ئەو چەند رۆژانە ناكۆكیی نێوان دوو بەرەی ئیسلامی زۆر قووڵبووەتەوە، هەر یەك لەبەرەكانی سەلەفی لەلایەك و ئەشعەری - سۆفی لەلایەكی دیكە سەنگەریان لەیەكدی گرتووە و هێرشی تووند دەكەنە سەر یەکدی.
ناكۆكی ئەو دوو بەرەیە رەگ و ریشەی قووڵی مێژوویی هەیە، نامەوێ لێرە بچمە ناو ئەو لایەنە مێژووییە و ئێوەی خوێنەری پێوە سەرقاڵ بكەم، چونكە زیاتر مەبەستمە تیشك بخەمە سەر گەڕی نوێی ناكۆكیی نێوانیان.
ئەوەی گڕی بەردایە ئەو گەڕەی ناكۆكییەكە گوتارێكی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد بوو، ئەو لە گوتاری هەینی 20ی زولقەعدە – 9ی حوزەیرانی ئەمساڵ بوو بەناونیشانی "وریاكردنەوەی موسڵمانان لە بیروباوەڕە گومراكان"، لەو گوتارەدا د. عەبدوللەتیف ئەحمەد كە زۆر لەمیدیاكان وەك رێبەری رەوتی سەلەفیەت لە هەرێمی كوردستان وێنای دەكەن، هەر یەك لە گرووپەكانی (ئەشعەری، ماتوریدی) لە ریزی گرووپە (گومڕاكان – مونحەریفەكان) ئەژمار دەكات و بەرهەمی هزریان بە "بۆگەن" ناوزەد دەكات و رووشیان تێدەكات و دەڵێت: "گومڕایی بۆ ئێوەیە". لەهەمان گوتاردا دەڵێت: "فرقەیەكی دیكەی گومڕا هات بەناوی سۆفی كە بریتییە لە یەك كوتلە خورافە، ئەو تەسەوفەی لەو سەردەمەدا دەیبینین و بەدی دەكەین،" هاوكات، خەڵكانێك بە "ئەولیای شەیتان" وەسف دەكات، كە سۆفییەكان وەك "ئەولیای رەحمان" دایاندەنێن. ئینجا روودەكاتە ئەوانەی ئەو راستیانە بە خەڵك ناڵێن و دەیشارنەوە و بە "خیانەتكار" ناویان دەبات.
پێشتریش یەكێك لە مەلا دیارەكانی رەوتی سەلەفی بەناوی مەلا هەڵۆ هێرشی تووندی كردبووە سەر رەوتی ئەشعەری، لە یەكێك لە وانەكانیدا لەبارەی پێشەوای رەوتی ئەشعەریەكان (ئەبولحەسەنی ئەشعەری) دەڵێت: "لەكاتێكدا ئیمامە بۆگەنەكەی خۆیان كە بەسەر نێربازییەوە مرد وەكو ئیبن ئەهوازی دەیگێڕێتەوە لەسەر پشتی منداڵێک لە حەمامێكدا مرد، هێنایانە دەرەوە"، لە چەند وانەیەكی دیكەشیدا بە زمانێكی زبر باس لە ئەشعەرییەكان و مامۆستاكانی ئێستایان دەكات.
لەبەرامبەردا بەرەی ئەشعەریەكان كەوتوونەتە خۆ، بە بەیاننامە و یاداشت، لێدوان و گرێدانی كۆنفڕانسی گەورە كەوتوونەتە وەڵامدانەوە، وەڵامەكان جیاواز بوون، هەندێكیان بەهێمنی گفتوگۆیان كردووە و لەدیدی خۆیانەوە راستیی بابەتەكەیان روونكردووەتەوە، ئەواندی دیكەش بەهێرشی تووند بۆ سەر كەسایەتی د. عەبدوللەتیف سەلەفی، وەڵامیان داوەتەوە.
بەرەی ئەشعەری - سۆفی لە وەڵامەكانیان، سەلەفیەكان بە "ئەهلی قیژەقیژ"، "جاهیل و نەزان و خیانەتكار"، "كاڵفام و جنێوفرۆش" وێنا دەكەن، بۆ نموونە: د. ئەحمەد كەركووكی لە وەڵامێكی مەلا هەڵۆدا بەناونیشانی "وەڵامێک بۆ جنێوفرۆش و مەلا کاڵفام و بێ رێزەکان"دا نووسیویەتی: "ئەم جۆرە لە لێدوان و قسەکردنە جگە لەدەرخەری بێ ئەدەبی و دەمشڕی و کەسایەتی لاواز و خاوەن پێشینەی خاوەنەکەی دەردەخات، خاڵیبوونی ئەو کەسە لە هەموو زانیاری و عیلم و مەعریفەتێک دووپات دەکاتەوە."
