ئایا دەرفەتێک بۆ هاوپەیمانیی کورد و سوننە هەیە!

23-11-2023
زوبێر رەسوڵ
A+ A-
پێشەکی
 
به‌ پشتبه‌ستن به‌ ئه‌زموونه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی كورد، نه‌ك ته‌نیا له‌ باشووری كوردستان، به‌ڵكو له‌ بەشەکانی دیکەش، ده‌توانین بگه‌ینە ئەنجامێك كه‌ كورد ئه‌سته‌مه‌ به‌ته‌نیا لە چوارچێوەی پرۆژەیێکی نه‌ته‌وه‌ییدا بتوانێت رووبه‌ڕووی هاوكێشه‌ هه‌رێمی ‌و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت رووبەڕووی ئه‌و چوارچێوه‌ دەستووری و سیاسییەی یاسای نێودەوڵەتی كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی (Westphalian model of statehood) داڕێژراوه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. چونكه‌ كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی تائێستاش زیاتر پاڵپشتی له‌ بیرۆكه‌ی سه‌قامگیریی سیاسی (Political Stability) ده‌كات تا ده‌گاته‌ مافه‌ ئیتنی ‌و ئایینییه‌كان، یان دروستكردنی ده‌وڵه‌تی تازە له‌ ناوچه‌كه‌دا، بەتایبەت دوای هێرشە تیرۆرستیەکانی 11ـی سێپتەمبەر، بوونی دەوڵەتی لاواز و شکستخواردوو هەمیشە وەک سەرئێشە بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبینرێت، چونکە لە راستیدا هیچ گەرەنتیێکی بەهێز نییە، دڵنیایی بدات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لەدایکبوونی دەوڵەتێکی کوردی لەو ژینگە هەرێمییە ناسەقامگیرە، کێشەی زیاتر بەدوای خۆیدا ناهێنێت، بەتایبەتیش بۆ هێزە گەورەکانی وەک ئەمریکا و ئەوروپا. ئه‌وه‌ی دۆخی كوردی له‌وه‌ش ئاڵۆزتر كردووه،‌ ئه‌و پەیوەندییە نه‌ته‌وه‌ییه‌یە كه‌ كورد له‌ هه‌رچوار ده‌وڵه‌تی ئێران، توركیا‌، عێراق‌ و سووریا به‌یه‌كدی ده‌به‌ستێته‌وه،‌ تائاستێک زۆرجار وه‌ك یەک پرسی نه‌ته‌وه‌یی سه‌یر ده‌كرێت، بە جۆرێک گۆڕانی دۆخی سیاسی له‌ هه‌ریه‌كه‌یان، كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ئه‌وی دیکەیاندا ده‌بێت. ئه‌م تێگه‌یشتنه‌ له‌ هاوپه‌یمانیێتی ‌و هه‌ماهه‌نگی سیاسی، هه‌میشه‌ به‌شێك بووه‌ له‌ پەیوه‌ندییه‌ هه‌رێمییه‌كانی نێوان ئه‌و چوار وڵاته ‌و، زۆرجار له‌پشت‌ ئه‌جێندا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش ئاماده‌یی بە هێزی هه‌بووه‌، بۆ نموونە لە پەیماننامەی جەزائیر ساڵی 1975، دواجاریش لە کاتی گشتپرسیی سەربەخۆیی لە سێپتەمبەری 2017، ئەم فاکتەرە، بەردەوام کاریگەریی بەسەر سیاسەتی وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتیش تورکیا و ئێران هەبووە. 
 
