پرۆسەى هەڵبژاردن لەبەردەم ئەنجامدانى و دواخستنیدا

04-05-2024
عارف قوربانی
عارف قوربانی
A+ A-
 
هەرێمى کوردستان وەک زادەى هەلومەرج و قۆناخێکى راگوزەر، لەسەرەتاوە سیستمى بەڕێوەبردنەکەى بە ناسرووشتى دامەزرا، بەهۆى ئەو پاشخانە خوێناوییەى ململانێى هێزە سیاسییەکانییەوە، بەتایبەت (پارتى و یەکێتیى)، کە مێژووەکەى بۆ سەرەتاى ناکۆکى و ململانێکانى 1964 دەگەڕێتەوە، راگرتنى هاوسەنگیی ئەم دوو هێزە کرایە مەرجى سەرەکیى بەڕێوەبردنى کوردستان.
 
بۆیە لەیەکەم خولى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانەوە، حوکمڕانیەکەى مەحکومى راگرتنى ئەو هاوسەنگییە کرا نەک رێژەى دەنگ و کورسیەکانى پەرلەمان. دواى دوو ساڵ لە کارى پێکەوەیى لە بەڕێوەبردنى کوردستان لەسەر بنەماى ئەو هاوسەنگییەى بڕیارى لێدرابوو، لەبەر ئەوەى نەتوانرا ئیدارەى ئەو هاوکێشەیە و راگرتنى هاوسەنگییەکە بدرێت، بەریەککەوتن لەنێوان هەردوو هێزەکە روویدا و ماوەى چوار ساڵ شەڕى خوێناوى درێژەى کێشا کە هەزاران گەنجى ئەو وڵاتەى تیا بوونە قوربانى. سەرەنجامیش لەبەر ئەوەى نەتوانرا دەستەبەرى دڵنیایى راگرتنەوەى هاوسەنگى نێوانیان دروستبکرێت، دوو ئیدارەیى و دواتر دروستبوونى دوو زۆنى ئیداریى و سیاسى لێکەوتەوە. 
 
تەنانەت دواى ئەو پێشهاتانەى ناوچەکە کە رووخاندنى دەوڵەتى عێراق یەکێک لە لێکەوتە بەرچاوەکانى بوو، وە پاش هاتنە ئاراى دەرفەتگەلێکى زۆر بۆ کورد لە ناوچەکە، ئەم دوو هێزە سیاسییە هەر نەیانتوانى دەستەبەرى دڵنیایى راگرتنى هاوسەنگیى نێوانیان بکەنەوە، سەرەڕاى ئیمزاکردنى رێککەوتنامەى ستراتیژی لەنێوانیان و یەکخستنەوەى هەردوو ئیدارەکەش، بەڵام وەک دوو زۆنى سیاسى پارێزگارییان لە جێنفوز و دەسەڵاتى خۆیانکردو حکومەتێکى یەکگرتویان دروست نەکردەوە. 
 
دواى دروستبونى هێزى دیکە و هاتنە ناوەوەی وەک هێزى سێهەم، هەر نەتوانرا کوردستان لەو بارمەتەى هاوسەنگییە رزگار بکرێت. ئەوە بوو بزوتنەوەى گۆڕان بە سەرکردایەتیى نەوشیروان موستەفا لە ساڵى 2009 زۆرینەى دەنگ و ژمارەى کورسییەکانى پەرلەمانى لە زۆنى سەوز بەدەستهێنا و لەسەر ئاستى هەردوو زۆنەکەى کوردستانیش بووە هێزى دووەم، لەبەر رۆشنایى تێزى (یەک کورسیش بهێنین دەسەڵات تەسلیم ناکەین)، تاکە بەڕێوەبەرى شارەدێیەکیشیان بە بزوتنەوەى گۆڕان رەوا نەبینى و دەسەڵات لە دەستى پارتى و یەکێتى مایەوە.
 
لەو کاتەشەوە سەربارى سەرهەڵدانى کێشەى جۆراوجۆرى دیکە لە کوردستان، بەڵام ریشەى بنەڕەتیى کێشە گەورەکە هەر هاوکێشەى هاوسەنگییەکەى نێوان پارتى و یەکێتییە. لە هەر پێشهات و قۆناخێکى پرۆسەى سیاسی ئەو چەند ساڵەدا، لەکوێدا هەستى هاوبەشی و هاوسەنگیى پێکەوەییان بۆ دروست بووبێت، پێکەوە بڕیاریانداوە و لەکوێشدا ئەو هاوکێشەیە لەبەرچاو نەگیرابێت، تەنگژە و گرفتیان بۆ یەکدى دروستکردووە.
 
