پرسى کورد لە کوێوە بۆ کوێ؟

22-09-2023
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
هەرچەندە عەرەب خاوەن مێژوویەکى دورودرێژ و کولتوورێکى لەمێژینەى حکومڕانین، بەڵام ئەو عەقڵەى لە بەغداوە دۆسیەى کورد بەڕێوەدەبات، پێناچێت عەقڵى عەرەبەکان خۆیان بێت، چونکە هیچ کات و لە هیچ دۆسیەیەکى دیکەدا عەرەب ئەوەندە بە پلان نەبوونە وەکو ئەوەى لە مامەڵەکردنى پرسى کورد، لە عێراق دەیکەن. بەدوور نازانرێت فایلى کورد لە بەغدا بە ورد و درشتییەوە لاى خزمانى ئەودیو بێت.
 
تەماشا بکەن کێشەى کورد لە عێراق چەند کێشەیەکى گەورە و ئاڵۆز بوو، لە دروستکردنى دەوڵەتى عیراقەوە تاوەکو چرکەساتى لکاندنى باشوورى کوردستان بە ئەم وڵاتە عەرەبییەوە، ماوەى ئەو پێنج ساڵە لە تورکیاوە بۆ بەریتانیا، فەرەنسا، سوێد و کۆمەڵەى گەلان بە ئەم پرسەوە سەرقاڵ بوون. لەو کاتەشەوە لە هەموو هاوکێشە نێودەوڵەتى و هەرێمایەتییەکانى پەیوەست بە ناوچەکە، بەردەوام ئەم کێشەیە لەناو دۆسیەیەکاندا بوو. 
 
لە ناوخۆى عێراقیش نەک بە تەنیا هۆکارى هەموو ئەو رووداو و شەڕ و نائارامى و گیروگرفتانە بووە کە لەنێوان کورد و بەغدا دروستبووە، بەڵکو چارەسەرنەکردنى کێشەى کورد سەرچاوەى سەرەکیى هەموو ئەو شەڕ و وێرانکارییانەى دیکەش بووە کە لە ناوچەکەدا رووبەڕووى عێراق بوونەتەوە. سەرەڕاى بوونى کێشە و ناکۆکیى زۆر لەنێوانیان، بەڵام بەهۆى کێشەى کورد و دەرئەنجامى مامەڵەکردنى ئەم دوو وڵاتە لەگەڵ پرسى کورد، عێراق و ئێران چارەنووسیان گەیشت بە شەڕێکى هەشت ساڵەى نێوانیان.
 
هەرچەندە مەیلى خاوەندارێتیکردنى کوێت لەلایەن عێراقەوە خەون و مەیلێکى کۆنە، بەڵام بەهۆى شەڕ و کەڵەکەبوونى قەرز و قەبەبوونى سوپا، وەک دەرئەنجامى کێشەى کورد، عێراق کوێتى داگیرکرد. رووداوەکانى دواتریش لە شەڕى کەنداوەوە تاوەکو رووخانى سەدام، وەک پوولى دۆمینە هەر پەیوەستن بەو بازنەى کێشەیەوە کە چارەسەرنەکردنى پرسى کورد لە عێراق بەرهەمى هێنابوو. واتا ئەگەر لە سەرەتاوە عێراق مافەکانى کوردى بسەلماندبایە، پێویستى بەوە نەبوو لە رێککەوتننامەى جەزائیر سازش بۆ ئێران بکات بە پێدانى بەشێک لە خاک و ئاوى وڵاتەکەى، کە دواتر بەهۆى پاشگەزبوونەوەى لەو سازشانەى کردبووى بۆ ئێران، تووشى شەڕى هەشت ساڵەى ئێران هات. بەهۆى هەشت ساڵەى شەڕی ئێرانەوە کەوتە ژێر قەرزى زۆر و کێشەکانى لەگەڵ کوێت بەو ئاقارە برد، کوێت داگیر بکات، سەرئەنجام رووداوگەلى هاتنى ئەمریکاى بۆ ناوچەکە لێکەوتەوە. تاوەکو رووخانى سەدام و لێکەوتەکانى دواتریشى هەر پەیوەستن پێکەوە. لە عێراقی تازەشدا تا چەند ساڵێک هەر وابوو. 
 