هاتنی داعش و 16ـی ئۆکتۆبەر؛ سەرەتای قۆناخێكی نوێ بۆ حوکمڕانی لە عێراق 
 
دوای 16ـی ئۆکتۆبەر، باوەڕێكی تەواو بۆ شیعەکانی عێراق دروست بووە، کە ئەوان پێویستییان نە بە کورد نە بە سوننە هەیە بۆ حوکمڕانیی عێراق، چونکە ئەوان دەتوانن لە هەردوو پێکهاتەکە، ئەو هێزە دروست بکەن کە خۆییان مەبەستیانە، ئیتر چ پێویسی بە تەنازولکردن هەیە بۆ ئەم دوو هێزە. ئێستا حوکمڕانی زاڵیی شیعە لە هەردوو پێکهاتە (سوننە و کورد) دۆستییان هەیە، هەرکاتێک بیانەوێت، بەکارییاندەهێنن بەو فۆرم و ناوەڕۆکەی خۆیان دەیانەوێت. ئەوەی تایبەت بێت بە کورد، 16ـی ئۆکتۆبەر سەرەتایی قۆناخێکی سیاسیی نوێ بوو لە پرۆسەی حوکمڕانی لە عێراقدا، بەجۆرێک کە ئیدی ترسی شیعە لە کورد بەتەواوی شکا، چونکە پێشتر ترسی زۆریان هەبوو، هەم لە هێزی سەربازیی هەرێمی کوردستان، دووەمیش لە پاڵپشتیی نێودەوڵەتی، بەڵام لە 16ـی ئۆکتۆبەر هەردوو ترسەکەیان نەما، هێزی پێشمەرگە بووە دوو بەرە و، پاڵپشتی نێودەوڵەتیش بەو جۆرە نەبوو کە سەرکردایەتیی کورد مەزەندەی دەکرد، کە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بووەستێنێت.  
 
هەرچی سوننەکانن، شیعە  دەمێکە ترسیان لێ شکاون، هەرچەندە لە سەرەتای 2011 ناڕەزایی سوننەکان گەیشتە لووتکە و تێکەڵ بە بەهاری عەرەبی بوو، لەو کاتەدا شیعە ترسیی زۆرییان هەبوو کە شەپۆلی بەهاری عەرەبی عێراقیش بگرێتەوە و ئەم شانسە مێژووییەی شیعەکان کە بە هاوکاریی ئەمریکا لە 2003بۆیان رەخسا، لەباربچێت، بەڵام سەرهەڵدانی داعش و هاتنی بۆ عێراق، هەموو ئەو ناڕەزایەتییەی سوننەکانی لە بزاڤێکی وەک داعشدا بەرجەستە کرد، بەجۆرێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەسەر لەنێوبردنی ئەو گرووپە یەکدەنگ بێت. هاتنی داعش دەرفەتی تەواوی بۆ شیعەکان رەخساند بە یارمەتیی ئەمریکا و ئێران، تەواوی هێزی سیاسی و سەربازی و ئایدۆلۆژی خۆیان بسەپینن بەسەر دامەزراوەکانی دەوڵەت. بەتایبەت لە رێگەی دروستکردنی هێزەکانی حەشد، کە بوونە دارەدەستێکی بەهێز بۆ پاراستنی دەسەڵاتی شیعە لە عێراق، کە خۆی لە ئێران و ئایدۆلۆژییای شیعیزیم دەبینێتەوە. 
 
شیعەکان یەک بە یەک سەرکردە سیاسییە سوننەکانییان هەڵوەراند، ئینجا لە رێگەی هێز بێت یان لە رێگەی یاسا، کە هەمیشە کەلێن و پاساوی زۆر هەیە گەر دەوڵەت بیەوێت لە دژی لایەنێک یان کەسایەتییەکی سیاسی یاسا و هێزی دەوڵەت بەکاربهێنێت. بۆ نموونە لە سەردەمی مالکیدا رافع عیساوی، بە تێوەگلانی لە پرسی تیرۆر تۆمەتبارکرا، دوای ئەو تارق هاشمی بە هەمان چارەنووس بردرا. دواتر وەدەرنانی سەرکردە سوننەکان فۆڕمی دیکەی گرتەخۆ، ئیدی بەو شێوەیە هەریەکە لە ئوسامە نوجەیفی و ساڵح موتڵەگ و دواترینیشیان محەممەد حەلبووسی بەهەمان دەرد بردران. 
 
