خواردن، رێگا و جیۆپۆلەتیکی چینی

15-10-2024
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
لە ئەدەبیاتی ئیسلامی دا قسەیەک هەیە کە دەڵێ، " بەدوای زانستدا بڕۆ، تەنانەت ئەگەر لە چین بێ." ئەمەش چەندە بۆ باسکردنی بایەخی زانست بێ، ئەوەندەش ئاماژەیەک بووە بۆ دوورییەکەی چین. چینی کۆن بۆ شوێنێکی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەلێ دوور بوو، بەڵام چینی ئێستا نزیکە و رێگاکەی کورتکراوەتەوە.لە راستیدا رێگە بایەخێکی زۆری بۆ جیۆپۆلەتیکی نیوخۆیی و دەرەکی چینی ئەمڕۆ هەیە کە بۆخۆی لە مەنجەڵێکی خواردنی چینی دەچێت کە دەشێ فرەڕەنگ بێ و هەموو شتێکی تێدا بێت.
 
لە ساڵی 1972 دا، یەکێک لە رەهەندە سەمبۆلیکییەکانی سەردانە مێژووییەکەی ریچارد نیکسۆن، سەرۆکی ئەمریکا بۆ پەکین، خواردنی چینی بوو. نیکسۆن بە تواناکەی خۆی لە بەکارهێنانی چیلکەی داری خواردنی چینی(چۆپستیک)، خاوەن ماڵەکەی سەرسام کردبوو. لە گەلێک شوێنی دنیا، خەڵک بەدوای رێگەیەکی ئاسان دا بۆ چۆنیەتی خواردن دەگەڕێت. هەندێک بە کەوچک و چەتاڵ، هەندێکی دیکەش کە هەر فرە تاقەتیان نییە، قۆڵی لێ هەڵدەماڵن و بە دەست ئەیخۆن! نازانم هۆکارەکەی چییە، بەس چینییەکان رێگەیەکی سەختیان هەڵبژاردووە. هەڵگرتنی دەنکی برنج بە دوودانە داری درێژەوە تاقەتێکی زۆری گەرەکە. هەڵبەت ئەمە تەنیا بۆ خواردن وا نییە، بۆ نموونە لە رێنووسی چینیدا، ئەگەربتەوێ پیتێکی وەک ز، م یان واو بنووسی، دەبێ چەندین خەت و شکڵی جیا بکێشی و لێی بزانی هەتا مەرامەکەت بگەیێنیت. بەگشتی چینییەکان خەڵکێکی ئیشکەر و زەحمەتکێشن، بەڵام من لێرەدا، دەمەوێ بە تامی خواردنەکانیان باسی سیاسەت و روانگە جیۆپۆلەتیکییەکەیان بکەم.
 
لە فەلسەفەی کۆنی چیندا دەستەواژەیەک بە ناوی "یین" و "یانگ" هەیە کە چۆنییەتی سووڕانەوەی چەرخی گەردوونت بۆ رووندەکاتەوە. بە گوێرەی ئەوە، هەموو شتێک لەم کەونەدا لەگەڵ دژبەرەکەی خۆیدا واتای هەیە کە دەشێ بەردەوام بگۆڕێن. ئەمەش بازنەیەکی بەردەوامی دژایەتی و پێکەوەبوونە. کاتێ بەم فەلسەفەیەوە چێشتێکی چینی لێ بنێی، دەبێ بزانی کە هەندێ خواردن سروشتێکی ساردی هەیە و هەندێکی دیکەش سروشتێکی گەرم. بۆیە دەبێ هەردووکیان تێکەڵاو بکەی. بۆیە ئاساییە خواردنێک هەم سوێر و هەم شیرین یان توون و شیرین بێت. لە راستیدا یەکێتیی ئەو دووانە دژیەکانە نەک تەنیا لە مەنجەڵی خواردنی چینی، بەڵکو لە سیاسەتی ئەو وڵاتەشدا هەیە. چین خۆی بە وڵاتێکی سۆسیالیست دەزانێ، بەڵام چەندەی سۆسیالیست بێت، ئەوەندەش دژبەرەکەی خۆیەتی، واتا سۆسیالیستێکی کاپیتالیستە!
 
