G20ـی هیندستان فیلمی هیندی نەبوو بۆ چین!

12-09-2023
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
A+ A-
 
گرووپی 20 کار بۆ باشترکردنی دۆخی ئابووریی جیهان و بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرەوپێشچوونی بەردەوام لە جیهاندا دەکات. ئەوەی جێی سەرنجە لە G20ـی ئەمساڵ کە هیندستان سەرۆکایەتیی دەکرد و لە نیودێلهی میوانداریی کرد، نێوەڕۆکی بابەتی لووتکەکە ئەوەندەی میوانەکان نەبووە جێگەی سەرنج. 
 
چاوی هەموو دونیا لەسەر ئامادەنەبوونی دوو میوانی گرنگ بوو لە لووتکەکەدا، کە هەریەک لە شی جینگ پینگ، سەرۆکی چین و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیان. دەشێ هەر بەهۆی شەڕی ئۆکراینا کە پووتین لەلایەن دادگای تاوانی جیهانی (ICC)ـیەوە داواکراوە، نەیتوانیبێت بەشداربێت، بەڵام بەشدارینەکردنی شی جینگ پینگ، پرسیاری دورستکردووە چەند بۆچوونی جیاواز هەن، سەرەکیترینیان وەک هاوسۆزیێک لەبەر بەشدارینەکردنی پووتین، ئەویش بەشدارنەبووە و، لی چیانگ، سەرۆکوەزیرانی چین سەرۆکایەتیی شاندی چینی دەکات و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا سەرۆکایەتیی شاندی رووسیا دەکات. 
 
دەتوانرێ هیندستان و ئەمریکا بە براوە دابنرێن لە بەشدارنەبوونی سەرۆکی چین، بەم شێوەیەش سیاسەت و هەژموونی رابەرایەتیی ئەمریکا لە چالاکی وا گرنگ لە باشووری ئاسیادا زەقتربووەوە. سەبارەت بە دیارنەبوونی پووتین، لولا داسێلڤا، سەرۆکی بەڕازیل کە میوانداریی گرووپی 20ـی ساڵی 2024 لە شاری ریۆ دیجارینۆی وڵاتەکەی دەکات، دڵنیایی داوەتە پووتین لەوەی دەتوانێت ساڵی داهاتوو بەشدار بێت و هیچ مەترسی دەستبەسەرکردنیشی نابێت. ئەم لێدوانەی سەرۆکی بەرازیل لەژێر گوشار و کاریگەریی چین و پەیوەندیی باشی نێوان چین و بەرازیل و رۆڵی سەرەکییانە لە کۆڕبەندی بریکس (BRICS)کە لە مانگی رابردوودا لە ئەفریقا بەسترا، بەهۆی ئەوەش لۆلا ناچاربوو ئەم پێشوازییە لە پووتین بکات بۆ ساڵی داهاتوو. 
 
چوار خاڵی گرنگ کە وایان کردووە شی جینگ پینگ لە لووتکەی گرووپی 20ـدا ئامادەنەبێت: 
 
• ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا لەسەر کێشەی تایوان و سیاسەتی ئابووریی چین لە جیهان کە ئەمریکا لێی نیگەرانە. 
• ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی چین و هیندستان لەبارەی سنوورەکانیان، لەکاتێکدا ئەم کۆڕبەندەی ئەمساڵ لە هیندستانە.
 • دۆزینەوەی جێگرەوەیێک بۆ G20 وەک BRICS کە زیاتر لەژێر کاریگەریی و هەژموونی چین و ئاسیا بێت نەوەک ئەمریکا.
• پەنجەی تۆمەت و خەتابارکردنی رووسیا لە شەڕی ئۆکرایناوە لەلایەن ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپاوە، ئەمەش وەک وەڵامێک بوو بۆ رۆژئاوا و جیهان، کە شی هاوتا رۆژهەڵاتییەکەی بەتەنیا جێناهێڵێت. 
 