لەكاردانەوەی ئەشعەرییە سۆفیەكاندا رۆژی 13ی ئەم مانگەش یاداشتێك لەلایەن كۆمەڵێك مامۆستا كە خۆیان بە "دەستەیەک لە زانایانی ئاینی پیرۆزی ئیسلام لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان" ئاراستەی رای گشتی كرا، لەو یاداشتەدا هاتووە: "بەم هەنگاوەیشیان رووی راستەقینەی خۆیان دەردەخەن کە خاوەن بیرێکی تووندڕەوی داعشین و هۆکاری دروستکردنی گرفتن بۆ کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی".
هاوكات، لەو بەیاننامەیەدا جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی: "ئەم جۆرە کەسانە نەک نابنە هۆکاری خزمەتکردن بە مینبەر و میحراب و کۆمەڵگەی کوردەواری، بەڵکو ڤایرۆسێکی کوشندەن کە لە رابردوودا بەهۆی کاری نائەخلاقیان و تێکدانی خێزان و لەخشتە بردنی ئافرەت و ئافرەتی مێرددارو ناشیرینکردنی ناوی مەلا و میحراب و مزگەوت پەڵەیەکی رەشی لەنێوچاوانی خۆی و هاوبیرانی دا، کە بەداخەوە بەهۆی بێدەنگبوونی لایەنی پەیوەندیدار لەکارە بەدەڕەوشتییەکانی زیاتر بواری بۆ ناوبراو رەخساند کە سنووری زانایان و پێشەوایانی موسڵمانان ببەزێنێت".
هەڵدانەوەی مەلەفی یەكدی و شكاندنی كەسایەتیی یەكدی و باز هاوێشتن لە گفتوگۆی هزرییەوە بۆ شكاندنی كەسایەتی یەكدی بە جێودان و ناوزەدكردنی یەكدی بە ناو و ناتۆرەی زۆر ناشرین، بووەتە سیمای دیاری ئەو گەڕەی ناكۆكییەكە، تادێت ناكۆكیەكە قوولتر دەبێتەوە و ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر خراپە، لەبەر ئەم خالانە:
یەكەم: زۆرینەی كوردستانیان موسڵمانن، لەوانە خەڵكێكی زۆر پابەندی سرووتە ئایینیەكانن، ئەو خەڵكانەی كە بەدەستنوێژەوە روو لەمزگەوتەكان دەكەن و ئومێدیانە دەروونیان ئارام بێتەوە و خواپەرستییەكی هێمن بكەن و بەشێك لە نەهامەتیەكانی ژیانیان لە مزگەوتەوە نەمینێت، دەبنە سووتەكی ئەو جەنگە گوتارییە تووندە و گوێیان پڕ دەكرێت لە وشەی نابەجێ، بەمەیش لەبری ئارامبوونەوە زیاتر نائارامییان پێدەبەخشرێت.
دووەم: ئەو ناكۆكیانە شوێنەواری خراپ لەسەر ئاشتیی خێزان بەجێدەهێڵێت، خێزانی وا هەیە باوك و دایك سۆفین و كوڕو كچ سەلەفین، یان بەپێچەوانەوە، كاتێك گوێیان لەو جۆرە بۆچوونانە دەبێت، دەكەونە ناو ئەو ناكۆكییە و بەمەیش ئارامی خێزان دەكەوێتە مەترسییەوە.
سێیەم: ئاشتی كۆمەڵایەتیش بەدەر نییە لەو بابەتە، جاری وایە لەیەك گەڕەك دوو مزگەوتی لێیە یەكێكیان هی سەلەفییەكانە و ئەوەی دیكە هی ئەشعەری – سۆفیەكانە، دانیشتووانی گەڕەكیش دابەشبوونەتە سەر دوو مزگەوتەكە. كاتێك لەو دوو مزگەوتەوە ئاڕاستە دەكرێن وەك دوژمنی یەك، ئەوە مەترسی كردنە كرداری ئەو جۆرە گوتارە پڕ لە رق و كینەیە لەئارادایە، مەترسی دووبارەبوونەوەی هێرشی جەستەیی و تیزاب بەیەك داكردن دێتە پێشەوە، كە لەرابردوودا روویانداوە.
چوارەم: سۆشیاڵ میدیا بووەتە مەیدانێكی هەرە ئەكتیڤی ئەو ململانێیە، پلاتفۆرمەكانی هەردوو بەرە لە سۆشیاڵ میدیا تژین لە رق و كینە بەرامبەر یەكدی، زمانەكەیان ئەوەندە زبرە شەرم دەكەم لێرە ئەو وشانە بۆ ئێوە بگوازمەوە.