کاتی خۆی، لەبەر سیاسەتە سۆسیالیستییەکانی چین لەسەردەمی ماو تسی تۆنگ، لانیکەم 35 ملیۆن کەس لەبەر برسێتی و کاری زۆرەوە گیانیان لەدەستدابوو. (Dikötter, 2011) دواتر رابەرانی چینی تێگەیشتن کە سۆسیالیزم فرە گەرمە و دەشێ هەندێک ساردی کاپیتالیستیش تێکەڵاوی مەنجەڵەکەیان بکەن، ئەگەر نا خواردنەکەیان دەم دەسووتێنێ. ئێستاش لەهەر سوچێکی شارێکی وەک پەکین دا ئەوەی زۆر بێ، چێشتخانەیە و، لەوانەیە ئەمەش نیشانەیەکی گەشەکردنی ئابووری بێت.
 
چین وڵاتێکی پان و بەرینە لەوپەڕی جیهان. لەدوای هیندستان، بە زیاتر لە ملیارێک و 410 ملیۆن کەسەوە زۆرترین حەشیمەتی جیهانی لە خاکی خۆیدا گلێرکردووەتەوە. زیاتر لە یەک ملیاری ئەو نفوسە زۆرەش لە بەشی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەدایە کە بە لێواری دەریای زەرد و دەریای چینی باشوردا گلێر بوونەتەوە.
 
لەوێ کەشوهەوای گونجاو بۆ کشتوکاڵ، بازرگانی و پیشەسازیی لە لوتکەی خۆیدایە و زۆربەی ناوەندە ئابوورییە گرنگەکانی ئەم وڵاتەش هەر لەوێ هەڵکەوتوون. هەرچی لە باکووری رۆژهەڵاتەوە بەرەو رۆژئاوا و باشووری رۆژائاوای بڕۆی، سەرەتا بیابانە سارد و سەختەکەی گۆبی بە درێژایی 1500 کم و بە پانتایی 800 کم  دێت و دواتریش لە بەری رۆژئاواوە، بیابانی تەقلەمەکان لە ویلایەتی سین کیانگ دێت کە لەڕووی گەورەییەوە، بە هەژدەیەمین بیابانی گەورەی دنیا هەژمار دەکرێ و تا چاو بڕ بکات گردی لمی لێیە. هەرچی بەرەو باشووری رۆژائاوا و تیبەت شۆڕبیتەوە، تۆپۆگرافیای ناوچەکە دەگۆڕێت و کەشوهەوایەکی کوێستانی و ناوچەیەکی سەختی شاخاوی، چین لە نیپاڵ و هیندستان جیا دەکاتەوە. پێکهاتە ئەتنییەکەی چین وەک تۆپۆگرافییەکەی لێک جیاوازە. لە بەشی رۆژهەڵاتی چیندا زیاتر گرووپی ئەتنی هان دەژین کە 90٪ی نفوسی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن. لە باکوور، بە تایبەتی لە مەنگۆلیای ناوخۆ مەغۆل، لە ملی رۆژئاواشەوە لە پارێزگای سین کیانگ ئویگورە موسڵمانەکان دەژین کە دەڕۆنەوە سەر نەژادی تورک. لەشانی باشووری رۆژئاواشەوە تیبەتییەکان هەن. بەشی رۆژئاوای چین لە چاو بەشە رۆژهەڵاتییەکەیدا، هەژارترە و زیاتر ناوچەی کۆێستانی و سارانشینە، بەڵام گرنگییەکی لەڕادەبەدەری بۆ ئاسایشی ئەو وڵاتە هەیە. بیابانەکانی گۆبی و تەقلەمەکان پێشڕەویی هەرجۆرە هێزێکی سەربازی بۆ ناو خاکی چین تووشی گرفت دەکەن و رشتە چیاکانی هیمالایاش وەک دیوارێکی سروشتی، رێ لە شەپۆلی گریمانەیی هاتنی هیندییەکان دەگرێت کە دوور نییە بەو نفوسە زۆرەی خۆیەوە، رۆژێک لە رۆژان بیر لە هەڵکشان بەرەو باکوور بکات. هەر لەبنەڕەتدا ئێستا چین و هیندستان کێشەی سنوریان هەیە. لە پەکین بەرپرسێکی نیپاڵیم بینی کە سکرتێری دوو وەزارەتی وڵاتەکەی بوو. دەستی نایە سەر نەخشە و گوتی ئێمە لە نێوان دوو دێوی گەورەداین، بۆ وڵاتێکی بچکۆلانەی وەک ئێمە باشتروایە کە بێلایەن بین. دواتر قسەکەی بردە سەر ئەوەی کە چۆن راپۆرتیان پێ گەیشتووە لەبارەی ئەوەی کە لە کوردستان و عێراق ناحەقی لەو نیپاڵییانە دەکرێت کە لەوێ کاردەکەن. دەیگوت لە هەندێ شوێن تەنانەت ناهێڵن بە مۆبایل لەگەڵ بنەماڵەکانیشیان قسە بکەن و زۆڵمی زۆریان لێ دەکرێت. ئەمە لە کۆیلەدارییەکی مۆدێرن ئەچێت. گوتی دەمانەوێ چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە بدۆزینەوە. بەو پێیەی کە ئێمەی کورد بۆ خۆمان میللەتێکی ستەملێکراوین، پێمناخۆش بوو کە چیرۆکی ستەم کردن لە کەسی دیکە لە کوردستان ببیستم.
 
