بودجەی 2025ـی عێراق؛ بۆچی پێویستە زۆربەی بڕگەکان هەمواربکرێنەوە نەوەک تەنیا مادەی 12؟

28-11-2024
مەحموود بابان @MahmoodBaban2
A+ A-
بەرایی
 
بودجە سێ ساڵییەکەی عێراق، بنەمایەکی گشتگیری بۆ داهات و خەرجییەکانی وڵات لەسەر بنەمای خەمڵاندن دانابوو، بەڵام سەرژمێری کۆی ژمارە خەمڵێنراوەکانی بۆ ژمارەی دروست گۆڕی، ئێستاش کە کاتی هەمووارکردنەوە و پەسندکردنی خشتەکانی بودجەی 2025 هاتووە، پێویستە خەرجییەکان، پشکی پارێزگاکان، بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و تەنانەت داهاتیش، پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.  
 
ساڵی رابردوو لەکاتی پەسندکردنی بودجەی 2024، لە پەرلەمان هەموو خشتەکانی داهات و خەرجی وەک ئەوەی ساڵی 2023 پەسندکرا. ئەمە، دەستی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی واڵاکرد بۆ خەرجکردنی دوو تریلیۆن دینار بۆ پارێزگەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق بەبێ پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان، واتە هیچ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی (جەوهەری) لە بڕگەکانی بودجەکەدا نەکرا سەرەڕای جیاوازیی گەورەی ژمارەکان لە بودجە و راپۆرتی وەزارەتی دارایی دا. 
 
ئێستا، کە پەسندکردنی بودجەی 2025 لە پەرلەمانە، نابێت تەنیا هەموو چاوەکان لەسەر هەمواری یەک بڕگە بن، چونکە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا دەرکەوت؛ ئەوەی وەک خەرجی و داهات لە خشتەکان دادەنرێت، بەدی نایەت. بۆ نموونە لە ماوەی نۆ مانگی یەکەمی 2024ـدا کۆی خەرجییەکان 94.8 تریلیۆن دینار بووە و کۆی داهاتیش 114.3 تریلیۆن دینار، واتا سەرڕێژی داهات بەسەر خەرجیدا هەیە نەوەکو کورتهێنان و قەرزکردن بۆ پڕکردنەوەی، وەک ئەوەی لە خشتەکانی بودجە پەسند کراوە.
 
لە رۆژانی رابردوودا، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ هەموارکردنەوەی بودجەی 2025 و بەتایبەتیش بڕگەی ماددەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان و رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان بە سۆمۆ کرد و، لەچاوەڕوانی خوێندنەوەی دووەم و پەسندکردندایە.
 
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا حکومەت و پەرلەمان تەنیا ئەو بڕگەیەی ماددەی 12 هەمواردەکەنەوە وەک ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوایکردووە، یان لەبەر رۆشنایی سەرژمێری، هەڵوەستەیەک لەسەر خشتەی خەرجییەکانی بەکارخستن، وەبەرهێنان و پشکی پارێزگەکان دەکەن و لەبەر رۆشنایی بازاڕی نەوت و بڕیارەکانی ئۆپێک، پێداچوونەوە بە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو و نرخەکەشی دەکەن؟ چونکە بودجەی 2025، دەبێت رەنگدانەوەی سەرژمێری و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکە بێت لە بازاڕی نەوت و توانای دەوڵەت لە کۆکردنەوەی داهاتی نانەوتی نەوەکو خەمڵاندنەکانی ساڵانی رابردوو. 
 
وەبەرهێنانی ژینگەیی سفر و 126 هەزار دینار بۆ پەرلەمانی عێراق!
 