مشتومڕى ئێستایان لەسەر پرۆسەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانى ماجەراى ئەو هاوکیشەیەیە. دوو ساڵ لەمەوبەر لەبەر ئەوەى پێکەوە بڕیاریان لە دواخستنى هەڵبژاردن و درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەماندا، هیچ باکیان بە ناڕەزایەتیی ناوخۆیى و نیگەرانیی کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى نەبوو. تەنانەت ئەوەشیان لەبەرچاو نەگرت رەنگە ئەم دواخستن و درێژکردنەوەیەى تەمەنى پەرلەمان دەرگە بۆ دەستوەردانى دادگەى فیدراڵى بکاتەوە، هیچ باکیان بەوەش نەبوو شەرعیەتى دەسەڵات و دامەزراوەکانى بخرێنە ژێر پرسیارەوە.
 
بەڵام لەبەر ئەوەى لەهەندێ پرس و بابەتى دیکەدا یەکێتیى پێى وابوو رەچاوى پارستنى ئەو هاوسەنگییە نەکراوە، پێشتر کە خۆى عەڕابى دواخستنى پرۆسەى هەڵبژاردن و درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان بوو، وە خۆى داهێنەرى کورسیى کۆتاکان بوو بەو جۆرەى هەبون، پەناى بردە بەر دادگەى فیدراڵى و بە گۆڕینى یاساى هەڵبژاردن و نەهێشتنى کورسیى پێکهاتەکان، هەموو هاوکێشەکەى بەسەر پارتیدا هەڵگێڕایەوە. وە بەهۆى بڕیارەکەى دادگەى فیدراڵییەوە پارتى ناچار کرد لە رێگەى سەرۆکایەتى هەرێمەوە وادەیەک بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاریبکات.
 
لەبەرانبەر ئەمەشدا کە پارتى خۆى بە پەراوێزخراو دەبینێت لەو بڕیارانە، کارتى بەشدارینەکردنى لە هەڵبژاردن بەکار هێنا. لەبەر ئەوەى سەرپەرشتیکردنى پرۆسەکەش لەلایەن بەغداوەیە، کارتى بەشدارینەکردنى پارتى لە هەڵبژاردن نەبووە هۆکارى راگرتنى پرۆسەکە، بۆیە پارتى دەیەوێ لە رێگەى سەرۆکایەتیی هەرێمەوە بەبڕیارێک هەڵبژاردن دوابخات. ئەمەش جۆرێک لە ململانێى تازەى هێناوەتە ناو کێشەکانى پارتى و یەکێتییەوە بەجۆرێک کە پارتى شکستى یەکێتیى لە دواخستنى هەڵبژاردندا دەبینێتەوە و یەکێتیش ئەنجامدانى هەڵبژاردن بە شکستى پارتى دەبینێت. هەردولا بەچڕى هێز و تواناکانیان بۆ (بڕیاردان لە دواخستنى، بڕیاردان لە ئەنجامدانى) خستۆتەکار. بەمەش دۆخێکى سیاسییان وایانخوڵقاندووە کە ئەنجامدانى پرۆسەى هەڵبژاردن و ئەنجام نەدانى هەڵبژاردن، هەردووکى ببێتە هۆکارى پێشهاتى مەترسیدار لەسەر داهاتووى هەرێمى کوردستان. لەکاتێکدا راستییە تاڵەکە ئەمەیە بەبێ یەکێتیى ناتواندرێت هەڵبژاردن دوابخرێت و بەبێ پارتیش ناتواندرێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت. ئەگەر بیانەوێ هەرێم وەک خۆى بمێنێتەوە. تەنها تەگبیریش ئەوەیە پێکەوە بڕیار بدەن بە کردن و نەکردنى.
 
پێویستە سەرکردایەتى و بڕیار بەدەستەکانى پارتى و یەکێتیى لەوە بەئاگا بهێندرێنەوە ئەم ئینکاریى و دەستبادانى یەکترییەتان، چارەنووسى هەردوولاتان و میللەتەکەش بەرەو تونێلێکى تاریک دەبات. ئەگەر بۆیەکتر لە بۆسەدا نەبن، هەڵبژاردن بکرێ یان نەکرێ، هیچ لە هاوکێشەى سیاسیى کوردستان ناگۆڕێت، وەک چۆن لە سى و دوو ساڵى رابردوو هەڵبژاردنەکانى پەرلەمان هیچى لە هاوکێشەى دەسەڵات و بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان نەگۆڕیوە. بەڵام ئەوەى ئێستا لەو رابردووە جیادەکاتەوە، بوونى هەڕەشەو مەترسى دیکەیە لەسەر تاکە قەوارەى کوردى دانپێدانراو و رێزلێگیراو لەناوەندە جیهانییەکان، کە هەرێمى کوردستانە. لەبەر هۆکارى دیکە هەڕەشەو مەترسى لەسەرە لەلایەن هێزە هەرێمایەتیى و دەوڵەتانى داگیرکەرى کوردستانەوە، پێکەوە نەبونتان لە جۆرى مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رووداو و پێشهاتانەى پەیوەستن بە هەرێمى کوردستان، زەمینەى دەستوەردان بۆ هێزگەلە دەرەکییەکان دەڕەخسێنێت و رێگاکانى لاوازکردن و تانەهێشتنى قەوارە کوردیەکەش ئاسانتر دەکات. بۆیە تکایە پرسى هەڵبژاردن لە ئێستایا یان دواخستنى بۆ چەند مانگێک مەکەنە هۆکارێک بۆ وێرانکردنى ماڵەکەتان. 
 
