پەیوەندی نەوتی کەرکووک و کۆمپانیای بریتیش پترۆڵیۆم(BP)مێژوویەکی زیاد لە 100 ساڵی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی سەرەتای دۆزینەوەی نەوت لە هەموو عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەوکات کۆمپانیاکە لە ماوەی سێ مانگدا توانی لە کێڵگەی نەوتی بابەگوڕگوڕەوە یەدەگی 12 ملیار نەوت بدۆزێتەوە و بیکات بەیەکێک لە کێڵگە نەوتییە زەبەلاحەکانی ئەوکات و ئێستاش لە کەرتی وزەدا.
دوای بەرهەمهێنانی نەوت لە 1934وە تاوەکو ئێستا، بەبێ هیچ پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی تەکنەلۆژیای بەرهەمهێنان لەو چوار کێڵگەیەی کەرکووک کە نەوتی تێدا بەرهەمدێت، لەگەڵ وەبەرهێنان لە دوو کێڵگەی دیکەدا، ئاستی یەدەگی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لە سەرووی 20 ملیارەوە کەمیکردووە بۆ 10 ملیار بەرمیل نەوت، ئاستی بەرهەمهێنانیش لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەوە بۆ 350 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزیوە.
ئەو کۆمپانیایەی دۆزینەوەکەی ئاشکرا کرد و کێڵگە نەوتییەکەی بە جیهان ناساند، ئێستاش دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئامێرە تەکنەلۆژییەکان و راستکردنەوەی خراپی یەدەگی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و نەسووتانی گازی هاوەڵ و بەرهەمهێنانی گاز بۆ ویستگەی کارەبا لەو شارە.
کەرکووک و ناوچەکانی دیکەش لە دوای 2003وە بە ناوچەی کێشە لەسەر یان ناوچەکانی ماددەی 140ی لە دەستووری هەمیشەیی عێراق دانراوە، بەڵام دوای تێپەڕینی دوو دەیە و کۆتاییهاتنی بەڵێنی دوایین کابینەی حکومەتی عێراق بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز لە شەش مانگی یەکەمی کارکردنیدا، کە ئێستا سێ ساڵی تێپەڕیوە و 9 مانگی کارکردنی ماوە، هەموو پرسەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە عێراق بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە.
لە دەرەوەی گرنگیی ناکۆکییەکانی هەولێر و بەغدا لەسەر ئەم پرسە، دوو پرسیاری دیکەی گرنگ هەیە، ئەوانیش بریتین لە روانگەی عێراق بۆ پرسی وزە (نەوت و گاز)، گرنگی یەدەگی نەوتی کەرکووک و هەوڵی بەردەوامی کۆمپانیای BPی بۆ کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و وەبەرهێنان تێدا لە سەردەمی نێت زیرۆ و گواستنەوە بۆ وزە نوێبووەوەکان؟
نەوتی کەرکووک؛ دوای سەدەیەک هێشتا سەرچاوەیەکی 10 ملیار بەرمیلی
کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە کۆنترین کیڵگەی نەوتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهان دەناسرێن و بۆ یەکەم جار نەوت لەم ناوچەیەدا لە کەرکووکەوە دەرهێندرا، کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک لە شەش کێڵگە پێکدێن، کە تاوەکو ئێستا وەبەرهێنان یان هەڵکۆڵین لە چوار دانەیان کراوە و بەهۆی خراپ بەڕێوەبردنەوە لە سەرەتاوە تاوەکو ئەمدواییەش ئاستی یەدەگی نەوتی و بەرهەمهێنانەکەی زۆر دابەزیوە.
لە راستیدا مێژووی کۆمپانیای بریتیش پیترۆڵیوم BP لە عێراق و کەرکووک دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دۆزینەوەی نەوت لە هەموو عێراق، کاتێک لەساڵانی 1920 کۆمپانیای ئەنگۆلو-پیرشیەن دەستیکرد بە گەڕان و هەڵکۆڵینی بیری نەوت لەم ناوچەیەدا.
سەرەتای ساڵانی 1920وە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی تورکی (کە دواتر ناوی گۆڕا بۆ کۆمپانیای نەوتی عێراق) دەستکرا بە گەڕان و چوارەمین بیری تاقیکردنەوە لە نزیک کەرکووک هەڵکەنرا و ناونرا "بابا گوڕگوڕ"، کە واتای "باوکی ئاگر" دەگەیێنێت. لە راستیدا ناوەکە لەو ئاگرانەوە هاتووە کە بەردەوام لەسەر نەوت و گازی هەڵقوڵاو لەو زەوییانەی کەرکووکەوە دەسووتان.
لە ماوەی سێ مانگی کارکردنی کۆمپانیاکەدا و لە کاژێر سێی بەرەبەیانی 14ی ئۆکتۆبەری 1927، کاتێک تیمەکە گەیشتنە قوڵایی هەڵکەندنەکەیان، نەوت و گاز هاتەسەرەوە. پڕژانی نەوتەکە هێندە بەرز بوو، کە 42 مەتر لە بورجی کێڵگە نەوتییەکە بەرزتر دەرچووە و نەک تەنیا رووبەر و چواردەوەری کێڵگەکەی داپۆشی، بەڵکو بە رووبەری 400 دۆنمی خۆی کرد بە نەوت، کە رۆژانە 90 هەزار بەرمیل نەوتی رژاوە تاوەکو کۆنترۆڵ کراوە،( Ellen R. Wald ، 2018)، بەپێی هەمان سەرچاوە، لە ساڵی دواتردا (1928)، کۆمپانیاکە بیری دیکەی هەڵکەند و دەریخست کە کێڵگەیەکی نەوتی بە درێژایی نزیکەی 48 کم لەژێر چینێکی تەنکی بەرد لە ناوچەی کەرکووکدا هەیە. پاشان ئەوە دیاریکرا کە ئەو کێڵگەیە بەتەنیا نزیکەی 12 ملیار بەرمیل نەوتی یەدەگی تێدایە، کە ئەوکات و ئێستاش یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی نەوت لە جیهاندا. دواتر بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکەوە دواکەوت تاوەکو 1934.
ئێستا بەپێی نوێترین داتاکانی گلۆباڵ ئینێرجی، کۆی یەدەگی نەوتی کیڵگە نەوتییەکانی کەرکووک ئەوانەی هەڵکۆڵین و وەبەرهێنانیان تێداکراوە گەیشتووەتە 8.9 ملیار بەرمیل نەوت، بەمدواییەش بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی کۆگاکان و پەرەپێدانی کێڵگەکان لە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق، ستراکچەری دوو کێڵگەی دیکەی لە پارێزگای کەرکووک بەناوەکانی غەدیر و تل عەلی لە شێوەیەکی نوێ دۆزرایەوە، کە بەگشتی بڕی 1.3 ملیار بەرمیل نەوتیان تێدایە و بڕی سەروو 400 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئەم دوو پێکهاتە نوێیە لەڕووی تەکنیکی و ئابوورییەوە شیاوە بۆ وەبەرهێنان.
هەروەها راپۆرتەکانی کۆمپانیای سۆمۆ بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق ئاماژە بەوەدەکات، کە لە نۆڤەمبەر 2024دا کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە بڕی 266 هەزار و 715 بەرمیل رۆژانە بەشداری هەناردەکردنی کۆی نەوتی عێراق بۆ دەرەوە کردووە و ئێستاش ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو چوار کێڵگەیەدا لە کەرکووک لەنێوان 350 هەزار بۆ 360 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دایە، کە لەچاو یەدەگەکەیدا زۆر کەمە.
روانگەی بەغدا بۆ پرسی نەوت و گاز
شاری کەرکووک لە دەستووری کاتی و هەمیشەیی عێراقدا، وەک ناوچەیەکی ناکۆکی لەسەر ناوی هاتووە و چاوەڕواندەکرا لە ئیدارەی نوێی عێراق دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن ئەم پرسە یەکلابکرێتەوە، بەشێوەیەک لە راپرسییەکدا خەڵکی رەسەنی شارەکە دەنگ بدەن بەوەی کە ئەم پارێزگایە سەر بە تاکە هەرێمی دەوڵەتە فیدراڵیەکە بێت، یان راستەوخۆ پارێزگایەکی دەوڵەتە فیدراڵیەکە بێت، بەڵام نزیکەی دوو دەیەی لەدوای نووسینەوەی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە ماددەی 58ی دەستووری کاتی و ماددەی 140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق هێشتا جێبەجێنەکراوە و کێ هێزی هەبووبێت، ئەو ئیدارەی نەوتی ئەم شارەی کردووە.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە هەمان رۆژی سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا لە رۆژنامەی تەلەگرافەوە گوتی "لە گفتوگۆکانم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و بەرپرسە باڵاکاندا سەرنج دەخەمە سەر رێگاکانی پشتگیریکردنی چاککردنەوەی ژێرخان و گەشەپێدانی کەرتە بەرهەمهێنەرەکان، بەتایبەتی وزە، کە هێشتا بڕبڕەی پشتی ئابووری عێراقە. کۆمپانیا دیارەکانی بەریتانیا بۆ چەندین ساڵ رۆڵێکی سەرەکییان لە گەشەپێدانی کێڵگە نەوتییە گرنگەکانی وەک رومەیلە و کەرکووک هەبووە. بەمدواییانەش ئەم هاوبەشییە زیاتر پتەوکرا لە رێگەی لێکتیگەیشتنێکی نوێوە لەگەڵ یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بەریتانیا (BP) بۆ دامەزراندنی پڕۆژەیەکی گەورەی گاز، کە چاککردنەوەی کێڵگەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور و دروستکردنی ژێرخانی بەرفراوان بۆ پیشەسازی نەوت لەخۆ دەگرێت".
لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان پێش بەڕێکەوتنی سوودانی بۆ لەندەن، لە رێگەی راگەیێندراوێکەوە ئاماژەی بەوەکرد، "ئێستا حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات کە بە شێوەیەکی تاکلایەنە، نەوت و گازی ئەم ناوچانە ببات، هەروەها "حکومەتی فیدراڵی لە هەوڵی ئەوەدایە گرێبەستی نەوت و گاز واژۆ بکات". کە ئەمەش دەرخەری ناڕەزایی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. راستییەکی دیکەش لەم پرسەدا نەگۆڕینی روانگەی عێراقە لە بەڕێوەبردنی پرسی نەوت و گاز لە یەکەم رۆژەوە تاوەکو ئەمڕۆ، کە ئیدارەدانێکی بەهێزی ناوەندی و بەڕێوەبردنێکی لاوازی نێوخۆیی هەرێم و پارێزگاکانە لە عێراقدا، لەکاتێکدا لەدوای 2003 و لە دەستووری نوێی عێراق پێچەوانەی ئەمە هاتووە، کە جۆرێکە لە لامەرکەزیەت و رۆڵی هەرێم و پاریزگاکانی بەهێزکردووە و دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی لاوازکردووە، (کەمال ئەلمەهدی، 2006).
گەڕانەوەی BPی بۆ کەرکووک بە شێوازێکی نوێی گرێبەستی نەوتی
لە دوای رووخانی رژێم و لە سەرەتای 2005 وەزارەتی نەوتی عێراق کێڵگەی نەوتی کەرکووکی دا بە کۆمپانیای شێڵی بەریتانی و کێڵگەی نەوتی رومەیلەی بە بریتیش پترۆڵیوم دا بۆ لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و چۆنیەتی پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو دوو کێڵگە گەورەی عێراق، بەڵام BP چاوی لە کەرکووک بووە.
لەراستیدا گەڕانەوەی کۆمپانیای بریتیش پترۆڵیۆم (BP) بۆ کەرکووک دوای سەدەیەک و واژۆکردنی چەندین رێککەوتن لەماوەی دەیەی رابردوودا پرسیکی گرنگە، کە بەپێی لێکتێگەیشتننامەی پێشووتری نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای BP گرێبەستە نوێیەکە کێڵگەی نەوتی بای حەسەن (دۆمی بابە و ئاڤانە)، کێڵگەی نەوتی جەمبوور و خەباز کە ئێستا لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باکووری (NOC) حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن لەخۆدەگرێت.
کۆمپانیا بەریتانییەکە لە ساڵی 2010وە هاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی رومێلە بە گرێبەستی خزمەتگوزاری سەرمایەگوزاری کردووە، لە ساڵی 2013شەوە رێککەوتنی راوێژکاری بۆ کێڵگەی نەوتی کەرکووک کردووە، بەڵام بەهۆی رووداوەکانی 2014وە تاوەکو 2017 کاری تێدا نەکرد. جارێکی دیکە لە کانوونی دووەمی 2018دا رێککەوتنێکی نوێی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرزکردنەوەی ژێرخانی کێڵگەکان و پەرەپێدانیان واژۆکرد و لە ئایاری هەمان ساڵیشدا رێککەوتنەکە فراوانتر کرا، کە ئەوکات کێڵگەی نەوتی خورمەڵەشی دەگرتەوە، کە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو ، بەڵام ئەمیش نەکەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها، لە سەرەتای ئەم ساڵیشدا گفتوگۆکان بەشێوەیەک چڕبوونەوە کە رۆژانی پشووش بەردەوامبوون تاوەکو گەیشتنە نووسینەوەی رەشنووسی دوایین خاڵەکان و گۆڕینی گرێبەستەکەش لەگرێبەستی خزمەتگوزارییەوە بۆ گرێبەستی هاوبەشی لە قازانجکردن.
لەم سەردانەی محەممەد شیاع سوودانی بۆ بەریتانیا بنەما سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە واژۆ کران، دواتریش کابینەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی دەکات. گرێبەستە نوێیەکەش کێڵگەی نەوتی بای حەسەن بە هەردوو (دۆمی بابە و ئاڤانە)، کێڵگەی نەوتی جەمبوور و خەباز دەگرێتەوە، جگە لە پڕۆژەکانی وەک وەبەرهێنان لە گازی هاوەڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆرەوە. هەروەها شێوازە نوێیەکەی گرێبەستەکە کە لەجۆری مۆدیلی هاوبەشیکردن لە قازانجە، زیاتر نزیکە لە گرێبەستی هاوبەشیکردن لە بەرهەمهێنان PSA تاوەکو گرێبەستی خزمەتگوزاری SC، کە ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە، کە عێراق دوای دوو دەیە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان، نوێکردنەوەی توانای ئامێری کێڵگەکان و نەسووتانی گازی هاوەڵ و زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و راستکردنەوەی تێکچوونی یەدەگی نەوتی کێڵگەکان پەنای بۆ کۆمپانیا نێودەوڵەتیەکانی نەوت برد.
لەڕاستیدا شێوازە نوێیەکەی گرێبەستەکەی عێراق بۆ نەوت و گاز، کە بۆ ئەم گرێبەستە و گەڕی پێنج پڵەس و شەشیدا پەیڕەوی کرد، لە یەک خاڵدا جیاوازە لە گرێبەستی هاوبەشی لە بەرهەمهێنان PSA، ئەویش ئەوەیە کۆمپانیاکە نابێتە خاوەن یان هاوبەشی نەوت و گازی دۆزراوە، بەڵکو هاوبەش لە قازانجی ئەو نەوت و گازەی بەرهەمدێت و دەفرۆشرێت بەرێژەی جیاواز، کە لە گرێبەستەکانی پێشووی ئەم جۆرەدا پشکی کۆمپانیاکان گەیشتە رێژەی 32% بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکە و ئەمەی BPی بۆ کەرکووک چەندە با چاوەڕوان بین. کۆمپانیای BPی یەکێکە لە گەورە کۆمپانیاکانی کەرتی وزەی جیهان، کە بەپێی ستراتیژی کۆمپانیاکە دەبوایە وەبەرهێنان لە وزە باوەکان نەوت و گاز کەمبکاتەوە و تاوەکو 2050 بگاتە ئاستی نێت زیرۆ و کۆی وەبەرهێنانەکانی بگوازێتەوە بۆ وزە نوێبووەکان، بەڵام ئەم رێککەوتنەی لە عێراق و رێککەوتنی پێشووتریشی لە کوەیت، ئەوە دەردەخات کۆمپانیاکە و جیهانیش هێشتا پێویستی بە وزە باوەکان هەیە، هیچ نەبێت بۆ دەیەی داهاتوو.
کۆتایی
کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک یەکێکە لەو کێڵگانەی لە عێراق لە 1934وە کە نەوتی لێوە بەرهەمدەهێنرێت، تاوەکو ئێستا وەبەرهێنان و پەرەپێدان بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت تێدا نەکراوە، ئەمەش وایکردووە ئاستی بەرهەمهێنان نەوت و یەدەگەکەشی کەمبێتەوە، ئەم گرێبەستە نوێیەی عێراق لەگەڵ BPی بۆ رێکخستنەوەی توانای بیرەکان و گێڕانەوەی ئاستی سرووشتی یەدەگی بیرەکان بە تەکنەلۆژیای نوێ و پەرەپێدانی کێڵگەکان لەڕووی بەکارهێنانی ئاو یان گاز بۆ بیرەکان کە دەتوانێت ئاستی بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەوە بباتەوە قۆناخێکی نوێیەوە.
بەپێی گرێبەستە نوێیەکە کۆمپانیا بەریتانییەکە دەستدەکات بە هەڵکۆڵینی 16 بیری نوێ و دامەزراندنی ئامێری پێویست بۆ نەسووتانی گازی هاوەڵ و جیاکردنەوەی گازەکە لەو نەوتەی بەرهەمدێت و گواستنەوەی بۆ وێستگەی کارەبا. هەروەها گەڕاندنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک بۆ نزیکەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، چونکە ئەو چوار کێڵگەیەی کە کۆمپانیا بەریتانییەکە بڕیارە وەبەرهێنانی بەشێوەی گرێبەستی هاوبەشی لە قازانج تێدا بکات، رێژەی 98% کۆی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی کەرکووک پێکدەهینێت. هەروەها لە رووی شیاوبوونی تەکنیکی و ئابوورییەوە بۆ وەبەرهێنان نەوتی کەرکووک بەرزترین رێژەی لەسەر ئاستی هەموو عێراق هەیە، بەشێوەیەک ئاستی شیاوبوونەکەی(Recovery facto) کە دەگاتە 58% کۆی سەرچاوەکە، لەکاتێکدا کێڵگەی نەوتی ویست قۆڕنە لە بەسرە شیاوبوونی ئابووریەکەی 42%. لەکۆتاییدا خاڵێکی سەرنجڕاکیش لەم گرێبەستە نوێیەی BPی لە عێراق گەڕانەوەیە بۆ وزە باوەکان، لەکاتێکدا لەراپۆرتی ستراتیژی 2020ی کۆمپانیاکەدا ئاماژەی بە کۆتایهێنان بەوەبەرهێنان لە وزە باوەکان و تەرخانکردنی پارە بۆ وەبەرهێنان لە وزە نوێبووەکان و گەیشتنە نێت زیرۆ لە 2050 یان پێشتر لەوساڵە دابوو، بەڵام ئەم وەرچەرخانە واتای بۆ نەوت و گاز لە داهاتوودا هەیە، هەروەکو چۆن گەڕانەوە بۆ کەرکووکیش دوای سەدەیەک جگە لەدیوە ئابوورییەکەی، دیوی دیکەشی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