جینۆسایدی كوردانی ئێزدی وەک بەشێک لە ئەنفالی كورد

07-08-2023
د. ئادەم بێدار
A+ A-
 
رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014 رۆژێكی دیكەی كارەساتبارە لە مێژووی كورد و کوردی ئێزدیدا، لەو رۆژەدا داعش شاڵاوێکی کۆمەڵکوژی رێكخراوی ئەنجامدا، هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر قەزای شنگال و لە چەند رۆژێکدا گەورەترین تاوانی دژی کوردانی ئێزدی ئەنجامدا، كوشتنی بەكۆمەڵی گەنج و پیاو، رفاندن و بە سەبایاكردنی كچ و ژنان و دەستدرێژیکردنە سەریان، منداڵانیان رفاند و لە سەربازگەكانی بەناو "ئەشبالی خیلافەت"دا راهێنان لەسەر سەربڕین و خۆتەقاندنەوە، ژمارەیەكی ئێجگار زۆریش ئاوارە بوون و بەشێكیان لە رێگا و بەهۆی گەرما و نەبوونی خواردن و خواردنەوە گیانیان لەدەستدا.
 
داعش بۆچی كوردانی ئێزدیی جینۆساید كرد؟
 
پێش هێرشكردنە سەر شنگال، داعش ناوچەی دیكەی كۆنترۆڵ كردبوو، لەو ناوچانە ئایینی جیاواز هەبوون، بەتایبەت لە موسڵ، کە كرستیانێکی زۆر دەژیان، بەڵام داعش دەستی بەسەر ماڵ و موڵكەكانیاندا گرت و شاربەدەری كردن، لەگەڵ ئەوەش كەسیانی نەكردە كۆیلە، بەڵكو رێگەی دان شارەكە جێبهێڵن، بەڵام كە شنگالی داگیركرد، بەشێوەیەكی دیكە بوو، داعش لەوێ قێزەونترین تاوانی سەردەمی ئەنجامدا دژی كوردانی ئێزدی، بەڵام بۆچی؟
 
ئەگەر بەدوای وەڵامی رواڵەتیدا بگەڕێین، ئەوە لای داعش خۆی وەڵامەكەمان دەست دەكەوێت، داعش لە رێگەی یەكێك لە كەناڵە فەرمییەكانی خۆی بەناوی گۆڤاری "دابق" كە زمانحاڵی فەرمی بوو، شەرعیەتی دا بە سەبایاكردنی كچ و ژنی كوردی ئێزدی، ئەوان لە رێگەی بابەتێكیان كە لە ژمارە چواری رۆژی 12/10/2014ی گۆڤارەکەدا بڵاویان كردەوە بە ناونیشانی "زیندووكردنەوەی كۆیلایەتی پێش هاتنی كۆتایی" دیدی خۆیان بۆ هۆكاری مامەڵەیان لەگەڵ كوردانی ئێزدی خستبووە روو. لەو نووسینەی "دابق"دا هاتبوو: "قوتابیانی زانست (لەناو ریزەكانیان) توێژینەوە و لێكۆڵینەوەیان كردووە لەسەر وەسفكردنی بابەتی ئێزدییەكان پێش ئەوەی بچینە ناوچەكانیان لە شنگال." 
 
داعش لەو بابەتەدا ئێزدییەكان بە "شەیتانپەرست" تۆمەتبار دەكات و سەر و ماڵیان حەڵاڵ دەكات، هاوكات لە راگەیێندراوەكانیشیاندا هێرشكردنە سەر شنگال بە "غەزوەی شنگال" ناوزەد کرد.
 
لە روواڵەتدا، ئەگەر بە سادەیی لەو بابەتە بڕوانین، تاكە هۆكار رەهەندە ئاینییەكەیە، بە دیدی داعش؛ كوردانی ئێزدی "هەڵگەڕاوە – مورەتەد"ن، لەبەرئەوە دەبێ بكوژرێن و سەر و ماڵیان حەڵاڵە بۆ بەناو "موجاهیدەكان"، بەڵام ئایا داعش بە هەمانشێوە مامەڵەی لەگەڵ هەموو ئەوانەدا كردووە كە بە "هەڵگەڕاوە – مورتەد"ی داناون؟
 
لە وەڵامدا نەخێر، ئەگەر بە وردی سەیری ئەدەبیاتی داعش بكەین، دەبینین ئەوان هەموو ئەندامانی هێزەكانی عێراقیان بە "هەڵگەڕاوە" داناوە، بەردەوامیش لەژێر ئەو ناونیشانەوە هەوڵیانداوە شەرعیەت بدەنە کردە خۆکوژییەکان و هێرشكردنە سەر ناوچەكانیان، بەڵام هیچ كاتێك كچ و ژن و منداڵی ئەو خەڵكانەی كە ئەندامی هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و سوپای عێراقی بوون، نەیكردوونەتە كۆیلە و سەبایا، بەڵكو بەپێی راگەیێندراوە فەرمییەكان، تاوەکو ئێستا دەركەوتووە تەنیا كوردانی ئێزدی بە كۆیلە كردوون، ئەمەش پرسیار دەخاتە سەر تێگەیشتنە رواڵەتییەكە و گومانی گەورە دەخاتە سەری!
 