دەبێت پارتى و یەکێتى هەردوولایان کە ئێستا بێباکانە لە دەرئەنجامەکانى، لە قۆڵبادانى یەکتریدان. دڵنیابن کەسیان سەرکەوتوو نابن. سەرکەوتوو ئەوانە دەبن کە خەون بە وێرانکردنى کوردستانەوە دەبینن. هەروەها پێویستە ئەو هێزە سیاسیانەى دیکەى ناو هاوکێشەکەیش کە لەدەرەوەى دەسەڵاتى پارتى و یەکێتین و ئومێدیان لەسەر ئەم ناکۆکى و ململانێیانە هەڵچنیووە، یاخود بەڕاستى بەهیوان پرۆسەى هەڵبژاردن پرۆسەى دیموکراسى بەرێتە پێش و چاویان لە دەستاودەسکردنى دەسەڵات و گەیشتنە بەدەسەڵات، ئەوانیش بێ لەبەرچاوگرتنى لێکەوتە خراپەکانى کەوتوونەتە گوشار لەسەر بەڕێوەچوونى پرۆسەى هەڵبژاردن، لەکاتێکدا هیچ دڵنیاییەکیشیان بۆ دەستەبەر نەکراوە لەوەى هەڵبژاردنێکى سەرتاسەرى و پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت. 
هەق وایە ئەو هێزە سیاسیانە ئەوە لەبەرچاو بگرن بۆ ئەوان تەنها ئەنجامدانى هەڵبژاردن بایەخێکى ئەوتۆى نییە، ئەگەر زەمانى هەڵبژاردنێکى بێگەرد نەکەن. بۆ ئەوان دەرفەتێکى باشتر لەپێشە کە پرۆسەى سەرژمێرییە لە عێراق و کوردستان کە بڕیاروایە لە مانگى یازدەى ئەم ساڵ سەرژمێریى گشتى ئەنجام بدرێت. 
 
بەهۆى ئەوەى هەرێمى کوردستان لە دروستبوونییەوە وەک ئیدارەیەک، سەرژمێرى تیا ئەنجام نەدراوە، ژمارەى راستەقینەى دەنگدەر نازاندرێت و هەموو ئەو گومانکردنانەى لە هەڵبژاردنەکانى رابردوو هەبوون بەوەى ناوى مردوو، ناوى دووبارە، ناوى ئاوارەى کوردى رۆژهەڵات و رۆژئاوا، یاخود ئەوەى دەوترا خێڵ و بنەماڵە سنوریەکانى تورکیا و ئێران لە هەڵبژاردنەکانى هەرێم بەشدارییان پێدەکرێت، بەهۆى ئەم سەرژمێرییەوە بەرچاوى هەموو لایەک روونتر دەبێتەوە لەوەى دەنگدەرى راستەقینە کێیە؟ ناوى دوبارەو مردوان و ئاوارەى بەشەکانى دیکەى کوردستان لە تۆمارى دەنگدان نامێنێت و لیستێکى خاوێنى دەنگدەر دروست دەبێت کە دەتوانرێت بکرێتە بناغەى هەڵبژاردنێکى پاک و جیاواز لە کوردستان.
 
هیوادارم هەموو هێزە سیاسییەکان پێکەوە بەدواى دەرفەتێکدا بگەڕێن کە خزمەت بە هەڵبژاردنێکى پاک و بێگەرد بکات، پرۆسەى سەرژمێریى رەنگە یارمەتیدەرێکى باش بێت بۆ جۆرێکى جیاواز لە هەڵبژاردن کە دوور نییە هاوکێشەى هێزەکان بگۆڕێت. لەبەر ئەوە ئەگەر بڕیارە هەڵبژاردن دوابخرێت، پێویستە بخرێتە دواى پرۆسەى سەرژمێریى گشتى دانیشتوان.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

زوبێر رەسوڵ

پرسی کورد و نەخشەی سیستمێکی هەرێمیی نوێ لە ناوچەکە

دوور نییە دواجار ئیسرائیل بوونی دەوڵەت یان کیانێکی کوردی لە نێوان سوریا و عێراق وەک کارت یان هەتا بیرۆکەیەکیش بەرامبەر چارەسەری دوو دەوڵەت رابگەیەنێت. بەو مانەیەی ئەگەر بوونی دوو دەوڵەت چارەسەر بێت بۆ کێشەی فەلەستینییەکان ئەی بۆ چارەسەر نەبێت بۆ کێشەی کوردیش لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست! واتا بەکارهێنانی کێشەی کورد لە بەرامبەر کێشەی فەلەستین لە ناوچەکەدا، کە دەکرێت وەک بیرۆکەیەک بێتەبەرباس لەو چوار ساڵەدا کە ترەمپ دێتە سەر دەسەڵات