لەو کاتەدا یەکێک لە میواندارە چینییەکان، بە تامەزرۆییەکی زۆرەوە باسەکەی بە گەشەکردنی وڵاتەکەی دەستپێکرد. جاران وا بیردەکرایەوە کە دیموکراسی بۆ گەشەکردن زەروورە، بەڵام چین ئەو دەردەی نەبووە و بە بێ دیموکراسیش ئابوورییەکەی خۆی گەشەپێداوە. هەڵبەت ئەمە تەنیا ئامارێکی گشتییە و بە تەواوەتی لەسەر ژیانی هەر تاکێکی رەنگی نەداوەتەوە. داهاتی تاکێکی چینی ساڵانە ناگاتە 13 هەزار دۆلار (CEIC, 2024) لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لە شوێنێکی وەک ئەمریکا سەرووی 81 هەزار دۆلارە و تۆزێک لەولای چینەوە، لە کۆریای باشووریش لە سەرووی 30 هەزار دۆلارەوەیە. نفوسی زۆر واتای هێزی کاری زۆر دەدات، بەڵام لە هەمانکاتیشدا پێویستی بە خۆراک و ئاسایش و خۆشگوزەرانی هەیە. بۆیە وەک تیم مارشاڵ باسی لێ کردووە، چین ملیارێک و 400 ملیۆن هۆکاری هەیە بۆ ئەوەی بەرەدەوام بێت لە گەشەکردن. (Marshall, 2016) ئەگەر نا تووشی کێشە دەبێت. چونکە نفوسێکی زۆری بێکار و کەمدەرامەت، دەتوانێت گەورەترین هەڕەشە لەسەر سیستەمی سیاسی هەر وڵاتێک دروست بکات. ساڵی 1989 ئەو کاتەی کە خۆپێشاندانە خوێناوییەکەی مەیدانی تیان ئان من روویدابوو، گەشەی بەرهەمی نێوخۆیی GDP (جی دی پی) چین 347.79 ملیاری ئەمریکی بووە و لە 2023 شدا ئەو ژمارەیە بۆ17,79 تریلیۆن دۆلار بەرز بووەتەوە.(World Bank, 2024) هەموو گۆشە و کەنارێکی شەقامەکانی پایتەخت پڕن لە کامێرای چاودێری، ئەمە رێژەی ئاسایشی خەڵكی بەرزکردووەتەوە، بەڵام دەتوانێت ئاماژەیەک بێت بۆ ئەوەی کە چۆن چۆنی تەکنەلۆژیای هاوچەرخ یارمەتی حیزبی کۆمۆنیستی داوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو خەڵکە زۆرەی کە لەم وڵاتەدا هەیە.
 