بەپێی راپۆرتێکی وەزارەتی دارایی، لە نۆ مانگی یەکەمی 2024ـدا خەرجیی بەکارخستن 85.3 تریلیۆن دینار و خەرجیی وەبەرهێنان 9.5 تریلیۆن دینارە، بەڵام لە هەمان ماوەی 2023ـدا، خەرجیی بەکارخستن 69.8 تریلیۆن دینار و خەرجیی وەبەرهێنان 8.4 تریلیۆن دینارە، ئەمەش نیشانەیەکی دڵخۆشکەر نییە، چونکە ئەوەی لە بەکارخستن زیادبووە؛ خەرجیی مووچەیە بە بڕی 10.3 تریلیۆن دینار و ئەوەی زۆر گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە، خەرجیی وەبەرهێنانە کە لە 8.4 تریلیۆنەوە بووەتە 9.5 تریلیۆن دینار. 
 
خاڵێکی سەرنجڕاکیش لەماوەی نۆ مانگی رابردوودا لەڕووی خەرجییەوە، بڕی خەرجییەکانی وەبەرهێنانە بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران، کە بڕی 126 هەزار دینار بووە، بەم پارەیە لە پەرلەمان وەبەرهێنان لەچیدا کراوە؟ لەکاتێکدا بڕی 375 ملیار دینار وەک مووچە بۆ پەرلەمانتاران و کارمەندەکانی خەرجکراوە. 
 
لەڕووی ژینگەییەوە لەماوەی 9 مانگی رابردوودا، خەرجیی وەبەرهێنان بۆ وەزارەتی ژینگە سفر دینارە و خەرجی بەکارخستن 42.9 ملیار دینار بووە، چونکە عێراق پێنجەم وڵاتی لاوازی جیهانە بۆ بەرگەگرتنی گۆڕانی کەشوهەوا، قۆناخی کەمبوونەوەی ئاو و بەبیابانبوونی تێنەپەڕاندووە و لەڕووی پاکی هەوای شارەکانیشیدا، هەشت هێندەی ستانداردی جیهان پیسترە و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماشی سێ هێندەی ئاستە جیهانییەکەیە.  
 
ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمی کوردستانەوە، لە خەرجییەکانی حکومەتی فیدراڵی لەو ماوەیەدا، ئەوەیە بۆ ئەمساڵ وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا بۆ مووچە بڕی 8.8 تریلیۆن دیناری لە بودجەی بەکارخستنی خەرجکردووە و، هیچ بڕێکی وەک وەبەرهێنان خەرجنەکردووە، لەساڵی رابردووشدا ئەو بڕە بۆ بەکارخستن و وەبەرهێنان سفر بووە. 
 
خشتەی 1: خەرجییەکانی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی 2024 و 2023دا 
 
 
تێبینی، خەرجیی مووچە و خەرجی پاڵپشتی کۆمەڵایەتی لەنێو خەرجیی بەکارخستن، وەزارەت و شوێنەکانی دیکەش وەک نموونە وەرگیراوە
 
زیادبوونی داهات لە عێراق؛ هێشتا داهاتی نانەوتی نیوەی ئەوە نییە لە بودجەدا دادەنرێت
 
هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت داهاتی نانەوتی ئەمساڵ نەگاتە نیوەی ئەوەی لە خشتەکانی بودجەی 2024ـدا پلانی بۆ دانرابوو، بەڵام لەڕووی بڕیشەوە لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، سێ هێندە زیادیکردووە، بەشێوەیەک لە 4.3 تریلیۆن دینارەوە گەشتووەتە 12.4 تریلیۆن دینار. 
 
کۆی گشتیی داهاتی عێراق لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 114.3 تریلیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا لە نۆ مانگی یەکەمی 2023ـدا 95.8 تریلیۆن دینار بووە، کە بەرزیی نرخی نەوت و زیادەی بڕی بەرهەمهێنراوی نەوت لە 9 مانگی رابردوودا وایان کرد؛ داهاتی نەوتی و سەرچاوە سرووشتییەکان لە 91.4 تریلیۆن دینارەوە، بگاتە 100.3 تریلیۆن دینار وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.
 
