مادەی 140 دەبێتە مەترسی لەسەر كوردستان

26-08-2019
عارف قوربانی
عارف قوربانی
نیشانەکردن ماددەی 140
A+ A-

رۆژ لەدوای رۆژ ئەو قسەیە زیاتر بەسەر كورددا دەچەسپێت كە دەگوترێ كوردەكان ئەوەی لە مەیدانی جەنگ بەدەستی دەهێنن، لەسەر مێزی گفتوگۆ لەدەستی دەدەن. هۆكارەكەش ئەوەیە كە (گفتوگۆ، دانوستاندن) هونەرە، ئەگەر كورد لە هونەری جەنگدا شەڕكەری ئازاش بن، لەم هونەرەدا كۆڵەوارن، بۆیە بەردەوام لە جەنگە هونەرییەكەدا شكست دەخۆن.  

هەرچەندە هاوكێشەیەكی هاوتەریبە كە ئەگەر هێزێك لەسەر ئەرزی واقیع پێگەی بەهێز بوو، لۆژیك وایە لەسەر مێزی گفتوگۆش بەهێزبێت. بەڵام بۆ كورد زۆرجار ئەمە پێچەوانە بووەتەوە، جاری وابووە لەسەر ئەرزی واقیع باڵانسی هێز بەلای كورددا بووە، یان تا ئەندازەی یەكلابوونەوە كێشەكە لە بەرژەوەندیی كورد كەوتووەتەوە، بەڵام كە چووەتە گفتوگۆوە تووشی پاشەكشەی زۆر هاتووە. 

ئەگەر تەماشای مێژووی نزیك بە سەت ساڵی ململانێ و خەباتی گەلی كوردستان بكەین لە عێراق، ئەم خەسڵەتە بەتەواوی بەرجەستە بووە. لە ساڵی 1925 ـەوە بە بڕیاری كۆمەڵەی گەلان لە چوارچێوەی ویلایەتی مووسڵدا باشووری كوردستان بووە بەشێك لە عێراق، دوای كەمتر لە پێنج ساڵ لەوە، خەبات لەپێناوی دانپێدانان بە مافەكانی گەلی كوردستان و دیاریكردنی سنووری نێوان كوردستان و عارەبستان دەستیپێكرد. لەو ساتەوە تا كەوتنی سەدام كە نزیكەی هەشتا ساڵی خایاندووە، كورد بەقۆناغی جۆراوجۆری مەینەتی و چەوساندنەوەدا تێپەڕیوە. لە تەواوی ئەو مێژووەدا هەمیشە تەرازووی هێز بەلای بەغدادا بووە. بەڵام سەرباری لاوازیی پێگەكەی، كورد هیچ رێگایەكی پەسەند نەكردووە كە ئەنجامەكەی حەقی داواكردنەوەی ماف لە كورد بسێنێتەوە.  

لە دوای كەوتنی سەدام ئەم هاوكێشەیە بەقازانجی كورد دەگۆڕێت، ئەمریكا وەك دۆست و پشتیوانی كورد كۆنترۆڵی عێراق دەكات، هێزی چەكداری عێراق هەڵدەوەشێتەوە، سەرانی رژێمەكەی دەستگیردەكرێن، حیزبە عەرەبییە سوننە و شیعەكان و سەرۆك و سەركردەكانیان لاواز و ناكاریگەر دەبن. لەبەرانبەردا پێشمەرگە وەك هاوپەیمانی ئەمریكا دەردەكەوێ، سەركردە كوردەكان دەچنە بەغدا و رۆڵی یەكلاكەرەوە دەبینن لە سەركردایەتیكردنی ئەو قۆناغە، كورد دەبێتە هاوبەشێكی سەرەكی بنیاتنانەوەی عێراق، لە كەركووك و ناوچەكانی تریش، زەمینەی ئەوە خۆش دەكات كورد لەڕووی ئیداری و ئەمنی و ئابوورییەوە هەژموونی خۆی بەسەریاندا بسەپێنێ. بەڵام دەبینی كورد لە گفتوگۆ و دانوستاندنەكانی لەگەڵ بەغدای ئەوكات كە هیچكات بەو ئەندازەیە لاواز نەبووە، نەك نەیتوانی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع بەدەستی هێناوە بیچەسپێنێ، بەپێچەوانەوە بەنەخشەڕێگای چارەسەرێكەوە هاتەوە كە لەمادەی 140ی دەستووردا داڕێژراوە و دوور نییە ئەنجامەكەی بەجۆرێك بێت دواجار حەقی داواكردنەوەی مافیش لە كورد بسێنێتەوە.  

دەركەوت عەرەب لەكاتی نووسینەوەی دەستوور ئەگەر لەڕووی سیاسیشەوە لاواز بووبن، بەڵام لەڕووی یاساییەوە زۆر ورد و بەهێز بوونە. بەپێچەوانەشەوە كورد لە رۆڵبینینی سیاسی ئەوكاتی بەغدا چەندە بەهێز بوون، كەچی لەڕووی یاساییەوە نەشارەزا و لاواز بووە. دەركەوت عەرەب زۆر لە كورد ستراتیژیتر بیریان كردووەتەوە و بە نەخشەڕێیەكی دەستووری بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە عێراق دەستی كوردیان بەستووە لە دەستبردن بۆ هەر چارەسەرێكی تر و پابەندیان كردووە بە مادەی 140ـەوە. لە ناوەڕۆكی مادەكەشدا بەجۆرێك تەڵەیان بۆ كورد ناوەتەوە كە بە هیچ جۆرێك نەتوانێ‌ خۆی لێ دەرباز بكات.

