بێکاری، وەک پڕۆژەیەکى سیاسى

29-10-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
لەنێو هەموو سیستەمە سیاسییەکانى دونیادا، خاڵێکى هاوبەش هەیە کە پێکیانەوە دەبەستێتەوە، ئەویش کۆنترۆڵکردنى کۆمەڵگەیە. هەموو دەسەڵاتەکان لەوپەڕی دیموکراسییەوە بۆ رژێمە تۆتالیتاری و دیکتاتۆرییەکان، ئامانجیان ئەوەیە کۆمەڵگە کۆنترۆڵ بکەن. جیاوازییەکانیان لە میکانیزمەکانى گەیشتنە بەم ئامانجە. هەیانە لە رێگەى چەسپاندنى وەک یەکى و دادى کۆمەڵایەتییەوە کارى بۆ دەکات، هەیە لە رێگەى زەبروزەنگى یاساوە، هەیە بە ستەم و سەرکوتکاری، هەن بە رێگەى رەفاهیەت و دەستەبەرکردنى پێویستى و خواستەکانى هاووڵاتیان، بە دامەزراوەیى دەستووریى و دیموکراسى.
 
بەڵام ئەوەى عێراق لە هەموو دونیا جیادەکاتەوە و نایبەستێتەوە بە هیچ کام لەو مۆدێلانەوە لە جیهاندا پەیڕەودەکرێن، ئەوەیە عێراق لە رێگەى بێکارکردن و هەژارکردنى خەڵکەوە دەیەوێ کۆنترۆڵیان بکات. بەدیاریکراویش ئەو بەشانەى کۆمەڵگە کە دیاریکراون بۆ پاوانکردن. پێچەوانەى ئەو پەند و بۆچوونانەى کە دەوترێت (برسێتى رەگى هارى پێوەیە)، عێراق برسێتى کردووە بە ئامرازى رامکردن و کۆنترۆڵکردن. تاکە دەوڵەتە لەدونیادا لەبرى رەخساندنى هەل و دەرفەتى کار بۆ خەڵکەکەى، بێکارى وەک پرۆژەیەکى سیاسى بەکاردەبات، تا هاووڵاتییەکانى لەپێناوى ژیاندا ناچاربن ببن بە بەشێک لە ستراتیجىی دەوڵەت.  
 
زانایەکى دەروونناسى ئەمریکى هەیە بەناوى (ئەبراهام ماسلۆ) لەنێوان سێ چارەکى سەتەى بیستەمدا ژیاوە، تیۆرییەکى داهێنا بەناوى (هەرەمى هەڵگەڕاوە)، ئەم زانایە پێچەوانەى تیۆری دەروونناسەکانى پێش خۆى پێداویستییەکانى مرۆڤى بە جۆرێکى دیکە قۆناخبەند کرد. ئەو پێى وایە مرۆڤ پێش ئەوەى بەدواى ئارامى و سەلامەتیدا بگەڕێت، یان وەک ئەوەى دەگوترا مرۆڤ بوونەوەرێکى کۆمەڵایەتییە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سۆزدارییەکانى بناغەى ژیانى مرۆڤن، ئەم زانایە یەکەم و سەرەکیترین پێداویستیی مرۆڤى بە پێداویستییە فیسیۆلۆجیەکان دانا و بەستییەوە بە مانەوەى رەگەزى مرۆڤەوە. ئاو و هەوا، خواردن و خەوتنى کردە بناخە. پێدەچێت دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق بۆ سەپاندنى حوکمى شیعى بەسەر ناوچە ناشیعییەکاندا پەیڕەوى ئەم تیۆرییەى ماسلۆ بکەن. 
 
هیچ نهێنى و شاراوەییەک لەوەدا نەماوەتەوە عێراقى نوێ کە بڕیار بوو عێراقى پێکەوەیى و هاوبەشى هەموو پێکهاتەکان بێت، زوو ئاراستەکەى گۆڕا و بووە بەشێک لە ستراتیجى شیعى نەک هەر لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکەدا. مێژووى رووداوەکانى دوو دەیەى رابردووى عێراقیش ئەوەى بۆ سەلماندووین کە ئەگەر نەڵێم هەموو، لانى کەم بەشى زۆرى بڕیار و رەفتارەکانى شێوازى بەڕێوەبردنى دەوڵەت لە خزمەتى ئەو ستراتیجە شیعییەى ناوچەکەدایە. 
 
ئەوەش روون و لەپێشچاوە کە دواى پاوانکردنى تەواوى ناوچە شیعەنشینەکان، تەرکیزیان خستە سەر ناوچە سوننییەکانى عێراق، (هێنانى داعش و راونانى داعش) وەک پرۆسەیەکى تەواوکارى ئەو ئامانجە ستراتیجییەى دەوڵەت، ناوچە سوننییەکانى بەتەواوى خستە ژێر رکێفى هێز و گرووپگەلە چەکدارییەکانى شیعەوە. بە پەیڕەوکردنى سیاسەتى بێکارکردن و هەژارکردنى خەڵکەکەى، چەند ساڵێکە خەریکى پاوانکردنى تەواوى ناوچە سوننییەکانن. 
 
