سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڤیەننا، پایتەختی دیپلۆماسی و سازان!

02-07-2024
زریان رۆژهەڵاتی
A+ A-
 
بە ئەگەری زۆر لەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دا بۆ ڤیەننا، چەند بابەتێک بۆ نەمساییەکان گرنگن، ئەوانیش یەکیان رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاساییە بۆ ئەورووپا کە ساڵی رابردوو وەزیری دەرەوی ئەو وڵاتەی هێنابووە عێراق و هەێمی کوردستان. لەوانەیە چاوی بەرپرسانی نەمسا لە دەرفەتی وەبەرهێنانی ئەو 10 کۆمپانیایەی بوارەکانی تەندروستی، تیلیکۆمۆنیکەیشن و گواستنەوەش بێت کە لە سێپتێمبەری ساڵی رابردوودا لە کۆڕبەندێکی ئابووری دا لە هەولێر بەشداربوون. ئەمە بێجگە لەوەی کە لەڕووی سیاسییەوە وەک خودی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتوویەتی، لاپەڕەیەکی نوێیان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان هەڵداوەتەوە، بەڵام ئەی لەم پەیوەندییەدا چی بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە؟
 
نەمسا وڵاتێکی بچکۆلانەی ئەورووپایە کە بە نفوسێکی سەرووی نۆ ملیۆنەوە، لە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵی رابردوودا گەشەی جی دی پییەکەی لە سەرووی 2٪ـەوە بووە. هەڵکەوتە جوگرافییەکەی لە نێوەڕاستی ئەورووپا کە خاڵی بەیەکگەیاندنی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، باکوور و باشووری ئەو کیشوەرەیە، وایکردووە کە گرفت و دەرفەتی جیاجیای بۆ بڕەخسێت. نەمسا یەکێک لە شوێنە ناوەندییەکانی جیهانە لە پرسی کۆچبەری نایاسایی دا. لەبەرئەوەی لە نێوەڕاستدایە، خاڵێکی گرنگە بۆ پەڕینەوەی پەنابەران بۆ شوێنی مەبەست. لەوانەیە نەمساییەکان بیانەوێ لەڕێی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، دەرچەیەک بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە. لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەو هەڵکەوتە جوگرافییە دەرفەتێکی بێهاوتای بۆ گواستنەوەی ئاسمانی و هێڵەکانی شەمەندەفەر بۆ رەخساندووە. فڕۆکەخانەی ڤیەننا یەکێک لە دیارترین رکابەرەکانی فڕۆکەخانەکانی وەک فرانکفۆرتی ئەڵمانیا و هیسرۆی لەندەنە کە ساڵانە هەزاران گەشتیار لەوێوە دەڕۆنە ئەو شوێنانەی گەشتی بۆ دەکەن. ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش پڕبایەخە، چونکە یەکێک لە نزیکترین رێگەکانی بەستنەوەیەتی بە دنیای دەرەوە. 
 
بێگومان هەردوو بابەتی کۆچبەران و پەرەپێدانی ئابووری بۆ هەرێمی کوردستانیش گرنگن، بەڵام جارێ رووە سیاسییەکەی ئەو پەیوەندییە بایەخی زۆرترە. ئەو دەرفەتە ئابوورییەی کە جوگرافیاکەی بۆی رەخساندووە هەروەها بچووکیی پانتایی و کەمیی ژمارەی دایشتووانی، وایکردووە کە لە سیاسەتی دەرەوەشدا روو لە دیپلۆماسی و ناوبژیوانی بکات. ئەمە دەتوانێت لە ئێستا و هەروەها لە داهاتووش دا بۆ پرسەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستانیش پڕبایەخ بێت.
 
گرنگیی جیۆپۆلەتیکی نەمسا، وەک وڵاتێکی بچووک، بەڵام نێوبژیوان لە گرفتە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆ هەولێر بایەخی زۆرە. ئەویش لەکاتێکدا کە دنیا لە لێواری گرژییەکی زیاتردایە بەهۆی قەیرانە جیۆپۆلەتیکییەکانی دەریای چینی باشوور، ئەورووپای رۆژهەڵات و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەو گرنگییە زیاتر دەبێت کاتێک کۆتاییهاتنی ئەرکی یۆنامی لە عێراق لە داهاتوویەکی نزیک و، سەرقاڵیی هێزە سەرەکییەکانی ئەورووپا و ئەمریکا بە پرسە نێوخۆییەکانی و گرفتەکانیان لەگەڵ رووسیا و چین لەپێش چاو بگرین کە زۆرجار وەک پاڵپشتی هەرێمی کوردستان دەرکەوتوون.
 
نەمسا لە ساڵی 1955ـەوە پێگەی بێلایەنی لە سیاسەتی نێودەوڵەتی هەڵبژاردووە و ئەندامبوونی لە یەکێتیی ئەورووپا و بەشدارییەکەی لە ئەرکی ئاشتی ناتۆ، نەبووەتە رێگر لەوەی کە ئەو رۆڵەی خۆی بگێڕێت. لە سەردەمی شەڕی سارددا، چ لە گفتۆکانی نێوان یەکێتیی سۆڤییەت و ئەمریکا، چ لە شەڕی عەرەب-ئیسرائیل دا، ڤیەننا ئەدرێسێکی گرنگ بووە. هەرچەند بەهۆی پشتیوانی ئەم دواییەی لە گەمارۆکانی یەکێتیی ئەورووپا، پەیوەندییەکانی ڤیەننا و مۆسکو گرژییەکی زیاتری تێکەوتووە، بەڵام بۆ شوێنێکی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هێشتا نەمسا ناوەندێکی گرنگە بۆ دیپلۆماسی و چارەسەرکردنی گرژییەکان.
 
رووداوەکانی پەیوەست بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دنیا بەخێرایی گەشە دەکەن و زیاتر لە هەر سەردەمێکی دیکە، ئەگەری شەڕی جیهانیی سێیەم کەوتووەتە سەرزاری سیاسییەکانی جیهان. عێراقیش بەرەبەرە خۆی بۆ قۆناخی دوای ئەمریکا ئامادە دەکات و چەندەی ئەو قۆناخەش زووتر بگات، ئەگەری زیادبوونی گرژییە نێوخۆییەکانیش زیاتر دەبن، ئالێرەدایە کە هەبوونی کەناڵێکی دیپلۆماسی کە جێی پەسندی زۆر لایەن بێت، بایەخێکی ئێجگار زۆری هەیە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە خۆی لێرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووخساری سوڵح و سازانی خۆی چەسپاندووە، سەردانی وڵاتی سازانە گرنگەکانی دنیای کردووە و ئەوەش کلیلێکی گرنگە لە هەر قۆناخێکی ئاڵۆزی گریمانەییدا کە بێتە پێشەوە بۆ کوردستان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...