رۆژێک بەرلەوەی بگەڕێمەوە چووم بۆ دیواری گەورەی چین کە بە درێژییەکی 21،196 کیلۆمەترەوە بۆ بەرگریکردن لە خێڵە سارانشینەکان بنیاتنراوە. لە ژێر نمەی بارانێکی کەم و دیمەنێکی تەمومژاویدا بیرم بۆ ئەوە چوو کە هەندێکجار روانگەی چینی کۆن و چینی نوێ  لەیەک ئەچن. لە کۆندا دیواری گەورەیان بنیاتنا و ئێستاش لەم چاخی دیجیتاڵییەدا پەرژینێکی گەورەیان بە دەوری خۆیاندا چنیوە. لەوێ بەکارهێنانی تۆڕەکانی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی قەدەخەیە. بۆ نموونە ئەگەر بتەوێ واتساپ بەکاربێنی، ئەبێ ڤی پی ئێن دابەزێنی ئەگینا ئیشت ناڕوا. رێک وەک بڵێی چینی ئێستاش هاوشێوەی چینی جاران دیوارێکی دیجیتاڵی بۆ خۆی دروست کردبێت. بۆ کەسێکی بیانی ئەمە شتێکی سەیرە، لە کاتێکدا کە چین وەک کارگەی دنیا خەریکی بەرهەمهێنانە و تۆڕێکی فراوانی پەیوەندی لەگەڵ جیهان هەیە. کێ دەزانێ! لەوانەیە ئەمە بابەتێکی سایکۆلۆژی - سیاسی بێت، چونکە هەڕەشەی دەرەکی، هەمیشە بۆ چینییەکان بابەتێکی هەستناک بووە. ئەم وڵاتە لە مێژووی خۆیدا چەندینجار لەلایەن مەغۆل، ئەورووپی و ژاپۆنییەکانەوە داگیرکراوە بۆیە چەندەی دەیانەوێ بە هۆکاری ئابووری- سیاسی یان سەربازی بەڕووی دنیادا بکرێنەوە ئەوەش حەز دەکەن وەک قوتوویەکی داخراو بمێننەوە.
 
پێدەچێ رێگە رەگەزێکی گرنگ بێت لە بیرکردنەوەی جیۆپۆلەتیکی چینیدا کە پەیوەندییەکی راستەوانەی بە کۆنتڕۆڵی پانتایی فراوانی خاک و دابینکردنی یەکانگیرییە سەرزەوینییەکەی، هەروەها بەڕێوەبردەنی نفوسە زۆرەکەی لەگەڵ زەروورەتی گەشەکردنی بەردەوامی ئابورییەکەیدا هەبێت. لە مێژوودا، پێکەوە بەستنەوەی هەردوو رووباری زەرد و رووباری یانگ تسێ کە بە کاری هەزاران کرێکار لە ماوەی سەتان ساڵدا دروستکراوە، گواستنەوەی کاڵای لە نێوان هانی باکوور و هانی باشوور ئاسان کردووە بەڵام لەڕووی سیاسیشەوە شەڕی ناوخۆیی هانەکانی کەم کرد. چینی ئێستاش پردی گەورە و رێگا و شەقامی پڕ لە گوڵ و گوڵزاری زۆری لە نێو وڵاتەکەیدا دروستکردووە. بەوەش، رۆژهەڵات و رۆژئاوای خاکەکەی لە تەونێکدا بە یەک بەستووەتەوە. ساڵی 2006، رێگای ئاسنی هەتا کوێستانەکانی تیبەت برد و هەندێک لە شەمەندەفەرەکانی بە خێرایی 350 کم لە کاژێرێکدا، گەلێک رێگای کورت کردووەتەوە کە دەشێ لە ماوەی درێژخایەندا، تێکەڵاوی زیاتری نەتەوەیی لە وڵاتە دروست بکات. (Marshall, 2016) ئەم رێک کێشەیەکی دێرینە لە کوردستان. جوگرافیای سەخت و ناوچەی لێک دابڕاو، وایکردووە رێگاکان کەم بن و بەوەش یەکانگیری نەتەوەیی و تەنانەت زاراوەیی کوردی ئەستەمتر بێت.
 
هەڵبەت لەدەرەوەی سنوورەکانی، هەموو شوێنێک بۆ چین تەخت نییە و ئاستەنگی زۆری لەبەردەمدایە. گرفتە جیۆپۆلەتیکییەکانی چین لە دەریای چینی باشوور وەک ئامادەیی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، گرفتی درێژخایەنی گەرووی مالاکا کە بەشی زۆری هەناردە و هاوردەی چین لەوێوە دەکرێت، هەروەها پێویستییەکەی بە دەستگەیشتنی زیاتر بە بازاڕەکانی دنیا و مادەی خام، وای لێکردووە تا رێگەی باکوور لە وڵاتانی کەناری دەریای ئارکتیک، و رێگەکانی دیکەی پرۆژەی یەک رێگە و یەک پشتێنە بۆ چینییەکان گەلێک پڕبایەخ بێت. هەر لەو چوارچێوەیەشدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ گەلێک وڵاتی جیهان پەرەپێداوە لە نێویشاندا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقا.
 