لێرەدا مەبەستمە سەرنج بخەمە سەر پارێزگایەکى وەک (نەینەوا)، کە بەپێى هەموو تۆمارە مێژووییەکان لە سەتەکانى پازدە و شازدەوە لەنێوان دیاربەکر (ئامەد) و بەغدا و بیلادى شام و بیلادى فارس، ناوەندێکى گرنگى بازرگانى بووە. بەروبوومى کشتوکاڵى، لۆکە و خوریى و پێستە لە نەینەواوە بۆ ئەوروپا و هیندستان نێردراوە. لەوکاتەوە هەتا هێنانى داعش بۆ موسڵ، ئەم پارێزگایە خاوەن پێگەیەکى ئابووریى بەهێز و خاوەن سەتان کارگە و کارخانەى گەورە بوو. یەکێک بوو لە شارە هەرە دەوڵەمەندەکانى عێراق و ناوچەکە. خەڵکەکەشى نەک هەر هەژار و بێکار نەبوون، بەڵکو گەورەترین سەرمایەدارەکان خەڵکى نەینەوا بوون و دەرفەتى کاریان بۆ سەتان هەزار کرێکارى دەرەوەى نەینەواش رەخساندبوو.
 
بەڵام ئێستا بەپێى راپۆرتى یونامى و وەزارەتى پلاندانانى عێراق و بانکى ناوەندى، نەینەوا یەکێکە لە هەژارترین پارێزگەکانى عێراق، رێژەى بێکاری و هەژاریى گەیشتووەتە نزیک بە نیوەى دانیشتووانەکەى. ئەم شارە لەبەرئەوەى خراوەتە نێو بازنەى پاوانکردنەوە، بەمەبەست وێرانکرا و بەمەبەست خەڵکەکەى بێکار و هەژار دەکرێن، هەر ئەوەش نا بگرە ئەوەى ئێستا لە پارێزگەى نەینەوا بەڕێوەدەچێت لە بێسەروشوێنکردن، پاکتاوکردن و کوشتن، لە مێژووى ئەو پارێزگایەدا رووینەداوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە غەزە روودەدات، شاری موسڵ لەوە خراپتری بەسەرهات، تەنانەت تائێستاش رۆژانە تەرمی ژن و منداڵ لەژێر داروبەردی خانووە رووخاوەکان دەردەهێندرێن، ئامانجەکەش ئەوەیە؛ ئاسانتربوونی پرۆسەى گۆڕینى دیمۆگرافیایە.  
 
هیچ گومان لەوەدا نییە؛ کورد وەک ئامانجى دواترى شیعە، بە هەمان شێوەى نەینەوا، یان بە هەر رێگەو جۆرێکى دیکە بێت، دەخرێتە نێو بازنەى پاوانکردنەوە. بەتایبەتى لە ناوچە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە مەندەلییەوە تاوەکو شنگال، بەچڕى کاری لەسەر دەکرێت. رێگیریکردن لە جووتیارانى کورد لەو هێڵە جوگرافییە لە بەکاربردنى زەویوزارەکانیان، هەنگاوى یەکەمى بێکارکردنى خەڵکەکەیە، بێکاریش هەژارى بەدواى خۆیدا دێنێت، هەژاریش وابەستەبوون.
 
هەروەها ئەوەى بڕیارە لە مانگى داهاتووەوە بەرانبەر بە خاوەن حەوزەکانى بەخێوکردنى ماسى لە داقووق بکرێت، بەشێکى دیکەى ئەو ئەجێندایەیە بۆ کەرکووک. وەک لە راپۆرتە میدیایەکاندا باس دەکرێت، جگە لە زیانە مادییەکانى کە بە سەتان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێن، بەلایەنى کەمەوە نزیکەی 70 هەزار کەس لەو پرۆسەیەدا بێکار دەبن. 
 
پێویستە لەوە تێبگەین؛ ئەم پرۆسەى بێکارکردنە لە ناوچەکانى پارێزگاى نەینەواوە تەشەنە دەکات بۆ پارێزگاى کەرکووک، دواتریش روو دەکاتە جوگرافیاکەى هەرێم، چونکە پرۆژەى سیاسى دەوڵەتە بۆ ئامانجێکى ستراتیجى کە ئەویش پرۆسەى بەشیعەکردنە لە عێراق. ئەوەى ئێستا بەرانبەر هەرێمى کوردستانیش دەکرێت لە رێگریکردن لەوەى خۆى بتوانێت نەوت بفرۆشێت، تاوەکو ئەوەى دەبێت هەموو سەرچاوەکانى داهات ببەستێتە بە بەغداوە و بەغداش دواجار (نان) وەک ئامرازى تاکتیکى بۆ ئامانجێکى ستراتیجى دژ بە خەڵکى کوردستان بەکاردەبات. 
 
بەر لەوەى بگات بەو رۆژگارانەى شارەکانى هەرێمیش بەدەردى موسڵ بەرێت و بێکارى و هەژارى وەک دوو دەستکەلاى سیاسى بکرێتە ئامرازى گوشار بۆ سەر خەڵکى کوردستان، دەبێت عاقڵمەندانى کورد بەدواى رێگاچارەى پێشوەختەدا بگەڕێن، چونکە هەموو هەوڵێکى دواى ئەو رۆژگارانە، دەبێتە کەپنەکى پاش باران. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کاوە ئەمین

بە عەرەبکردنی کوردستان لە سووریا

ئەوەی کە جێگەی سەرسووڕمانە ئەوەیە لەکاتێکدا ئێمە باسی مێژووی 60 بۆ 70 ساڵ پێش ئێستا دەکەین، کەچی ئەو مێژووانە بەشێوەی دیکە و لە فۆڕمی دیکەدا لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان دا خۆیان دووبارە دەکەنەوە، ئەم جارەیان بە ناوی ئایین و مەزهەب و عروبەوە، کورد و گەلانی ناوچەکە لە شوێنی خۆیان راودەنرێن و لە هەندێک شوێن دا جینۆسایدیش دەکرێن، بەتایبەتی کورد لە هەمووان زیاتر لەژێر مەترسیدایە و هەڕەشەی لێدەکرێت، کەچی هێشتا وانەمان لە رابردووی خۆمان وەرنەگرتووە، هێشتا هەر یەکە و لە ئاوازێک دەخوێنین.