كەواتە ئەی بۆچی داعش ئەم كارەی دژ بە كوردانی ئێزدی كرد؟
 
بەبۆچوونی من، هۆكارە سەرەكییەكە كوردبوونە ئینجا ئێزدیبوون، ئەمەیش لەبەر ئەو هۆكارانەی خوارەوە:
 
• بەكۆیلەنەكردنی "هەڵگەڕاوەكان"ی نەتەوەكانی دیكە:
 
لەناو هەموو ئەوانەی بە "هەڵگەڕاوە" ئەژماری كردوون، داعش ئەمەی تەنیا بەرامبەر کوردانی ئێزدیی كردووە، بەرامبەر عەرەب و توركمانەكانی نەكردووە.
 
• سڕینەوەی كوردی موسڵمان:
 
داعش هەموو هێزی خۆی بۆ سڕینەوەی بە هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە تاقیكردەوە، ژمارەیەك پێشمەرگەی كوردی موسڵمانی سەربڕی، ئەگەر بابەتەكە تەنیا بەهۆی جیاوازی ئاینییەوە بوایە، دەبوو ئەو پێشمەرگانە نەكوژێت، چونكە موسڵمان بوون!
 
• نەتەوەپەرستی داعش:
 
داعش تەنیا رووە ئاینییە تووندژئاژۆكەی دەرخستووە، بەڵام رووە نەتەوەپەرستییەكەی هیچی كەمتر نییە لە رووە ئاینییەكەی، ئەوان هەمیشە نەژادی عەرەب بە باشترین نەژاد دەزانن، تەنیا عەرەبیش بە شایستەی خەلافەت دەزانن، زمانی عەرەبییش بە باشترین زمان دەزانن و پێیانوایە دەبێت هەموو موسڵمانێك خزمەتی بكات، بەمەش لەژێر پەردەی ئایینەوە عەرەبچێتی دەكەن.
 
• حزووری بەهێزی بەعسچێتی لەنێو داعش:
 
پەیوەندیی نێوان داعش و حیزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراكی یەكێكی دیكەیە لە هۆكارەكان، ئەگەرچی هەندێك كەس و لایەن بوونی پەیوەندییەكی لەو شێوەیە رەتدەكەنەوە، بەڵام لەراستیدا پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوانیاندا هەیە ، ئەو بەهێزییەش لەو خاڵانە رەنگدەداتەوە:
 
- هەردوولا خزمەت بە عرووبە دەكەن.
 
- ئەمریكا و ئێران بە دوژمنی هاوبەشی خۆیان دەزانن.
 
- باوەڕیان بە بوونی وڵاتێكی یەكگرتووی بەهێز هەیە.
 
- خزمەتی زۆری بەعس بەشێوازی تێگەیشتنی ئایینی داعش كە خۆی لە هەڵمەتەكانی باوەڕی "الحملات الإيمانية"دا دەبینێتەوە.
 
- حزووری بەهێزی گەورە ئەفسەرانی سوپای عێراقی سەردەمی بەعس، ئەمەیش پێویستی بەهەڵوەستە لەسەر كردنە.
       
پەیوەندیی نێوان داعش و بەعس:
 
دوای کۆنترۆڵکردنی عێراق لە ساڵی 2003، پۆل بریمەر، حاکمی ئەوکاتی عێراق، بە بڕیارێك سوپای عێراقی هەڵوەشاندەوە، بەمەش زیاتر لە 250 هەزار سەرباز بێكار بوون و لەرێگەی رێکخراوە بەناو جیهادییە تووندئاژۆكان پەنایان بردە بەر تۆڵە. دەستكەوتنی ئامارێكی ورد لەو بارەوە زەحمەتە، لە ئابی 2015 رۆژنامەی "هائارتس"ی ئیسرائیلی ژمارەی ئەو ئەفسەرانەی سوپای بەعس و ئەندامانەی دەزگای هەواڵگری بەعس لەناو داعشدا ئاشكرا كرد کە لە نێوان 100 بۆ 160 كەس دەبن.
 