هەرچەندە لە دوای نەمانی داعش لە ساڵی 2017 بڕیار بوو حەشدی شەعبی ناوچە سوننەنیشینەکان جێبهێڵێت، بەڵام دوای تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر نەمانی داعش لەو ناوچانە، حەشدی شەعبی هێشتا ئەو شوێنانەیان چۆڵنەکردووە، بەشێک لە سەرکردە سوننەکان، هەوڵی زۆرییان دا لەترسی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکانیان ئەم هێزانە لاببەن، بەڵام تائێستا هەوڵەکانییان بێهودە بوون. ساڵح موتڵەگ، سەرکردەی دیاری سوننە و سەرۆكی بەرەی دیالۆگی نیشتمانی لە ساڵی 2019 رایگەیاند، ''چەکدارانی حەشدی شەعبی، ستەم لە سوننەکان و دانیشتووانی ناوچە سوننەنشینەکان دەکەن"، بۆیە داوا دەكەن حەشدی شەعبی لە ناوچەكانیان بكشێنەوە و ناوچە سوننەنشینەکان چۆڵبکەن و رادەستی حکومەت و پۆلیس و هێزە ئەمنیەکانی ناوچەکە بکرێنەوە، بەڵام هەمان رۆژ لە لە هەشتی نیسانی 2019 بەفەرمی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، هەرگیز ئەو ناوچانە چۆڵناکەن و ئەوان هێزێکی یاسایی و سەر بە حکومەتن، بەشێكن لە سیستمی بەرگری عێراق و دەرچوونیشان لە ناوچە سوننەنشینەكان رەتکردەوە.
 
ئەگەر تێبینی بکەین؛ هەموو سەرۆک پەرلەمانە سوننەکان تەمەنێکی کورتیان هەبووە و هەر زوو لە گۆرەپانی سیاسی عێراقدا دەکوژێنەوە. بۆ نموونە هەریەک لە؛ مەحموود مەشهەدانی، ئەیاد سامەرائی، ئوسامە نوجەیفی، سەلیم جبووری، ئەمانە هەموویان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بوون، بەڵام هیچیان لە گۆڕەپانەکەدا نەماون، ئەوە جگە لە ساڵح موتڵەگ، تاریق هاشمی، مەشعان جبووری، غازی یاوەر...هتد، کە هەموویان قۆناخ بە قۆناخ لە سیاسەتی گۆڕەپانی عێراق دوورخرانەوە. لەبەرامبەردا سەرکردەکانی شیعە هیچیان لەڕێگەی دادگە یان هەر هۆکاری دیکەی سیاسی بە تۆمەت و تاوان دوورنەخراونەتەوە و زیاتر لە 20 ساڵە سیاسەت دەکەن لە عێراق و، بەردەوامن لە فراوانبوون و گەشەسەندن.
 
بەرەو هاوپەیمانیێتیی کورد و سوننە
 
کوردی رێگەیێکی درێژی هاوپەیمانیی له‌گه‌ڵ شیعه‌ تاقیكرده‌وه، به‌ڵام له‌به‌ر بەهێزیی پێگه‌ی دیموگرافی‌ و پاڵپشتیی هەرێمیی شیعە، كورد هیچی وای له‌و هاوپەیمانیێتییە دەستنەکەوت، هۆکارەکەشی دەکرێت بۆ ئەوە بگەڕێتەوە؛ شیعە لەبەر هۆکارگەلی مێژوویی و جەوری رژێمی بەعس، لە 2003 بەولاوە بە هاوکاریی هێزی هەرێمی، بەجدی کاریان بۆ ئەوە کردووە ناسنامەی دەوڵەتی عێراقی دوای بەعس ناسنامه‌یێکی مەزهەبی و ئایدۆلۆژی بێت، ناسنامه‌یێك کە لەسەر بنەمای باڵاده‌ستیی شیعە بەسەر دەوڵەت دابڕێژرێت. كورد ئەگەرچی لەو 20 ساڵەدا بەئاگا و بە بێئاگا لە هاوکاریکردنی شیعەکان بۆ چەسپاندنی ئەو ناسنامەیە رۆڵێکی گرنگی بینیوە، بەڵام لەبەرامبەردا نەیتوانیوە سوود لەو هاوپەیمانیێتیە ببینێت، کورد هەرچەندە لە 2003ـوە تاوەکو 2011 شەریکی شیعە بوو لە حوکمڕانی، بەڵام هه‌میشه‌ له‌ژێر سێبه‌ری شیعەدا‌ ده‌بینرا، بگرە هه‌ندێك جاریش وه‌ك پارێزه‌رێك بۆ‌ حوكمی شیعه‌كان. لەدوای 2011ـەوە تاوەکو ئێستا، هەرچەندە کورد لە گشت کابینەکاندا هاوپەیمانی شیعە بووە، بەڵام هەمیشە هەوڵی لاوازکردنی دراوە، بەتایبەت دوای 2017 پەیوەندیی شیعە و کورد گەیشتووەتە ئەوپەڕی ئاستی بێمتمانەیی. هەرچەندە دوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوت و وزە بە حکومەتی فیدراڵ، ئێستا کورد کارتی زۆر کەمی بەدەستە کە بتوانێت لەبەرامبەر حوکمڕانیی شیعە بەکاریبهێنێت. بۆ ئەوەی کورد ئەو دۆخە چەقبەستووەی هەیە، تێپەڕێنێت، ئێستا کاتێکی لەبارە کە لەگەڵ سوننه‌كان هاوپەیمانیێتیێکی ستراتیجی بنیات بنێت. بۆ سوننەکانیش بۆ ئەوەی بتوانن ئەو لاسەنگییەی حوکمڕانی راستبکەنەوە، جگە لە کورد، هاوبەشێکی باشتریان نییە هاوپەیمانیی لەگەڵدا بکەن. کورد و سوننە ئێستا خاوەن بەرژەوەندیی ستراتیجی هاوبەشن، ئەگەر سوودی لێ وەرنەگرن، لە چەند ساڵی دادێت پێگەی هەردوولایان بەرەو پووکانەوە دەچێت. پێویستی بەرژەوەندیی هاوبەشی کورد و سوننە، دەتوانین لەم خاڵانەی خوارەوە کۆبکەینەوە: 
 
