، بەڵکو شۆڕشێکی دیکەش لە بنیاتنانی پاڵاوگە دەستیپێکردووە. بۆ نموونە رۆژی شەشی نیسانی 2023، ئەنجوومەنی نیشتمانیی وەبەرهێنانی عێراق وردەکاریی سێ پرۆژەی لە کەرتی پاڵاوگەی نەوتی بڵاوکردەوە، کە ئەوانیش پرۆژەکانی: پاڵاوگەی ناسریە، لە پارێزگای زیقار بە توانای پاڵاوتنی 150 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، پاڵاوگەی کوت لە پارێزگای واست، بە توانای پاڵاوتنی 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، پاڵاوگەی سەماوە، لە پارێزگای موسەننا بە توانای پاڵاوتنی 70 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا. لەکاتێکدا، رۆژی 3ـی نیسان، سەرۆکوەزیران پاڵاوگەی کەربەلا کردەوە، کە توانای 140 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێکدا بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە، پاڵاوگەکە چوار ویستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە توانای 200 میگاوات تێدایە.

 

 
 
موڵەتپێدان و گرێبەستە نوێیەکان؛ دەرفەتەکانی گەڕان و پەرەپێدانی کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە عێراق

 

رۆژی 23ـی ئەم مانگە لە دەوحەوە وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بە تەواوبوونی کارەکانی شەشەم خوولی موڵەتپێدان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی عێراق کرد و گوتی "بەمزووانە و لەماوەی 4 بۆ 6 هەفتەی داهاتوودا خوولی شەشەمی موڵەتپیدانەکان کە زیاتر ئەو کێڵگانە دەگرێتەوە لە سنووری سعودیە و سووریا، بڵاودەکەینەوە".
 
عێراق خولی موڵەتپێدانی بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکان لە 2009ـوە دەستپێکردووە و بڵاودەکاتەوە، بەشێوەیەک لە یەکەم خول لە ساڵی 2009ـدا 35 کۆمپانیای نێودەوڵەتی بەشدارییان کرد بۆ وەرگرتنی موڵەتی پەرەپێدانی 6 کێڵگەی نەوتی و دوو کێڵگەی پەرەپێنەدراوی گازی، کە لەکۆتاییدا گرێبەستەکانی کێڵگەکانی رۆمیلە، ویست قوڕنە 1 و زوبێر و گرووپی کێڵگەی میسان واژۆکرا.
 
لە خولی دووەمدا و لە هەمان ساڵ، 7 گرێبەستی نوێ بۆ پەرەپێدان و گەڕان واژۆکران، لە ساڵی 2010، سێیەم خولی موڵەتپێدانی 3 کێڵگەی گازی تەندەرینی بۆ کرا و موڵەتی پێدرا کە کێڵگەی سیبا و مەنسووریەی لەخۆدەگرت، لە چوارەم خولی موڵەتپێداندا لە ساڵی 2012، موڵەتپی گەڕان لە چوار بلۆک، لەکۆی 9 بلۆکی نەوتی و گازی بۆ گەڕان، درا.

 

ئەگەر سەیری ئەو پەرەپێدانەی نەوت و گاز لە عێراق بکەین، ئەوا بەڕوونی دەردەکەوێت؛ کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی هەنگاوی گەورە دەنێت و گرێبەستەکان واژۆ دەکات، بۆ نموونە خولی پێنجەمی گرێبەستەکان لە ساڵی 2018ـوە راگیرابوو، لەکاتێکدا ئەم گرێبەستانە دەتوانن لەماوەی 15 مانگدا رێژەی یەک لەسەر چواری ئەو گازەی عێراق لە دەرەوە هاوردەی دەکات، کەمبکەنەوە و لەماوەی 3 ساڵی داهاتوودا کۆتایی بە هاوردەکردنی گاز بهێنن، بەمەش ساڵانە 10 تریلیۆن دینار بۆ بودجەی عێراق دەگەڕێنێتەوە کە ئێستا بۆ هاوردەکردنی گاز تەرخانی دەکات، موڵەتپیدان و گرێبەستەکانیش بەمشێوەیەن کە لە خشتەی دووەمدا هاتوون.  

 

 
لە درێژەی ئەم تریندەدا، رۆژی 17ـی ئایاری 2023، وەزارەتی نەوتی عێراق کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی کەرتی وزەی بانگهیشتکرد بۆ پەرەپێدانی کێڵگەی نەوتی، کە هاوپێچی شەشەم خولی موڵەتپێدانی گرێبەستە نەوت و گازییەکانە لە عێراق. لەم خولەدا 13 بلۆکی گەڕان لە سەرتاسەری عێراق دووبارە بەبێ هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە ئامانجی ئەم خولە، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گازە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان. بەپێی زانیارییەکانی خشتەی سێیەم، 4 کێڵگە پێشتریش هەبوون و بۆ هیچ کۆمپانیایەک دەرنەچوون، بەڵام 9 دانەیان دەرفەتی نوێن و تاوەکو 15ـی حوزەیرانی 2023 کۆمپانیاکان دەتوانن تەندەر پێشکیش بکەن.