چەند كەسێك لەناو داعش هاتوونەتە دەرەوە و شایەتی ئەوەیان داوە بەعسییەكان رۆڵێكی زۆر گرنگ و رێكخراویان بینیوە لەنێویاندا، لەوانە كەسێک بەناوی "ئەبو ئەحمەد" لە 28ی ئازاری 2014 بەدواوە دەستی بە بڵاوكردنەوەی دانپێدانانەکەی كرد لەو رووەوە.
 
پێشتر ئەندامانی حیزبی بەعس – باڵی عیزەت دووری، لە لێدوانی رۆژنامەڤانییاندا ئەوەیان ئاشكرا كردبوو كە ئەفسەرانی سوپای عێراقی پێشوو لەپاڵ "موجاهیدەكان" و رۆڵەكانی عەشیرەتەكان شەڕ دەكەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكان. "ئەبو حارس" ناوی ئەو سەركردەیەی بەعسە لە باڵەكەی عیزەت دووری لە لێدوانێكی رۆژمانەڤانیدا دانی بە بوونی ئەو پەیوەندییەدا ناوە، هۆكاری هاوئاهەنگیی لەگەڵ ئەبوبەكر بەغدادی بۆ "دوژمنی هاوبەش"یان دەگەرێنێتەوە كە ئەمریكا و ئێرانن.
 
گەورە پیاوانی بەعس بەشێكی دیار بوون لە بەرهەڵستی چەكداری هێزەكانی ئەمریکا، ئەوان رۆڵێكی كاریگەریان دەبینی لە دژایەتیكردنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانیان لەدوای 2003، بەڵام بەهۆی ئەو زەبرانەی بەریان كەوت بەتایبەت لەدرووستكردنی هێزەكانی "سەحوە" لەلایەن ئەمریكاوە، لەهەمان كات بەهۆی چوونە ناو پرۆسەی سیاسی بەشێكی دیكەی عەرەبی سوننە، ئیدی هێدی هێدی نائومێدی دایگرتن و لە 2007ەوە بوونێكی ئەوتۆیان لەسەر گۆڕەپانەكە نەما، بەمەیش هەمیشە چاوەڕێی هەڵێكیان دەكرد بۆ ئەوەی بەهێزەوە بگەڕێنەوە سەر گۆڕەپانەكە، بێگومان داعشیش دەرفەتێكی زێڕین بوو بۆ ئەوان تا ئامانجەكانیان لەو رێگایەوە بپێكن.
 
ئەو رۆڵە گەورەی ئەفسەرێكی سوپای عێراقی سەردەمی بەعس بەناوی "حاجی بەكر"، لەناو داعشدا گێڕاویەتی، سەمیر عەبد محەممەد خلێفاوی ناسراو بە "حاجی بەكر" عەقیدێكی سوپای عێراقی سەردەمی بەعس بووە "عەڕاب"ی داعش و دەستی ڕاستی خەلیفەكەیان "ئەبوبەكر بەغدادی".
 
بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراقی پێشوو لەلایەن "پۆل بریمەر"ەوە، "حاجی بەكر" دوای بێكاربوونی بەرەو توندئاژۆیی هەنگاوی ناوە، لە 2006 دیداری لەگەڵ "ئەبو موسعەب زەرقاوی "هەبووە پاشانیش لەنێوان 2006 – 2008 لەلایەن ئەمریكییەكانەوە خراوەت بەندیخانەو بەشێك لەسەرچاوەكان دەڵێن "لە بەندیخانەی "بۆكا" بەند كراوە، دیارە هەر لەو كاتەشەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەرانی تووندئاژۆكان درووست كردووە.
 
حاجی بەكر، وەك سەرچاوە رۆژنامەڤانییەكان ئاماژەی بۆ دەكەن، لە بنەمادا كەسێكی نەتەوەیی بووە، بەهۆی رووبەڕووبوونەوەیەكی لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان لە سەرەتای 2014 لە سووریا لەناو ماڵةكەی كوژراوە. رۆژنامەی "دێرشبیگڵ"ی ئەڵمانی دوای دانوستاندنی لەگەڵ ئەو گرووپە چەكدارەی "حاجی بەكر"ی كوشتووە كۆمەڵێك بەڵگەنامە و دەستنووسی دەستكەوتووە و بڵاویكردوونەتەوە، بەڵگەنامەكان دووپاتی دەكەنەوە ئەو ئەفسەرەی پێشووی سوپای عێراقی سەردەمی بەعس "عەڕاب"ی دروستكردنی داعش بووە. 
 