- هەریەک لە کورد و سوننه‌ ئێستا ئه‌وه‌نده‌ په‌رشو بڵاو و لاوازن، پێویستییان به‌ هاوكاریی یەکتر هه‌یه‌، کورد چیدیکە بەشێک نییە لەو هاوبەشییەی لە 2003 دەوڵەتی عیراقی لەسەر بنیاتنرایەوە، سوننەکانیش خراونەتە دەرەوەی دامەزراوەی دەوڵەت و بەشێکیشیان خەریکە لەنێو قەوارە سیاسییە شیعەکان دەتووێنەوە. كورد، ده‌توانێت نه‌ك هه‌ر كۆیان بكاته‌وه‌ به‌ڵكو کاریگەریشیان لەسەر دروست بكات، بوونی به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌ سیاسی ‌و خێڵه‌كییه‌كانیشیان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌توانێت ئاسانكاری بۆ ئه‌و هەنگاوە بكات.  
 
- سوننه‌كان نه‌یان شاردووەته‌وه‌ ئه‌وان تامه‌زرۆی دروستكردنی هه‌رێمێكن به‌تایبه‌ت له‌ دوای كاولكارییه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، چه‌ند جارێك بیرۆكه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌یان پێشنیار كردووه‌، بەتایبەت دوای لادانی محەممەد حەلبووسی، دەکرێت دیسان بیرۆکەی ئەو هەرێمە نوێبکرێتەوە. كورد، ده‌توانێت هاوكاریان بێت له‌ دروستكردنی هه‌رێمێكی وه‌ها، كه‌ لەئەنجامدا له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هەردوولا ده‌شكێته‌وه‌.
 
- دروستبوونی هه‌رێمێكی دیکە له‌ عێراق، وا ده‌كات پاڵپشتیی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستانیش به‌هێزتر بێت له‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی ناوه‌ندی، له‌ لایێكی دیکەشەوە هه‌رێمی كوردستان چیدکە وه‌ك تاكه‌ هه‌رێمێكی سیاسیی نامۆ نامێنێته‌وه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی دروستبوونی هەرێمێکی دیکە،‌ پرۆسەی بەهه‌رێمبوونی عێراق بۆ چه‌ند هه‌رێمێكی دیکەش ئاسان دەکات‌. 
 
- له‌ ئاستی ئیقلیمیشه‌وه‌ داواكارییه‌كانی كورد چیدیکە ته‌نیا وه‌ك داواكاریی نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئیتنی‌ و ناوچه‌گه‌ری ده‌رناكه‌ون، به‌ڵكو ده‌چنه‌ قاڵبێكی دیکەوە‌، ئه‌و پاساوه‌ش له‌ده‌ست ئه‌و هێزانه‌ ده‌رده‌هێنرێت، كه‌ كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یێكی جوداخواز ‌و دژه‌ده‌وڵه‌ت سه‌یربكرێت.
 