پێنجەم: چارەسەرنەكردنی ئەو ناكۆكییە و بنەبڕنەکردنی بەیاسایەكی تۆكمە و بە رەزامەندی رێبەرانی هەردوو رەوت، دەمانخاتە بەردەم مەترسییەكی جیدی، چونكە دەبێتە خاڵێكی لاواز و هەمیشە چەكێكی سانا بەدەست نەیارانی پێكەوەژیان و ئازادی ئایینی لەكوردستان هەر كات بیانەوێ بە سانایی گڕی تێبەر دەدەن.
ئینجا بەو پێیەی هەردووكیان موسڵمانن، هەردووكیشیان بانگەشەی پابەندبوون بە رێبازی ئیسلام و سەروەرەكەی پێغەمبەر محەممەد (د.خ) دەكەن، پێویستە بەبیر هەردوو بەرەكە بێنمەوە ئەوەی ئەوان دەیكەن دوورە لە رەوشت و رێبازی موسڵمانان.
ئیسلام ئایینی خوڕەوشتە وەك ئەوەی ئایینی بیروباوەڕیشە، خوڕەوشت لە كردار و گوفتار یەكێكە لەپایە هەرە گرنگەكانی ئیسلام، لەبەر ئەوە خوای گەورە لە بارەی پەیامهێنەكەیدا دەفەرموێت (وإنك لعلی خلق عظيم)، واتە: "تۆ لەسەر خوڕەوشتێكی گەورەی."
دروشمی ئیسلام لە مامەڵە و گوتاردا (وقولوا للناس حسنا)، واتە: "شتی چاك بەخەلك بڵێن." خۆ ئەگەر كەوتنە گفتوگۆ و بانگەوازی ئەوە پێویستە (أدع إلى سبيل ربك بالحكمة والموعظة الحسنة)، واتە: "بەدانایی و حیكمەت و ئامۆژگاری باش بانگەوازی بۆ رێگای خوا بكەن." لەكاتێكدا ئەگەر تووشی مشتومڕ (جدال) بوون لەگەڵ بێباوەڕان، ئەوە (بالتي هي أحسن) ـ واتە: "بەباشترین شێوە مشتومڕیان لەگەڵ بكەن." جا ئەو شێوازە (چاكترین) دەبێ لەمشتومڕدا لەگەڵ بێباوەڕدا بەكاربهێندرێت، ئەی ئەگەر ئەوە موسڵمان بێت؟
وەڵامی ئەو پرسیارە لە دوو فەرموودەی پێغەمبەردا (د.خ) هەیە، كە دەفەرموێت: (ليس المؤمن بالطعان ولا اللعان ولا الفاحش ولا البذيء) هەر یەك لە پێشەوایانی فەرموودەناس تەبەرانی، تورمزی و ئەحمەد گێڕاویانەتەوە و ئەلبانیش بە فەرموودەیەكی دروست و راست دایناوە. لە فەرموودەیەكی دیكەدا دەفەرمووێت: (سباب المسلم فسوق، وقتاله كفر)، بەپێی ئەو فەرموودەیە، جنێودان بە موسڵمان دەبێتە هۆی فاسقبوون، كەواتە لە خوڕەوشتی موسڵمان نیە جنێو بەیەكدی بدەن، وەك ئەوەی ناو و ناتۆرە لەیەكترنانیش رەوا نییە و بگرە (ویل) كە دۆڵێكە لە دۆزەخ بۆ ئەو كەسانە سازكراوە كە ناو و ناتۆرە لە یەك دەبینەوە" خوا دەفەرموێت: (ویل لكل همزة لمزة).
بەگوێرەی ئەو دەقانە و دەقی دیكەش لە قورئانی پیرۆز و فەرموودەدا، هەردوو بەرە هەڵەن، كە بەو شێوەیە رەفتار دەكەن. بەرەی سەلەفی، كە دەستیان بەهێرشەكە كردووە و هێما دیارەكانی سۆفی – ئەشعەری، كە سەدان ساڵ خزمەتیان بە ئیسلام و موسڵمانان كردووە، بە زمانی زۆر زبر وێنا دەكەن، بەرەی ئەشعەریش كە بە زمانێكی زبر و شێوازی نائیسلامی و ناشارستانی وەڵام دەدەنەوە، راستییەکەی ئەو شێوازەتان لە بری (أحسن) و (حسنی)یەكەی قورئانی پیرۆز، (أقبح) و ناشرینترینە.
بە هەردووكیان دەڵێم: ئەرێ هەستتان چییە ئێستا خەڵكانی دەرەوەی ئیسلام سەیرتان دەكەن ئێوە بەو شێوازە دوور لەبەهای ئیسلامی – مرۆڤایەتی بەربوونەتە گیانی یەكدی و وێنای خۆتان لای ئەوان ناشرین دەكەن و وێنایەكی شێواوی ئیسلامیش بۆ ئەوان دەگوازنەوە؟!
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