كەسێكی دیكەی بەهێزی نێو داعش (عەبدوڵڵا قەرداش)ـە، ئەو كە بە (ئەبو ئیبراهیم هاشمی قوڕەشی) لەلایەن داعشەوە ناسێندراوە، ناوی خۆی (محەممەد سەعید عەبدولڕەحمان مەولا)یەو بە "حاجی عەبدوڵڵا"ش ناسراوە، لەدایكبووی شارەدێی محەلەبیەیە لە تەلەعفەری پارێزگای نەینەوا لەساڵی 1976، ئەو سەركردەیەی داعش دەرچووی بەشی (زانستەكانی قورئان)ی كۆلێژی پەروەردەی زانكۆی موسڵی لەساڵی 2000 بە پلەی "باشترین" تەواو كردووە، دوای تەواوكردنی كۆلێژ لە دەوروبەری بەغدا بۆ ماوەی دوو ساڵ 2000 – 2002 لەسەردەمی دەسەڵاتی بەعس سەرباز بووە.
 
حاجی عەبدوڵلا، پێش داعش بەیعەتی بە (ئەبو عەلی ئەنباری) داوە و چووەتە ناو رێكخراوەكەی ئەبوو موسعەب زەرقاوی، دوای ئەوەی ئەبو عومەر بەغدادی، لە ساڵی 2007 دەوڵةتەكەی رادەگەینێت، حاجی عەبدوڵا دەكرێـتە لێڤەگەڕی شەرعی دەوڵەتەكە. كاتێكیش ساڵی 2008 لەلایەن هێزێكی ئەمریكیەوە دەستبەسەر دەكرێت" دەخرێتە بەندیخانەی بۆكا. دوای دەرچوونیشی لەبەندیخانە، پەیوەندی بە ئەبووبەكر بەغدادییەوە دەكات و دەبێتە كەسێكی زۆر نزیك و متمانەپێكراوی بەغدادی و بە "قازی دەوڵەت" دەستنیشان دەكرێت. دواتر وەك مامۆستاش لەپەیمانگای داعش لە موسڵ وانەی بە قوتابییەكان داوە.
 
لە 7 ی ئابی 2019 ئاژانسی هەواڵی "ئەعماق"ی داعش رایگەیاند: (عەبدوڵلا قەرداش) واتە حاجی عەبدوڵڵا لەلایەن ئەبووبەكر بەغدادییەوە وەك جێنشینی خۆی دیاریكراوە، دواتریش دوای كوژرانی بەغدادی وەك خەلیفەی داعش راگەیێندراوە.
 
عەبدوڵڵا قەرداش بە یەكێك لە گەورە مونەزیرە هزرییەكانی داعش و بە ئەندازیاری بەسەبایاكردنی كچ و ژنانی کوردی ئێزدی دادەندرێت، كاتێكیش لەلایەن هێزێكی تایبەتی ئەمریكییەوە لە كردەوەیەكی تایبەتدا لەناو شوێنی مانەوەی لە ناوچەی (أطمة) ی ئیدلیب دەورەدرا و لە ئەنجامی تەقینەوەیەك كوژرا، میدیا لەناوبردنی ئەندازیاری بەسەبایاكردنی كچ و ژنانی کوردی ئێزدییان راگەیاند.
 
كەواتە لەپاڵ ئەو ئامادەییە گەورەیەی ئەفسەرانی بەعس لەناو داعش هەیان بووە، هەردوو بەعسییەكە رۆڵێكی دیاریان هەبووە لەناو داعش، (حاجی بەكر) رۆڵی دامەزرێنەری كردەیی و عەڕابی بینیوە و (عەبدوڵلا قەرداش) عەڕابی بە سەبایاكردنی كچ و ژنانی کوردی ئێزدی بووە، بەعسیش خۆی عەڕابی ئەنفالكردنی كورد بووە، سەركردەكانی هیچ درێخیان نەكردووە لە كوشتنی بەكۆمەڵ و كیمیابارانكردن و زیندەبەچاڵکردنی بەكۆمەڵ و دەستدرێژی و بگرە فرۆشتنی كچ و ژنانی كورد لەكاتی شاڵاوەكانی ئەنفال، ئەوان كوردیان جینۆسایدكرد لەكاتێكدا كە زۆرینەی هەرە زۆری موسڵمان بوون لەژێر ئایەتی (ئەنفال) لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو بەعس ئەوانەی بەسەری كورد هێنا، كەواتە سەرەنجام لەهەردوو حالەتدا بەعس دارێژەری پلانەكە بووە، بیانووی هەردووكیشی هەڵگەڕانەوە بووە، تاکە جیاوازیی نێوانیان جیاوازی بەرگەكانیان بووە، یەكەمیان بە بەرگی بەعسێتی و دووەمیان بەبەرگی داعشێتی ئەنجامدراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...