- داواكارییه‌كانی كورد له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا شانبه‌شانی بوونی هه‌رێمێكی دیکەی "هاوپه‌یمانی" سوننی، ده‌كرێت هه‌م پاڵپشتی عه‌ره‌بی ‌و بەتایبەت وڵاتانی کەنداو، هه‌م پاڵپشتیی ئه‌مریكا و توركیا به‌ده‌ستبهێنێت، به‌تایبه‌ت بە رەچاوکردنی هۆکاری‌ كه‌مكرنه‌وه‌ی هه‌ژموونی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا. 
 
- ئه‌م هاوپه‌یمانیێتیه‌ له‌گه‌ڵ سوننه،‌ وا ده‌كات كورد دووبارە بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ هاوبەشێکی به‌هێز له‌ عێراقدا، كه‌ بتوانێت داكۆكی له‌ مافه‌كانی بكات، چونكه‌ له‌ 2011ـەوە كورد چیدیکە وه‌ك ئه‌كته‌رێكی به‌هێز له‌ عێراقدا روڵی نه‌ماوه‌، به‌تایبه‌ت نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیربچێت كه‌ عێراقی دوای 2003، به‌رهه‌می هاوبەشیی شیعه ‌و كورد بوو، بەڵام ئەو هاوبەشییە دەمێکە نەماوە و یەک پێکهاتە باڵادەستە بەسەر دەوڵەت و بڕیاری سیاسی لە عێراقدا، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كورد و سوننه‌ دوو كارەكته‌ری زۆر لاوازن‌ و خه‌ریكه‌ هیچ كاریگه‌ریێکیان به‌سه‌ر جومگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراقدا نامێنێت. سوننه‌كان وه‌ك ئۆپۆزیسیۆنیش له ‌سه‌رده‌می مالیکی و، ئێستاش به‌شێكی زۆریان له‌ كاری سیاسی‌ دوورخراونه‌ته‌وه‌ و له‌ ده‌رەوه‌ی عێراقدا دەژین. هاوپه‌یمانیێتییەكی له‌و جۆره‌ دوورنییه‌ ببێته‌ جێگرەوەی ئه‌و هاوپه‌یمانیێتییه‌ ستراتیجیه‌ی نێوان كورد و شیعه‌، كه‌ له‌دوای 2003 پایه‌ سه‌ره‌كییه‌كان ده‌وڵه‌تی نوێی عێراقی له‌سه‌ر بونیاتنرا. 
 
- ئە‌نجامه‌كانی هاوپه‌یمانیێتیێكی له‌و جۆره‌، ده‌كرێت ببێته‌ هۆی راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی سیاسی له‌ عێراقی شیعه‌ باڵاده‌ستدا، كه‌ ئێستا زۆر لاسه‌نگ بووه‌ و ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ی له‌ده‌ستداوه،‌ كه‌ له‌ 2003 عێراقی فیدراڵی له‌سه‌ر بونیاتنرا لەسەر بنەمای دیموکراسیی تەوافووقی (Consociational Democracy) و دابەشکردنی هێز لەنێوان هەر سێ پێکهاتە سەرەکییەکەدا. هەڵبەتە ئەم بۆچوونە، هەرگیز بە مانای دژایەتی یان پەراوێزخستنی شیعە نایەت، چونکە هیچ هێزێکی دیموکراسی و هیچ هاوپەیمانیێتیێکیش ناتوانێت ئەو پێکهاتە سەرەکییە پەراوێزبخات. ئەم پێشنیارە لە بنەڕەتدا بۆ هێنانەکایەوەی جۆرێک لە هاوسەنگییە لەنێوان هەرسێ پێکهاتە سەرەکییەکان کە دەوڵەتی عیراقیان لەسەر بونیاتنراوە، چونکە لە راستیدا ئەم بونیاتە تەوافووقییە هەر خەریکە لاواز دەبێت، لە لایەکی دیکەوە پرۆسەی دیموکراسی زۆرینە، نەیتوانیوە ببێتە شوێنگرەوە بۆ دیموکراسیی تەوافووقی، بۆیە لەم نێوەندەدا وەک ''تۆبی دۆج'' دەڵێت خەریکە رژێمێکی دەسەڵاتگەرایی نوێ  (New Authoritarianism) لە عێراقدا سەرهەڵدەدات، کە لەسەر قۆرخکردنی دەسەڵات و پەراوێزخستنی پێکهاتەکانی دیکە بونیاتنراوە. ئەم مۆدێلە، لە سەردەمی حوکمی مالیکیدا گەیشتە لووتکە. لەوانەیە زیادەڕۆیی نەبێت ئەگەر بڵێین؛ هەریەکە لە سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە ناوچە سوننەکان و دواتریش مکوڕبوونی کورد لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، پەیوەندیی پتەوی بە سەرهەڵدانی ئەو دەسەڵاتگەراییە نوێیە و نەمانی ئەو شەراکاتە هەبوو، کە لە دوای 2003 دەوڵەتی عێراقی لەسەر بونیاتنرا. 
 