خاڵێکی دیکەش لەڕووی داهاتەوە لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا کەمبوونەوەی زیانەکانی ئاڵۆگۆڕی دراوە، وەک لە خشتەی داهاتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دا هاتووە، بەشێوەیەک لە 9 مانگی یەکەمی 2023ـدا عێراق 1.8 تریلیۆن دینار زیانی کردووە یان قەرەبووی هەبووە، بەڵام ئەمساڵ داهاتی ئاڵۆگۆڕی دراو 737 ملیار دینار بووە. هەروەها، باجی داخڵکردنی کاڵا و باج و رسووماتی بەرهەمی نێوخۆییش، زیادیکردووە وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە. 
 
لەڕووی داهاتەوە بۆ بودجەی 2025، پەرلەمانی عێراق دەبێت پێداچوونەوە بە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو، هەناردەکراو و نرخەکەشی وەکو لە بودجە سێ ساڵییەکەدا دانراوە، بکات، چونکە ئۆپێک عێراقی پابەندکردووە بە کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنراو لە سەرەتای سێ مانگی یەکەمدا بە بڕی 95 هەزار بەرمیل و لە 9 مانگی دوای ئەوەش، بە بڕی 70 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت نرخی نەوت ئاڕاستەکەی رووی لە دابەزین بێت، ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەلایەن چینەوە، کە یەک لەسەر سێی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ چین دەڕوات. بێجگە لەوە؛ گەرەنتیی کۆکردنەوەی ئەو بڕە نییە وەکو لە بودجە سێ ساڵییەکەدا هاتووە، چونکە ئەوە دوو ساڵە ناگاتە نیوەی ئەو بڕەی دانراوە.    
 
خشتەی 2: داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە نۆ مانگی یەکەمی 2023 و 2024ـدا
 
تێبینی، لێرەدا جۆری دیکەی داهاتی نانەوتی وەک گۆڕینەوەی دراو، رسوومات، داهاتی دیکەی وەک هاوکاری و هتد... هەیە، کە لەم خشتەیەدا نەهاتووە.
 
ئەنجامەکانی سەرژمێری 2024؛ ئایا دەبێتە بنەمای هەمواری بودجەی 2025ـی عێراق؟
 
بەپێی ئامارە بەراییەکانی سەرژمێری؛ کۆی دانیشتووانی عێراق 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەسن، هەرێمی کوردستان 6 ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەسە، واتە رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە عێراق 14.03% واتە ئەگەر بودجە لەسەر بنەمای دانیشتووان بێت، دەبێت پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە 12.63%ـوە بگۆڕدرێت بۆ 14.03%، زۆربەی بڕگەکانی بودجە و خشتەی خەرجییەکان هەمواردەکرێنەوە. باچاوەڕوان بین، بزانین درێژە بە خەمڵاندنەکان دەدرێت یان سەرژمێری کە تێچووەکەی ملیاران دینار بووە، بە بنەما وەردەگرێت بۆ هەموارەکەی بودجەی 2025. 
 
خاڵێکی دیکە لە سەرژمێری، دەرکەوتنی ژمارەی راستی دیمۆگرافیای دانیشتووانی عێراقە بەشێوەیەک رێژەی 70% خەڵکەکەی لە شارەکان دەژین و رێژەی دەستی هێزی کار (15-60 ساڵ) 60.2% دانیشتووانەکەی پێکدەهێنێت، چ دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی بێکاری و رێژەی هەژاری کە ئێستا 17.6% کۆی دانیشتووان. 
 
هەروەها، هەر پەیوەست بە رێژەی هەژاری لە عێراق، سەرۆکوەزیران لە یادی دوو ساڵەی کابینەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد؛ رێژەی هەژاری لە 10 ملیۆن کەسەوە کەمکردووەتەوە بۆ 7.9 ملیۆن کەس، بەڵام لەڕاستیدا ئەوەی لە پشت کەمبوونەوەی ئەم ژمارەوەیە زیادکردنی خەرجییەکانە بە بڕی 2 تریلیۆن دینار وەک پاڵپشتیی دارایی، نەوەکو پڕۆژەی ستراتیژی، دۆزینەوەی هەلی کار لە دەرەوەی کەرتی گشتی و بنیاتنانی کارامەیی و پاڵپشتی کردنەوەی بازرگانی بچووک بۆ گەنجان و هتد...
 
