خولی دووەمی سەرۆکایەتیی ترەمپ، ناکرێت وەکو پێشهاتێکی سادە لێی بڕواندرێت، ئەمە رووداوێکی ستراتیژییە، کە پێشوەختە لە ئاستی دیپلۆماسی و ئابووری و سەقامگیری لە هاوکێشەی گۆڕانکارییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دیقەتی قووڵ و خوێندنەوەی زۆر هەڵدەگرێت.
لە خولی یەکەم دا، ترەمپ ستراتیژی "گوشار"ی لەسەر ئەورووپا لە بواری ئابووری، لەسەر ئێران، ئابووری و سیاسی و تەنانەت کردەی سەربازیی سنوورداریشی کرد، ئەمەش رووداوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بردە قۆناخێک کە ئەمڕۆ دەبیندرێت لە لوبنان، یەمەن و سووریا و غەززە. هێشتا دووکەڵی کردە سەربازی و لێکەوتەکانی جەنگ کاریگەریی بەسەر ناوچەکەدا ماون و رووداوەکان گەرمتر بوون، زۆر ناوەندی توێژینەوەی جیهانی قسەیان لەسەر رەفتار و دیپلۆماسیی ترەمپ کرد، بەڵام گەڕانەوەی ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتی دا، ئەو خۆی بە براوەی بەهێزتر و کاریگەرتر دەبینێت، پێشووتریش گوتی یارییە کۆنەکان کۆتایی دێن، ئێستاش دەڵێت سەردەمێکی نوێ بۆ ناوچەکە بەڕێوەیە.
لەم خولەدا ترەمپ، بە هێزێکی زۆر زیاترەوە دێتەوە نێو بڕیاریی یەکلاکەرەوە، چونکە هێزی یەکەمی هاوس و سێنات و کۆنگرێسە، ترسی لە شەتداونی حکومەت و بڕیارەکان نییە، ئەوەی بیەوێ بڕیاری لێبدات، دەتوانێت بیکات، بۆیە دەتوانێت زیاتر لە هاوبەشی یان بڕیاری یەکلاکەرەوە پێگەی بەهێزتری لە خولی یەکەم دا هەبێت.
ترەمپ خولی یەکەم بە پرۆڤە و هەنگاوی یەکەم ناوبردووە، هەر پێشوەختە ناوەندەکانی شرۆڤەی جیهانی گوتیان ئێران لە دانانی پزیشکیان بە سەرۆک، یەکەم وڵات بوو خۆی بۆ زمانێکی دیپلۆماسیی نەرم ئامادە کرد، کۆبوونەوەکانی ئیلۆن مەسک لەگەڵ دیپلۆماتە ئێرانییەکان، لەم ماوەیەدا دەریدەخات کە تاران دەیەوێت لەگەڵ ترەمپ سیاسەتی گونجاندن بگرێتە بەر.
بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا ناوچەکە ئاڵۆزە، هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راگرتنی هاوسەنگیی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا، هەنگاوێکی ئەرێنییە لە چونێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دا، بەتایبەت لە دیدارێکدا ترەمپ، نێچیرڤان بارزانی بە جەنگاوەری مەزن ناوهێنا، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە کە کورد دەتوانێت مامەڵەی ژیرانە لەگەڵ ئەمریکا بکات.
هەرێمی کوردستان، کە لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی، کەنداو و لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمان، لە هەندێ بواردا لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵ هاوبەشی هەیە، لە سەقامگیری بەتایبەت لە شەڕی تیرۆردا پێشەنگی هەیە، بۆیە برەودان بە هاوبەشی و راگرتنی باڵانسی دیپلۆماسی لە ناوچەکە و ئامادەکاری زیاتر لە تێگەیشتنی کارنامەی ئەمریکا و وڵاتانی پێشکەوتوو، دەرفەتێکی باشتر بۆ هەرێمی کوردستان دەرەخسێنێت کە بتوانێت لەجیاتی بوونە بەشێک لە ئاڵۆزی ناوچەکە دەبێتە بەشێکی گرنگ لە چارەسەری، ئەمەش چەند هەنگاوێکی پێویستە لەوانە:
یەکەم، یەکڕیزی ناوخۆیی: پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان، کۆتاییهێنان بە ناکۆکییە ناوخۆییەکان.
دووەم، گەشەی دیپلۆماسی بەردەوام: پاراستنی باڵانسی ستراتیژی لە نێوان تورکیا، ئێران و کەنداو و وڵاتانی دیکە، بوونە پردێکی ئاشتی، تاوەکو سەقامگیری زیاتر هەبێ لەوەی بۆشایی بۆ گۆڕەپانی شەڕ دروستبێت.
سێیەم، بنیاتنانی هێزی ئابووری: گەشەپێدانی زیاتری کەرتی وزە، تەکنەلۆژیای زیاتر و ژێرخانی ئابووری بەهێزتر.
سەرەڕای ئەوەی کە سیاسەتەکانی ترەمپ، پێشبینی نەکراوە بەشێوەی ورد، بەڵام باوەڕی ترەمپ و ئەزموونی لە خولی یەکەم ئاماژەی پێشوەختە دەدەن کە کورد چی بکات، بۆ ئەم قۆناخەی هەرێمی کودستان گرنگە کە خوێندنەوەی زیاتری لەسەر دۆخی ناوچەکە هەبێت، پێگەی خۆی وەک هێزێکی ناوچەیی بۆ بەشداریی کارای نێودەوڵەتی بگۆڕێت، ئەمەش بە هاوئاهەنگی زیاتر لەگەڵ عێراقی فیدڕاڵ و وڵاتانی هەرێمی و ئەمریکا و رۆژئاوا دەکرێت.
هەرێمی کوردستان ئەزموونی سەقامگیری ناوخۆیی ساڵانی رابردووی بۆ ئێستا و داهاتووش گرنگە و دەبێ بەسەر چەند ساڵی ناسەقامگیری ناوخۆییدا باز بدات، بۆ ئەوەی سیاسەتی خۆی بۆ داهاتوو دابڕێژێتەوە. سەقامگیری ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگەو پێویستییەکی مێژووییە بۆ ئەوەی سەقامگیرتر و بەهێزتر و کاراتربێت لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