هەڵبەتە ئەمە بە مانای ئەوە نییە بوونی هاوپایمانیێتییەکی لەو جۆرە دەتوانێت بە ئاسانی بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە هەریەکە لە کورد و سوننە بەسەر چەند گرووپێکی سیاسی دابەش بوون، بێگومان نە کورد دەتوانێت هەموو سوننەکان یەکبخات و نە دەشتوانێت هەموو لایەنە کوردییەکانیش لەژێر یەک چەتردا کۆبکاتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە؛ ئێستا جۆرێک لە باوەڕ لای سوننەکانیش دروست دەبێت، کە ئەستەمە لەگەڵ ئەو جۆرە مامەڵە سیاسییەی شیعەکان، بتوانن بەردەوام بن بەتایبەت دوای لادانی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان. ئەمە هەنگاوێکە بەو ئاراستەیەی ئەم پرۆژەیە پێشنیاری کردووە. 
 
لەلایێکی دیکەوە بوونی هه‌رێمێكی دیکە شانبه‌شانی هه‌رێمی كوردستان، ئینجا هه‌ر ناوێكی هه‌بێت، له‌ رووی دەستووریشه‌وه‌ كێشه‌ی نییه ‌و رێگەپێدراوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و واتایه‌ نییه‌ كه‌ له‌لایه‌ن به‌شێك له‌ سوننه‌كان كه‌ ئێستا له‌نێو لیسته‌ شیعیه‌كاندا كاری سیاسی ده‌كه‌ن تووشی له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ره‌كانێ نابێته‌وه‌. له‌ لای كوردیش، پڕۆژه‌یەكی له‌و جۆره‌ به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی دا‌مه‌زراوه‌یێكی نیشتمانی نییه‌ سه‌رپه‌رشتی بكات، دواجار هەر دەبێت حیزبە دەسەڵاتدارەكان له‌خۆی بگرن. هه‌ر پرۆژه‌یێكی له‌م جۆره‌ش، بێگومان لهلایه‌ن پارته‌كانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن ئەگەری ره‌تکردنەوەی هەیە، هه‌ڵبه‌ته‌ نه‌ك له‌به‌ر باشی ‌و خراپی پرۆژه‌كه‌ و ئایینده‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵكو له‌به‌رئه‌وه‌ی سیاسه‌ت ‌و به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی له‌ هه‌رێمدا هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ململانێی حیزبی ده‌سوڕێته‌وه ‌و چه‌ترێكی دامه‌زراوەیی نییه‌ هه‌مووان له‌سه‌ر پرڕۆژه‌یێكی هاوبەشی نیشتمانی كۆبكاته‌وە کە دیدگەیێکی دوورمەودای بۆ کاری سیاسی هەبێت.
 