ئەمریکا بۆ رێگریکردن لە هەژموونی چین و گەشەکردنی لە ئاسیا و پاسیفیک، هەوڵدەدات پەیوەندیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی ئاسیایی و ناوچەکە باشتر بکات، واشنتن وەک بەشێک لە ستراتیژیەتی هیندۆ -پاسیفیک هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ ئەوەی هاوپەیمانی ئاسیایی زیاد بکات. لەو چوارچێوەیەدا دیالۆگی لەگەڵ هیندستان، ژاپۆن، ئوسترالیا کردووە، هەروەها AUKU Pactـی لەگەڵ بەریتانیا و ئوسترالیا کردووە بۆ رکابەریکردن و راگرتن یان کەمکردنەوەی هەژموونی چین. 
 
جۆ بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی یەکشەممە وەک پێنجەم سەرۆکی ئەمریکا پێی خستە سەر خاکی دووژمنی رابردووەی، ڤیێتنام! دوای ئەو هەموو شەڕە خوێناوی و کوشتارەی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش بە گرنگترین سەردان دادەنرێت دوای سەردانی بیل کلینتۆن لە ساڵی 2000 کە دووبارە پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ ڤیێتنام بەستەوە و هەوڵی دا لاپەڕەیێکی نوێ لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بکەنەوە.
 
 ئەمە لەکاتێکدایە ڤیێتنام تۆمەتبار دەکرێت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، کە ئەوەش دژی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکایە، بەڵام بایدن بۆ ئەوەی پەیامی خۆی بە چین بگەیێنێت، گەشتەکەی بۆ هانۆی پایتەختی ڤیێتنام کرد. چین هەمیشە نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پاسیفیک و گەرووی تایوان نیشانداوە و سەرکۆنەی ئەم دەستتێوەردانانەی ئەمریکاش دەکات. 
 
لە دوو دەیەی رابردوودا، دووبەرەکی و ئاڵۆزییەکانی چین و ئەمریکا لەسەر بابەتی ئابووری و ئاسایش و مافی مرۆڤ بوون. بایدن لە هانۆی پایتەختی ڤیێتنام گوتی؛ ئەمریکا و ڤیێتنام یەکگرتوون لە کۆنترۆڵکردنی شەڕانگێزیی چین لە زەریای هێمن و، ئاسایشی هانۆی گرنگە بۆ ئەمریکا. بایدن بە راشکاوی چینی تۆمەتبار کرد بەوەی یاساکانی یاریی بازرگانی گۆڕیوە و دەیەوێت سیاسەتی ئابووریی جیهان لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە، بەڵام هیوای خواست پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و سەرۆک شی جینگ پینگ لەسەر رێگەی دروست بێت. ئەمریکا هەر بەوەش نەوەستا؛ رۆژی شەممە لە پەراوێزی G20ـدا رێڕەوی ئابووریی هیندستان - رۆژهەڵاتی نێوەڕاست - ئەوروپای وەک شوێنگرەوەیەک بۆ رێگەی ئاوریشمی چین راگەیێندرا و، ئەمریکا ئەو پڕۆژەیەی بە "بازاڕی گەورەی راستەقینە" ناونا. هەر بۆیە ئابووریناسان و شارەزایانی بواری ئابووری لەم کارەدا هیندستان بە براوە دادەنێن لە غیابی چین لە لووتکەی G20ـدا
 
ئەم رێڕەوە بەندەرەکانی هیندستان بە ئیمارات و بە رێگەی ئاسنی بە نێو خاکی سعودیە تا دەگاتە حەیفای ئیسرائیل و دەریای نێوەڕاست و بەندەرەکانی ئەوروپا دەبەستێتەوە؛ لەگەڵ سەرکەوتنی ئەم رێگەیە گورزێکی کوشندە بە رێگەی ئاوریشمیی نوێی چینی دەکەوێت، کە سەرۆک شی لە ساڵی 2013ـەوە رایگەیاندووە و زیاتر لە 70 وڵاتی جیهان ئەندامن تێیدا. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هیوا جەمال

خاکژمێری

لەسەر خاکی کوردستان هەر نەتەوەیەک بژیت، هەر خاکی کوردستانە، گرنگە ئەمە تۆخبکرێتەوە کە خاکی کوردستانە، نەوەکو خاکی کورد، چونکە لە کوردستان نەتەوەی دیکەی دەژین، کورد نابێت نکۆڵی لەوە بکات، عەرەب لەسەر خاکەکەی بژین، هەروەک چۆن نکۆڵی لە نەتەوەی تورکمان، ئاشووری، کلدان، سریان و ئەرمەن ناکات.