بەڵام ئێستا بڕوانن پرسى کورد گەیشتووەتە کوێ؟ ئەو دۆزە رەوایەى میلـلەتێکى خاک داگیرکراو، کێشەى نەتەوەیەکى پێنج جار جینۆسایدکراو لەلایەن دەوڵەتى نەتەوەى سەردەستى عەرەبەوە، کێشەى سنوور و خاک و پرسى تەعریب و گۆڕینى دیموگرافیا و مافى نەتەوایەتیى کورد لە عێراق هاتووەتە سەر ئەوەى بەغدا بە قەرز بڕێک پارە بداتە هەرێمى کوردستان بۆ مووچەخۆرەکانى.  مەترسیى ئەمە تەنیا ئەو وێنایە نییە لە کۆنەستى بەشى زۆرى کورد و عەرەبەکانى عێراق دروستبووە، بۆ ئەمە ساڵانێکە لەشکرێک کرێگرتە لە پەرلەمان و ناو میدیا خراونەتەگەڕ تاوەکو سایکۆلۆجیاى راى گشتیى عێراق و بەتایبەت کورد بەلاڕێدا بەرن و گەوجاندنى خەڵک بکەن بە کلیلى کردنەوەى دەرگەیەک بۆ گۆڕینى خەسڵەتى کێشەکان، مەترسییەکە ئەوەیە تەنانەت خەریکە لە ئاستى دەرەکیش رەنگدانەوەى کێشەى کورد بەو جۆرە لێک بدرێتەوە. 
 
لەدواى چوونى شاندی هاوبەشى هەر سێ لایەنە سەرەکییەکەى پێکهێنەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا و گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەت و هێزە سیاسییە پێکهێنەرەکانى کابینەکەى سوودانى، دواى ئەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە مەرج و تا کۆتایى ساڵى دارایى رەزامەند بوو بۆ چارەسەرى کێشەى مووچەخۆرانى هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگ و مانگى 700 ملیار دینار بە قەرز بداتە هەرێمى کوردستان. نەک لە ئاستى ناوخۆ ئەمە وەکو سەرکەوتن و کردنەوەى گرێگوێرەى کێشەى کورد لێکدرایەوە، تەنانەت نێردە و باڵیۆزى وڵاتانیش خۆشحاڵیى خۆیان بۆ ئەم رێککەوتنە گەورەیە دەربڕى و پیرۆزبایى و دەستخۆشییان لە هەردوو حکومەتى کوردستان و بەغدا کرد. 
 
لەکاتێکدا بەپێى هەموو پێوەرێک دەبێت بەغدا بودجە بداتە هەرێمى کوردستان، نەک قەرز کە هێشتا دیار نییە ئەو بڕیارى قەرزەش جێبەجێ دەکرێت یان نا، چونکە لەلایەک کوتلە سیاسییەکان لە ئەنجوومەنى وەزیران رەزامەندیى ئەو پێدانى قەرزەن و لەلایەکى دیکەشەوە چەند پەرلەمانتارێکیان راسپاردووە گرفت بۆ ئەم بڕیارە دروست بکەن. بە ئەگەرێکى زۆرەوە دواى ئەوەى توانییان وابکەن خەسڵەتى کێشە و مافى کورد، کورت بکەنەوە بۆ سەر مووچە، بۆ ئەوەى لەوەشدا یارمەتیدەرى تێپەڕاندنى ئەو قەیرانەى کورد نەبن، ئەگەر ئێستاش نەبێت، رەنگە لە داهاتوودا جارێکی دیکە دادگە دەسکەلاکەى فیدراڵى بهێننە سەر خەت و بڕیارى ئەوە بدات نابێت قەرزیش بە هەرێمى کوردستان بدرێت. وەک چۆن مانگى رابردوو لە سەرهەڵدانى ئاڵۆزییەکەى کەرکووکیشدا دادگەى باڵاى فیدراڵى کە ئەرکى پاسەوانیکردنى دەستوور و چاودێریکردنى دەستوورییبوونى یاساکانە، هێنایانە ئەو ئاستەى لەسەر رادەستکردنەوەی بارەگایەکى حیزبى بڕیار بدات. 
 