هاوپەیمانیی دوو هەرێم، هەرێمی و سوننە و هەرێمی کوردستان
 
لێکەوتەی ئەو گوشارانەی بەغدا لەسەر کورد و سوننە، لەهەمان کاتدا دەکرێت کارتێکی سیاسیش بن یان دەرفەتێک بن بۆ هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و سوننەکان. هەرێمی کوردستان دەبێت بیر لەوە بکاتەوە؛ لەمەودوا پشتی سوننە بگرێت بۆ دروستبوونی هەرێمێکی دیکەی فیدراڵ لە عێراق. دروستکردنی هەرێمێکی سوننەنشین دەبێتە هۆی ئەوەی حکومەتی ناوەندی لەبری مامەڵە لەگەڵ یەک هەرێم، سەرقاڵ بێت بە مامەڵە لەگەڵ دوو هەرێم. بوونی دوو هەرێم لە عێراق، هەرێمەکان بەهێزتر و حکومەتی فیدڕاڵیش لە ئاست ئەو هەرێمانە لاوازتر دەکات. بەهێزیی هەردوو هەرێمەکەش لەوەوە دەستپێدەکات کە هەریەکەیان پێکهاتەیەکی ئیتنی تێیدا باڵادەست و کاربەدەستە (لە هەرێمی کوردستان کورد باڵادەستن و لە هەرێمەکەی دیکەش عەرەبی سوننە). خاڵێکی دیکەی بەهێزی ئەم دوو هەرێمە ئەوە دەبێت کە هەردوو پێکهاتە لەهەمبەر حکومەتی ناوەندی و لەنێو پەرلەمان و وەزارەتەکانیاندا بۆ بەرژەوەندییەکانیان، دەنگیان یەکدەبێت و، بەیەک ئاواز کاردەکەن. لە لایەکی دیکەوە واتە هەرچەندە ژمارەی هەرێمەکان زۆرتر بن، دەنگی دیکتاتۆریەت کزتر دەبێت و دەسەڵات دەچێتە دەستی چەند لایەنێکەوە نەک یەک لایەن، بەمەش فرەڕەنگی و دیموکراسی بەهێزتر دەبێت لە عێراق. ئەگەر لە سەرەتای دامەزراندنی عێراق تەبەنیی سیستەمی فیدراڵی بکرایە، زۆر زەحمەت بوو بەعس شوێن پێی خۆی داکوتێت و کەمینە و ئایینزاکانی دیکەی وەک شیعە بچەوسێنێتەوە و جینۆسایدی کورد بکات. 

کۆتایی 
 
بوونی هاوپەیمانیی کورد و سوننە هەڵبەتە پێویستی بە پاڵپشتییەکی هەرێمیش هەیە، بەتایبەت پاڵپشتی هەریەک لە سعودیە و ئیمارات، (ئەستەمە تورکیاش دژی بەهەرێمبوونی ناوچە سوننیەکان بێت)، بەڵام پاڵپشتیی وڵاتانی کەنداو زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەی ئەو هاوپەیمانیێتیە جۆرێک لە هاوسەنگی بگەڕێننەوە بۆ پرۆسەی حوکمڕانی لە عێراق، ئەم هاوپەیمانیێتییە بۆ هەریەک لە سوننە و کورد زێدە گرنگە بۆ پاراستنی مانەوەی خۆیان لە عێراق، ئەگینا بەو شێوەیەی هەیە، هەر یەکە لە کورد و سوننە بەردەوام بەرەو لاوازی دەڕۆن و بە ئاسانی دەتوانرێت پەرت بکرێن، بەسەر بەرەی جیاواز دابەش ببن کە شیعەکان تائێستا سەرکەوتووبوون لە دابەشکردنی هەریەکە لە سوننە و کورد بەسەر دوو بلۆکی جیاواز، کە نەیاری یەکترن، وەک لەمپەرێک بۆ ئەگەری دروستبوونی هەر هاوپەیمانیێتییەکی لەو جۆرە.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

گۆڕینی داعش بۆ دەستەی تەحریری عێراق

دواى گۆڕانکارییەکانى سووریا، داواکاری و گوشارێکى زۆریش خراوەتە سەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو هێزەى کە لاى دەسەڵاتداران و مەرجەعە ئایینییەکانى شیعە بە هێزى موقەدەس ناونراوە. رەخنەگرتن لە رەفتارەکانى ئەم هێزە وەک بەزاندنى هێڵى سوور وێنا کراوە، چجاى ئەوەى بێتە سەر داواى هەڵوەشاندنەوەى. بۆیە بۆ دەسەڵاتى شیعەى عێراق، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى حەشدى شەعبى وەک بڕیارى نۆشکردنى پیاڵەى ژەهر وایە کە نەمانى ئەو هێزە، زەمینە بۆ هەستانەوەى رکابەرەکانیان دەڕەخسێنێت. مانەوەشى پاساو و بیانووى بە سووریا بوونى عێراقە. بۆیە لە هەموو بارێکدا چاوەڕوانیکردنى کەوتنى عێراق، چاوەڕوانییەکى نزیکە، جا هێزێکى مەدەنى دەسەڵات بگرێتە دەست، یان داعش وەک دەستەى تەحریر عێراق ئامادە بکرێت بۆ هێنانە سەر حوکم.