نەدەبوو بە هیچ جۆرێك كورد بەو چارەسەرەی مادەی 140 رازی بێت كە راپرسی لەسەر ناسنامەی خاك بكرێت. چ لۆژیكێك لەپشتی ئەوەوەیە كە بەشێكی نیشتمانەكەت بەدرێژایی دەیان ساڵ كەوتبێتە بەر سیاسەتی پاكتاوی رەگەزی و تەعریب، تۆ رازیبیت بڕیاردان لە ناسنامەی ئەو نیشتمانە ببەسترێ بە دڵی دانیشتووانەكەیەوە. با گریمانەی ئەوە بكەین كە باوەڕ وابووە بەجێبەجێكردنی ئەو مادەیە دوای گەڕانەوەی ئاوارە و چوونەوەی عەرەب بۆ زێدی خۆیان و گەڕانەوەی قەزاكانی چەمچەماڵ و كفری و كەلار و خورماتوو بۆ سەر كەركووك، لەو راپرسییەدا كورد دەتوانێ‌ دڵی ئەو خەڵكەی سەر خاكەكەی بەدەستبهێنێ، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە چۆن ئەوە بەسەر وەفدی كوردیدا لەناو لیژنەی نووسینەوەی دەستوور تێپەڕیوە كە چارەنووسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر ببەسترێتەوە بە كێشەی ئیداریی بەغدا و تكریت و رومادی و دیالە و نەجەف و كەربەلاوە؟ لەكاتێكدا بۆ كەركووك ئەم گرفتە پەیوەندی بەناسنامەی نەتەوەیەكەوە هەیە و كێشەكە كێشەی خاكە، بەڵام هەموو گۆڕانكارییە ئیدارییەكانی تری عێراق كێشەی ئیدارین. 

كورد دەیتوانی لە هەندێ‌ قۆناغدا مادەی 140 بۆ چارەسەری كێشەكان بە قازانجی خۆی بەكاربهێنێ، بەڵام دەرفەتەكانی لەدەستچوون و كێشەكان ئاڵۆزتر بوون. چەندە جێبەجێكردنی مادەكەش دوابكەوێ بە قازانجی عەرەبە. بە دەقیقی مادەی 140 وەك چارەسەرێكی پزیشكی وابوو بۆ نەخۆشییەكی درێژخایەن، ئەگەر لەكاتی پێویست بەكارنەبرێت و زۆر بمێنێتەوە، دەبێتە ژەهرێكی كوشندە بۆ نەخۆشییەكە. ئێستا دەبێت كورد لەوە تێبگات كە هێشتا كاركردن بە مادەی 140 كەمێك كاریگەری ماوە بە قازانجی كوردستان، بەڵام زۆر دواكەوتنی دەبێتە ئەو ژەهرە كوشندەیە. 

ئێستا لە تەواوی ئەو ناوچە كوردستانیانەی دەرەوەی هەرێم كە مادەی 140 دەیانگرێتەوە، لە دەرئەنجامی خراپ سیاسەتكردن و خراپ ئیدارەدانیان كە 14 ساڵ بەدەستی كوردەوە بوون، هەروەها وەك لێكەوتەی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، پێكهاتەكانی تر بەڕەهایی دەسەڵاتی كورد رەتدەكەنەوە. بەشێك لە كوردیش تا ئەو ئەندازەیە نیگەرانن كە مەیلی ئەوەیان نەماوە كورد حوكمیان بكاتەوە. جا مەترسییەكە لێرەدایە كە رۆژ لەدوای رۆژ ئەو ئاراستەیە باڵا دەكات. بەغدا هەركات دڵنیابوو لەوەی زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە لە راپرسیدا دەنگ بە مانەوە لەگەڵ بەغدا دەدەن، بەدڵنیاییەوە هێزی جێبەجێكردن و سەپاندنی ئەو مادە دەستوورییەی هەیە و بەزۆریش بێت جێبەجێی دەكات. كە زۆرینەش دەنگیان لە دژی ئەوەدا بخرێنە سەر كوردستان، ئەوكات بۆ هەمیشە كورد مافی داواكردنەوەی ئەو خاكەی نامێنێ. 

لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە ئەوكات چەمچەماڵ و كفری و كەلاریش لە ئێمە دەستێننەوە و هەمان سیناریۆ بۆ پارێزگای دهۆك و ئاكرێش پەیڕەو دەكەن، چونكە كورد خۆی رازی بووە هەموو ئەو دەستكارییە ئیداریانەی لە دوای ساڵی 1968 بەمەبەستی سیاسی كراون، وەك پێشتریان لێ بكرێتەوە. واتا لەبری ئەوەی بەمادەی 140 خاكی زەوتكراو بخەینەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەشێك لە خاكی هەرێمی كوردستانیش دەخرێتەوە سەر بەغدا و مەترسی دەكەوێتە سەر قەوارەی هەرێمەكەشمان. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...