بۆ بینینی دیواری چین دەڕۆیشتین کە بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی گامیبیا لە تەنیشتم دانیشتبوو. گەنجێکی رەشتاڵەی باڵابەرز و تێگەیشتوو بوو. کوردیشی دەناسی. بە هۆی باوکییەوە کە کاتی خۆی باڵیۆز بووە لە عێراق و ئێران و سعودی، ناوی بارزانی نەمری بیستبوو. دەیگوت ئەوروپپیەکان کاتێ قەرزمان دەدەنێ مەرجێکی زۆرمان بۆ دادەنێن، بەڵام چینییەکان وا نین. باسی ئەوەی کرد کە رووبارێک وڵاتەکەی ئەوانی کردووەتە دوو لەت، بەڵام چینییەکان لە سەر ئەو رووبارە چەند پردێکیان بۆ دروستکردووین و ئەوەش وڵاتەکەمان یەکانگیرتر دەکات. ئەو دەیگوت من دەزانم کە چینییەکان عاشقی چاوی رەشی ئێمە نین، بەڵام خۆ ئەوروپی و ئەمریکییەکانیش هەر وان و هەرکەسە و بۆ بەرژەوەندی خۆی دێت، بەڵام هیچ نەبێ ئەمان مەرج دانانێن و شتێکت بۆ دروستدەکەن کە پێویستت پێیەتی. قسەکانی ئەو، وەرگێڕانی دیدگای زۆرێک لە دەسەڵاتی ئۆتۆریتەرەکانی ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە مۆدێلی گەشەکردنی چینیان بەلاوە گرنگە.
 
یەکێک لە چینییەکان باسی پرەنسیپی دەستوەرنەدانی وڵاتەکەی لە کاروباری وڵاتانی دیکە دەکرد و دەیگوت، ئێمە وەک رۆژئاوایی و سۆڤێتییەکان نین و مۆدێلی گەشەکردنەکەمان لەسەر بنەمای ئاشتییە. زۆری لەسەر گوت و منیش خەیاڵم لای ئەوە بوو چۆن کاتی خۆی یەکێتیی سۆڤییەت بە دروشمی یەکسانی بۆ کرێکارانی جیهان پەلی دەهاوێشت و رۆژئاواش بەناوی لیبراڵیزم و دیموکراسییەوە ئەو کارەی کرد، ئێستاش چینییەکان بە ناوی ئاشتی و گەشەکردنەوە دەیانەوێ بگەنە هەمو دوونیا. لە راستیدا سروشتی هێزداری هەر وایە دەبی بەرگێکی هەبێ، بەڵام کاتێ گەشەی کرد و منەتی نەما، ئیدی رووە راستەقینەی خۆی پیشان دەدات. ئەمە بۆ سۆڤییەت و رۆژئاواییەکانیش وابوو بۆ چینییەکانیش هەروا دەبێت. هاوشانی گەشەکردنی جی دی پی چین لە 1،21 تریلیۆنی 2000 وە بۆ 17،79 تریلیۆن دۆلاری 2023، خەرجی سەربازی لە وڵاتەش گەشەی کردووە. بۆ نموونە لە 2008دا دەوری 80 ملیار دۆلار بووە بەلام لە 2023دا ئەو ژمارەیە بۆ 219 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە. (IISS, 2024).
 