 

 
خەرجییەکانی وەزارەتی نەوت لە بودجەی 2023 عێراق
 
پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، کە ئێستا بەهۆی دەستکاری لە ماددەکانیدا لەلایەن لیژنەی داراییەوە پەکی کەوتووە، بەپێی رەشنووسەکە رێژەی 21%ـی بۆ کەرتی وزەیە کە دەکاتە 41.26 تریلۆن دینار و بەرزترین رێژەیە لە کۆی هەموو سێکتەرە جیاوازەکاندا، کە بە تەنیا 20.9 تریلۆنی بۆ وەزارەتی نەوتە و 16 تریلۆن دینار وەک بودجەی وەبەرهێنان دانراوە بۆ ئەم وەزارەتە، لەکاتێکدا تەنیا 1.4 تریلۆن دیناری وەک خەرجی بەرهەمهێانی نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دانراوە، واتە هیچ بڕێک لەو 16 تریلۆن وەبەرهێنانە بۆ کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان نییە، هەرچەندە بە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بەشداریی لە 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردەکردنی عێراق بۆ دەرەوە دەکات.
 
بەپێی پرۆژەیاسای 2023، بۆ دوو ساڵی داهاتوو هیچ بڕە پارەیەک بۆ وەبەرهێنان و گەڕان و پەرەپێدان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دانەنراوە، سەرەڕای ئەوەش دەستکاری ئەو دوو مادەیە کراوە کە لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا هەن.
 
هەروەها، بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی دارایی عێراق، لە کانوونی دووەمی 2023 تاوەکو کۆتایی ئاداری 2023، خەرجیی وەزارەتی نەوتی عێراق 447 ملیار دینار بووە، کە 197 ملیاری وەبەرهێنان بووە لەم کەرتەدا.
 
ساڵی رابردوو، خەرجی وەزارەتی نەوتی عێراق 3.3 تریلۆن دینار بووە، کە 1.3 تریلۆن وەبەرهێنان و 1.9 تریلۆن دیناری خەرجی بووە، لەو پارەیەی خەرجی بووە، 24.1 ملیار دیناری بۆ مووچەی کارمەندانی کۆمپانیاکان بووە، لەکاتێکدا کەرتی نەوتی عێراق لەلایەن کۆمپانیاکانی سەر بە دەوڵەتەوە بەڕێوەبردرێت، بەڵام ئەم تریندەی لەم مانگانەدا دەبینرێت بەرەو کەمبوونەوەی رۆڵی کۆمپانیاکان و پشکداری کۆمپانیا گەورەکان دەڕوات.
 
راستییەکی دیکەش پەیوەستە بە داهاتی ئەم کەرتە بۆ عێراق، بۆ نموونە  لەدوای 2003ـوە عێراق زیاتر لە 1 تریلۆن داهاتی نەوتی هەناردەکراوی هەبووە و بەتەنیا ساڵی رابردوو  154 تریلۆن دینار داهاتی نەوت بووە، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی 7.6 تریلۆن بووە، واتە زیاتر لە 20 هێندە کەمتر بووە.
 
کۆتایی
 
ئەم سیاسەتە نوێیەی عێراق دەرفەتی نوێی وای هێناوەتە ئاراوە، نەک تەنیا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، بگرە کۆمپانیاکانی وڵاتانیش ئەو کۆمپانیایانەی حکومەتەکان خاوەنداریێتیان دەکەن، وەبەرهێنانی تێدا بکەن، ئەمەش لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا تەواو جیاواز بوو، هەرێمی کوردستان ئەو ژینگە و شوێنە بوو، کە ئەم جۆرە دەرفەتانەی دەخستەڕوو.

 

هەروەها، پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین ئەم پێشکەوتنانەی کەرتی نەوت و گازی عێراق لەکاتێکدان، بەپێی دوایین راپۆرتی بانکی جیهانی بۆ بەدواداچوونی بۆ سووتانی گازی هاوەڵ و بەفیڕۆدانی عێراق لە رێزبەندیی ئەو 9 وڵاتەدایە، کە زۆرترین سەرمایەی گاز بەفیڕۆدەدات.
 
هەروەها، بەپێی زانیارییەکان چاوەڕواندەکرێت کۆمپانیا گەورەکانی وەک شیڤرۆنی ئەمریکی وەبەرهێنان لە کێڵگە نەوتییەکانی نەینەوا بکات، بەمشێوەیەش وەبەرهێنانی نەوت و گاز لە پارێزگاکانی باکووری عێراق و ناوەڕاست بە بێ هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناخێکەوە کە ئەوەی هەرێمی کوردستان بە دەیەیەک بڕی، بەچەند ساڵێک ببڕێت.
 
لەکۆتاییدا، ئەم گەشەسەندنانەی عێراق لە کەرتی وزە و بەتایبەتیش نەوت و گاز، جێگەی تێڕامانن، بەتایبەتی بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی پشکداریی کۆمپانیاکان و گرێبەستی هاوبەشیکردن لە وەبەرهێناندا، ئەگەر پێشتر هەرێمی کوردستان ئەم تایبەتمەندییانەی هەبووبێت، ئێستا عێراق هەیەتی، پێویستە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا خۆی رێکبخاتەوە، یاخود ستراتیژیێکی نوێ پەێڕەوبکات، کە زیاتر لە دەیەک عێراق رکابەری لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، دواجار دوای کۆنترۆڵکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەمان ئەو هەنگاوانەی ناوە کە دوو دەیە لەمەوپێش هەرێمی کوردستان بۆ هێنانی سەرمایەی دەرەکی و وەبەرهێنان لەم کەرتەدا دەگرتەبەر، بۆیە جیاوازییەکان زۆرن، پێویستە پێداچوونەوە بکەین بە ستراتیژی مانەوە و پەرەپێدانی نەوت  و گازی هەرێمی کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. گه‌نجۆ خه‌سره‌و، دكتۆرا له‌ جیۆپۆڵەتیك و مامۆستا له‌ زانكۆی كۆیه‌

سه‌رژمێری، دواچه‌قۆی‌ مه‌رگ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانییه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له‌‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون‌ و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه‌،‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له‌ دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگرن.