بەرایی
لە كاتێكدا هێشتا مانگێك بەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقدا تێنەپەڕیوە، ئاساییە كە سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بۆ دووبارەكردنەوەی پاڵپشتییەكەی بۆ سەرۆكوەزیرانی نوێ بێت، كە رەنگە خۆی دەورێكی كارای گێڕابێت لە هاتنەسەركاری، ئەویش لەڕێگەی هاندانی پارتەکەی بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی سەبارەت بە پێكهێنانی حكومەت. بێجگە لە پرسەكانی پەیوەندییەكانی هەردوولا، هەنووكەییترین رووداوێك كە دەتوانێت رەنگ بە دانوستاندن و دیدارەكانی بارزانی بدات لە بەغدا، ئەو تەگەرە ئەمنییانەیەن كە بەو دواییانە بەهۆی هێرشە بەردەوامەكانی ئێران بۆ قووڵایی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، لەپاش خۆپێشاندانە نێوخۆییەكانی ئەو وڵاتە دروستبووە.
سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی و هێرشەكانی ئێران
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لەبەردەستدان، گەرەنتییەكی نافەرمی هەیە بۆئەوەی لانیكەم تا ماوەی ساڵێك گرووپە چەكدارییە شیعییەكان هێرش نەكەنە سەر هەولێر، هەڵبەت هێشتا دیار نییە كە بە هەبوونی كەتائیبی حیزبوڵڵا لە دەرەوەی حكومەت، سوودانی چەندە سەركەوتوو دەبێت لە پاراستنی هەولێر لە هێرشی درۆن و مووشەك لە ناوخۆی عێراقەوە، بەڵام ئێستا پرسی سەرەكی ئەوانەیە كە لە ئێران و توركیاوە دەگیرێنە هەرێمی كوردستان. توركیاش سنوورەكانی هەرێمی كوردستان بۆردوومان دەكات، بەڵام رادەی كاریگەریی ئەوانە لەسەر سەقامگیریی هەولێر كەمترە لەوانەی كە ئێران راستەوخۆ بەنێو شارەكانیەوە دەنێت. لە ماوەی كەمتر لە 10 رۆژی رابردوودا ئێران سێ جار هێرشی كردووەتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان، ئەوەش پاش ئەوەی لە 28ی سێپتەمبەری ئەمساڵدا هێرشی فراوانتری كردبوو.
حكومەتی ئێران سەبارەت بە خۆپێشاندانەكانی ژینا كە لەو رۆژانەی دواییدا لە رۆژهەڵاتی كوردستان فراوانتر و جەماوەریتر بووە، هەم لە ناوخۆ رووی لە تووندوتیژییەكی زیاتر كردووە، هەم لە سیاسەتی دەرەوەیشیدا گرژییەكانی زیاتر كردووە. لە سنوورەكانی ئەرمینیا و ئازەربایجان مانۆڕێكی سەربازیی كرد و گرژییەكانی لەگەڵ ئیلهام عەلیێڤ بردووەتە ئاستێكی بەرزتر. بە هەمان شێوە چەند جارێك بەرپرسانی ئێران هەڕەشەیان لە سعودیە و وڵاتانی دیكە، بەتایبەتی بەریتانیاش، كردووە. هەر لەو چوارچێوەیەشدا مانەوەی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان كردووەتە پاساوی شەپۆلێكی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان كە بۆ نزیكەی سێ دەیە دەڕوات لەگەڵ مانەوەی ئەوان لە هەرێمی كوردستان هەڵی كردبوو.
سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا هاوكاتیش بوو لەگەڵ بڕیارێكی پەرلەمانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پێشێلكارییەكانی سەروەری و، هاوتەریبە لەگەڵ هاوڕاییەكی كوردستانی بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە. لە سەردەمی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدییەوە پرسی مانەوەی هێزە كوردییەكانی پارچەكانی دیكەی لە هەرێمی كوردستان لە رۆژەڤی حكومەتی عێراقدایە و محەممەد شیاع سوودانییش لە ماوەی كەمتر لە یەك مانگدا لانیكەم سێ جار باسی ئەوەی كردووە كە "نابێت وڵاتەكەمان ببێتە سەرچاوەیەك بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی دیكە و ناشبێت هیچ وڵاتێكیش سەروەریمان پێشێل بكات." دیارە وەزیری دەرەوەی عێراقیش بە هەمان شێوە قسە دەكات و و زیاتر رستەی "نابێت لە خاكی عێراقەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بكرێت" پێش دەخەن. ئەمەش دەتوانێت گوزارشتێك بێت لەوەی كە بە لەونێك، لانیكەم بەشێك لە پاساوەكانی ئێران قبووڵ دەكەن، هەرچەند دیدگایەكی جیاوازتر لە هەرێمی كوردستان هەیە. بۆ زیاتر لە سێ دەیە دەڕوات كە هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان شەڕی چەكدارییان دژی ئێران راگرتووە و سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش رایگەیاندووە كە "هیچ بیانوویەک بۆ مووشەکبارانکردن و ناردنی درۆن بۆ هەرێمی کوردستان نابینین." ئەمەش بە دیوێكدا رەتكردنەوەی ئەو پاساوانەیە كە ئێران بۆ رەواییدان بە ھێرشەكانی خۆی بەكاریدەهێنێت. بە ئەگەری زۆر، بارزانی هەوڵدەدات لەگەڵ سەرانی بەغدا خاڵێك بدۆزێتەوە بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە كە دەتوانێت هەم ئاسایشی هەولێر بخاتە مەترسی، هەم كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر بارودۆخی ئابووری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستانیش دابنێت.
دیوی دووەمی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی
بێجگە لە سەردانێكی پرۆتۆكۆلی بەبۆنەی دەستبەكاربوونی كابینەكەی سوودانی، لەوانەیە لە هەنگاوی یەكەمدا سەردانەكەی بارزانی پەیوەندیی بە یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستانەی كورد لە حكومەتەوە هەبێت كە وەكو ئەنجامێكی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی، تاوەکو ئێستا پڕنەكراوەتەوە. خاڵی دووەم لەوانەیە بۆ بەدواداچوون بێت بۆ ئەو گفت و بەڵێنانەی كە بەر لە پێكهێنانی حكومەت بە كورد دراون. لێدوانی بەرپرسانی كورد وای پێشاندەدات كە ئەوان گەشبینن بەوەی سوودانی بەڵێنەكانی بباتەسەر. هەڵبەت كەمتر لە یەك هەفتەی دیكە، یەكەم تاقیكردنەوەی حكومەتەكەی سوودانی دەبێت سەبارەت بەو گفتانەی كە بە كوردی داون. بەگوێرەی ماددەی 15ی تەوەرە كردەییەكانی كارنامە وەزارییەكەی سوودانی بێت، پێویستە لە ماوەی یەك مانگ لەدوای پێكهێنانی حكومەت، لیژنەی باڵای ماددەی 140 چالاك بكرێتەوە و شایستە داراییەكانی ئەو كەسانەش خەرجبكرێت كە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای جێبەجێكردنی ماددەكە دەیانگرێتەوە.
هەر بەپێی كارنامەی وەزاری بێت، حكومەت تاوەکو دەركەوتنی یاسای نەوت و گاز كە شەش مانگی بۆ دانراوە، خۆی لادەدا لەوەی كە هیچ رێكارێكی گرژكردنی پەیوەندییەكانی هەردوولا بگرێتەبەر، بەتایبەت ئەوەی كە پەیوەندیی بە كاری كۆمپانیا نەوتییەكانەوە هەبێت لە هەرێمی كوردستان. بەڵام لە هەمان كاتیشدا چاوەكان لەسەر هەڵوێستی حكومەتەكەی سوودانین لەسەر ئەو سكاڵایەی كە عێراق لە دادگایەكی نێودەوڵەتی لە فەرەنسا لەسەر توركیای تۆمار كردووە كە لەوانەیە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا ئاڵۆز بكاتەوە.
هەروەها باسەكانی تایبەت بە بودجەش دەتوانێت بابەتێكی هەنووكەیی بن، چونكە بەپێی كارنامەكە بێت، دەشێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان هاوئاهەنگی هەبێت بۆ ئامادەكردنی بودجە، ئەگینا بەشێكی زۆری گفت و بەڵێنەكانی سوودانی بۆ لایەنە كوردییەكان ماوەیەكی درێژتری وەك شەش مانگیان بۆ دانراوە تاوەکو دەرفەتێكی زیاتر بۆ دانوستاندن هەبێت.
كۆتایی
هەرچەند سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك شتێكی ئاسایی بێتە پێش چاو، بەتایبەتی لەدوای پێكهاتنی كابینەی نوێی حكومەت، بەڵام ئەم سەردانە لە سێبەری هێرشە ئاسمانییەكانی ئەمدواییەی ئێران كرا و ئەوەش، ئاماژە بە پرسێكی گرنگی ئاسایشی و سیاسی دەدات كە دەتوانێت رۆژەڤی سەرەكیی دانوستاندنەكانی لە بەغدا بێت. رەنگە هەرێمی كوردستان خوازیار بێت بە رێگەی یاساییەكەوە ئەو پرسە چارەسەر بكرێت كە لەوانەیە ئەگەر سازشی لەسەر بكرێت مەسەلەی مانەوەی هێزە كوردییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش لەخۆبگرێت كە بەغدا لە ساڵی 2018وە دەیەوێت بیخاتە رۆژەڤ. لەوانەیە رەهەندێكی دیكەی سەردانەكەی بارزانی، پەیوەندیی بە حكومەت و گفت و بەڵێنەكانی سوودانی بە كوردەوە هەبێت كە بەتەمایە جێبەجێ بكرێن. هەڵبەت بەپێی دۆخی عێراق بێت، ئەستەمە بتوانێت هەموویان بباتەسەر.
رەنگە دانانی ئەجێندای سەردانەكەیشی بەو شێوەی کە زۆربەی سەركردە گرنگەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ببینێت، لەبەر ئەوە بووبێت کە سەرۆکوەزیران لە عێراق ناتوانێت خۆی بە تەنیا هەموو بڕیارێک جێبەجێ بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