کۆتایی
 
سەرەڕای سەرڕێژی داهات بەسەر خەرجییەکان، لە 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بەڵام رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی خوارەوە بۆ پێداچوونەوەی خشتەکان و هەموارکردنەوەی بودجەی 2025 پێویستە: 
 
یەکەم، ئێستا عێراق لە خەمڵاندنەکان رزگارکراوە. داتای درووستی دانیشتوان بەگوێرەی پارێزگاکان و هەرێمی کوردستانیش بەردەستە و رۆژانی داهاتووش داتای رەوشی ئابووری و گوزەرانی دانیشتووانیش لە سەرتاسەری عێراق بەردەست دەبێت، ئەگەر داتاکانی ئەم سەرژمێرییە لە بودجەی وڵاتدا رەنگنەداتەوە، بۆچی ملیاران دینار بۆ کۆکردنەوەی خەرجکرا؟ 
 
دووەم: گفتوگۆکانی پەرلەمان نابێت تەنیا لە چوارچیوەی پرسی هەمووارکردنەوەی ئەو ماددەیە بێت کە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و رادەستکردنی بە سۆمۆ لەخۆبگرێت، چونکە ئێستا عێراق لەنێو ئۆپێک و هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس دا رووبەڕووی راستییەکی دیکەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بووەتەوە، هەربۆیە رۆژانی رابردوو، وەزیری نەوتی سعودیە و جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری وزە، خۆیان گەیاندە بەغدا و لەگەڵ سوودانی وەک دووەم گەورە بەرهەمهێنەری نەوت لە نێو رێکخراوەکە، کۆبوونەوە. پێش کۆبوونەوەی 1ـی کانوونی دووەمی 2024 لەبارەی داهاتووی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت و جێگیرکردنی نرخەکەی لە 2025ـدا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی داهاتی نانەوتی نیوەی ئەوە نەبووە، کە لە بودجەدا دادەنرێت. 
 
سێیەم و کۆتایی، پێویستە پلانی کرداری لە بودجەی وڵاتەوە بۆ کەمکردنەوەی هەژاری و رەخساندنی هەلی کار و زیادکردنی خەرجی وەبەرهێنانی ژینگەیی، کشتوکاڵی و پیشەسازی هەبێت، تاوەکو زیادکردنی خەرجیی بەکارخستن، چونکە ئەگەر کەمکردنەوەی رێژەی 5.4٪ هەژاری پێویستی بە زیادکردنی 2 تریلیۆن دیناری پاڵپشتی دارایی و خەرجیی 10 تریلیۆن دیناری مووچە لە 9 مانگی ساڵ هەبووبێت، ئەوا یەک لەسەر سێی بودجەی داهاتووی وڵات پێویستە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی هەژاری بۆ یەک ژمارەیی لە عێراق، ئەمەش ئەگەر نرخی نەوت نەیگەیێنێتەوە رێژەکەی پێشووتر و بگرە خراپتریش لە داهاتوودا. 
 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. روەیدا مستەفا

گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکانی خولی تازەی ترەمپ

بۆ هەرێمی کوردستان کە ئێستا ناوچەکە ئاڵۆزە، هەنگاوەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە راگرتنی هاوسەنگیی دیپلۆماسی لە ناوچەکەدا، هەنگاوێکی ئەرێنییە لە چونێتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دا، بەتایبەت لە دیدارێکدا ترەمپ، نێچیرڤان بارزانی بە جەنگاوەری مەزن ناوهێنا، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە کە کورد دەتوانێت مامەڵەی ژیرانە لەگەڵ ئەمریکا بکات