جا لێرەوە تەماشا بکەن کەرکووک، کە بەدرێژایى نزیکەی سەدەیەک ببووە ناسنامە و چەقى کێشەى کورد لە عێراق، کێشەى دەیان ساڵ پرۆسەى سڕینەوەى ناسنامەى نەتەوایەتى و هێنانى عەرەب و هەوڵى گۆڕینى سیما کوردستانییەکەى، پاش تێکچوونى چەندین خولى گفتوگۆى شۆڕشى کورد و عێراق لەسەر کەرکووک، دواى چەسپاندنى چەند سەرەتایەکى دادپەروەرى لە مادەى 140ی دەستوورى عێراق بۆ ناردنەوەى عەرەبى هێندراو و گەڕانەوەى کوردى دەرکراو و، نیشتەجێکردنەوەیان، پاش قوربانیى میلـلەتێک لەپێناوى کەرکووک، دواى ئەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانى خاوەن بڕیارى نێودەوڵەتى، کەرکووک بە بەرمیلى بارووت بۆ عێراق ناوببەن. بڕوانن ئەو عەقڵەى ئەم دۆسێیە بەڕێوەدەبات چەند ورد و بە پلان کار دەکات، ئێستا کێشەى کەرکووکیان هێناوەتە سەر ئەوەى بەغدا بارەگایەکى پارتى رادەست دەکاتەوە یان نایداتەوە بە پارتى. 
 
هەرچەندە دەبێت پێ لەو راستییە بنێین ئەوەى یارمەتیدەرە بۆ لاوازبوونى کورد و گۆڕینى خەسڵەتى کێشەکەى لە عێراق لە پرسى نەتەوایەتییەوە بۆ ئەم کێشە بچووکانە، ئەوەى ئاو دەکاتە ئاشى ئەو ئاراستەیەوە کە بەغدا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ پرسى کورد و دۆزە رەواکەى بکات، خودى کورد خۆیەتى، دەسەڵاتدارانى کورد و بەدیاریکراوی بەهۆى ناکۆکى و ململانێى نێوان پارتى و یەکێتییەوە کورد بەم رۆژە گەیشتووە. 
 
پێویستە کورد بە ئاگابێتەوە لەچى دۆخێکدایە و، دەبێت تێبگات ئەگەر بەخێرایى مشتوماڵێکى پرسى کورد نەکەنەوە، ساڵانى داهاتوو کێشەى کورد دەهێندرێتە خوارەوە بۆ ئاستێکى زۆر نزمتر، کە دوور نییە ئەوکات تەنها رێگەدان بە لەبەرکردنى جل و بەرگى کوردى و قسەکردن بە زمانى کوردى وەک پێدانى ماف و دەستکەوت بۆ کورد وێنا بکرێت.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. گه‌نجۆ خه‌سره‌و، دكتۆرا له‌ جیۆپۆڵەتیك و مامۆستا له‌ زانكۆی كۆیه‌

سه‌رژمێری، دواچه‌قۆی‌ مه‌رگ له‌ جه‌سته‌ی كوردستانییه‌تی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان

ئه‌وه‌ی لێره‌دا ده‌یخه‌مەڕوو، كۆمه‌ڵێك داتای نافه‌رمین و هه‌ندێكی له‌‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ تایبەتییەکانەوە وه‌رگیراون‌ و هه‌ندێكی بڵاوكراوه‌ی رۆژنامه‌وانین، كه‌ پێویستی به‌ هه‌ڵوه‌سته‌یه‌كی جیدیه‌،‌ ئه‌گه‌ر به‌رپرسانی كورد تۆزێ خه‌می خاكیان له‌ دڵ و ده‌روونیان مابێت، ده‌بێت رێكاری پێویست بگرنه‌ به‌ر و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ رابگرن.