خاڵێکی دیکە ئەوەبوو کە سیاسەتی دەست وەرنەدان لە شوێنێکی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، خۆی جۆرێکە لە دەستوەردان. چونکە زۆربەی ئەو سیستەمە سیاسییانەی کە هەن لە ناوخۆیاندا کێشەیان هەیە. یان سنوورەکان دەستکردن یان جۆری رژێمەکان خۆسەپێنن، بۆیە پەرەپێدان پەیوەندیی بازرگانی یان پێدانی بێ مەرجی چەک و کەرەستەی سەربازی پێیان، وادەکات کە ئەو رژێمانە بەهێزتربن و مۆدێلی چینی هێشتا وەڵامێکی بۆ ئەمە پێ نییە. لێرە ئابووری بنەمای هەموو رووداوەکان نییە. وەک ئەو پێکدادانە بەردەوامانەی کورد و فەلەستینییەکان  کە بەدرێژایی سەت ساڵی رابردو لەبەر خاک و ناسنامە کراوە نەک ئابووری. ئەوەی قسەی دەکرد خانمێکی بەڕێز بوو، بەڵام وەڵامەکانی بەشی پرسیارەکانی نەدەکرد. بێجگە لەوە ئینگلیزییەکەی بەشی نەدەکرد و منیش لە زمانی چینیدا تەنیا "نیهاو"کەم دەزانی. بۆیە قسەکانمان بە نیوەچڵی مایەوە. ئێمە لەسەر سیاسەت رێکنکەوتبووین، بەڵام هەردووکمان هاوڕابووین لەسەر ئەوەی کە خواردنە چینییەکەی ئەو رۆژە کە مراوییەکی سوورەوەکراو بوو شتێکی بە تام بوو.
 
لەو سەفەرەدا هاوڕێیەکم لەگەڵدا بوو، کاک شیروان! کردبووی بە سوعبەت و دەیگوت مامۆستا هەر کام لەو چینییانە دەبینێت لە سایکس پیکۆوە پێیدا دێ و هەموویان بۆ دەگێڕێتەوە. لە راستیدا چینییەکان کەمتر شارەزای پرسی کوردن، بۆیە هەر کە قسەیان لەگەڵ دەکەی کۆڵی پرسیارت لێ دەکەن و تۆش ناچار دەبیت روونی بکەیتەوە. چینییەکان بۆ پرسی فەلەستین 14 رێکخراویان کۆکردەوە کە یەکیان بخەن، بەڵام پێدەچێ نەیانەوێت زۆر خۆیان لە قەرەی پرسی کورد بدەن. هەرچەند شتێکی رەسمی شک نابەم، بەڵام دەتوانی لەوە تێبگەی کە لەوانەیە زۆریش حەز نەکەن کە تەنانەت نوێنەرایەتییەکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کە قەوارەیەکی دانپێدانراوی دەستووری عێراقی فیدراڵە، لە پەکین بکرێتەوە.
 
چینییەکانی جاران سۆسیالیستی گەرم بوون، بۆیە بزاڤی کوردیان بە دۆستی "ئیستیعمار" دەزانی و خۆیان لێ بەدوور ئەگرت، ئەمانەی ئێستاش ساردییەکەی کاپیتاڵیزمیشیان تێدایە و روانگەیان گۆڕاوە، بەڵام هێشتا دیار نییە کە لەبارەی پرسی کوردەوە چەندێک گۆڕاون!
 
سەرچاوەکان:

Dikötter, F. (2011) Mao's Great Famine: The History of China's Most Devastating Catastrophe, 1958-1962. New York: Bloomsbury USA.
World Bank. (2024) 'GDP (current US$) – China', The World Bank Data. Available at: https://data.worldbank.org/indicator/NY.GDP.MKTP.CD?locations=CN (Accessed: 15 October 2024).
CEIC. (2024) 'China GDP per Capita', CEIC Data. Available at: https://www.ceicdata.com/en/indicator/china/gdp-per-capita (Accessed: 15 October 2024).
Marshall, T. (2016) Prisoners of Geography: Ten Maps That Tell You Everything You Need to Know About Global Politics. London: Elliott and Thompson.
IISS,The International Institute for Strategic Studies (2024) The Military Balance 2024. London: Routledge. ISBN 978-1-032-78004-7.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لیو جیون، كونسوڵی گشتی كۆماری میللی چین له‌ هه‌ولێر

بۆ هاوڕێ کوردەکانم؛ تایوان وڵاتێکی سەربەخۆ نییە

چین یەک کورسیی لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەیە، هەر بۆیە هیچ پرسێکی وەک "دوو چین" یان "یەک چین، یەک تایوان" نییە. لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تایوان بە "تایوان، پارێزگایەکی چین" ناودەبرێت.