نێچیرڤان بارزانی و گۆڕینی مەترسییەکان بۆ لێکتێگەیشتن

01-05-2024
هێڤیدار ئەحمەد
A+ A-
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بۆ یەک مەبەست لە بەغدا بوو، ئەویش "سەقامگیریی هەمەلایەنەی هەرێمی کوردستان."  جگە لە کۆبوونەوە فەرمییەکان، لە کۆبوونەوە درێژ و پڕ وردەکارییەکان دا بڕیاری یەکلاییکەرەوە دران، بۆ ئەوەی بژێوی و بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و بەرژەوەندیی هەموو عێراق پارێزراو بێت. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانی یەکەم دا لە رۆژی 6ـی نیسانی 2024 و لە سەردانی دووەم دا لە رۆژی 27ـی نیسانی 2024، زۆر پرسی بە راشکاوی و چارەسەر ویستانەی خۆی لەگەڵ دامەزراوە فەرمی و لایەنە عێراقییەکان دا یەکلاییکردنەوە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان جاری یەکەم، دوو رۆژ و جاری دووەم، سێ رۆژ لە بەغدا مایەوە.  
 
سەردانی دووەم بۆ بەغدا لە رۆژی 27-4-2024، بۆ دەربازکردنێکی هەمیشەیی هەرێمی کوردستان بوون لە گرێ و کێشە ئاڵۆزەکان، بەتایبەت لەسەر مووچە و هەڵبژاردن، چارەسەرنەکردنیان قەیرانی گەورەی سیاسی و ئابوورییان بۆ هەرێمی کوردستان بەدوادا دەهات. لەو سەردانەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێگەی کێشەکانی داخست و رێگەی چارەسەرەکانی کردەوە بە لێکتێگەیشتنی تەواو لەگەڵ سەرۆکوەزیران، سەرۆکی دادگەی فیدراڵی و لایەنە سیاسییەکان لە عێراق. بێگومان هەردوو جاریش لەگەڵ سەرۆک کۆمار کۆبووەوە و باسی لە گرفت و کێشەکان کرد، جگە لە پەیوەندیی بەردەوامیان. 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەک نووری مالیکی گوتی نێچیرڤان بارزانی "بە ئیرادەیەکی پۆڵایین و چارەسەرەوە هاتووە، بۆ چارەسەری کێشەکان بۆ بەغدا هاتووە". سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نەخشە و بڕیار و بینینێکی نوێ گەیشتە بەغدا. سەردانێک کە دەتوانین بڵێین یەکلاییکەرەوە بوو بۆ رێگەگرتن لە دروستبوونی ئاڵۆزییەک، کە هەموو لایەک و خەڵکی کوردستان زۆر زەرەری لێ دەکرد.  
 
ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەڕووی سیاسی و کردەییەوە بەبێ بەشداریکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان مەحاڵ بوو. خوێندنەوە بۆ دوای هەڵبژاردنەکان دەکرا، کە پارتی لە حکومەت دا نەبێت! چ روودەدات؟ کوردستان بەرەو کوێ دەچێت؟ ئەمانە خوێندنەوەی واقیعی نەبوون. پێشتر هەڵبژاردن بەبێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان نەکراوە، ئەم جارەش نەدەکرا بەبێ پارتی بکرێت.  
 
ئەمانە ئەو مەترسیانەبوون کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێگەی لێگرتن، وەک ئەرکی یاسایی خۆی کە لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە روون و ئاشکرا پێیدراوە "کاتێک هەرێمی کوردستان و سیستەمە سیاسییەکەی، یان ئاسایشی گشتیی هەرێم، یان دامودەزگا دەستوورییەکانی بکەونە مەترسییەکی ئەوتۆوە، پەرلەمانی کوردستان نەتوانێ کۆببێتەوە، ئەوە لەو بارەدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بڕیارگەلێ دەربچووێنێت هێزی یاساییان هەیە." 
 
نێچیرڤان بارزانی تەواو دەسەڵاتی یاسایی و سیاسی هەیە "بەناوی هاونیشتیمانییانی کوردستان لەگەڵ دەسەڵاتە فیدراڵییەکان بدوێت"، هەر ئەوەشی کردووە لە بەغدا، تاوەکو هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە بەشداریی پرۆسەی سیاسی بن و، هەموویان بە پرۆسەیەکی هەڵبژاردن کە هەموویان تێیدا بەشداربن، براوەبن.
 
هەوڵەکان و پشوودرێژیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان زەمینەیەکی باشی بۆ چارەسەر دروستکردووە، سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی عێراقیش کەسێکە بەدوای چارەسەردا دەگەڕێت نەوەک هێشتنەوەی کێشەکان.  
 
پێتان دەڵێم لە بەغدا چی کرد؟
 
دیپلۆماسییەتی نێچیرڤان بارزانی وایکردووە پەیامەکان هێمن، بەڵام کاریگەر بگەنە لایەنە بەشداربووەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بەتایبەتی لایەنە شیعە کاریگەرەکانی ئێستای عێراق.
 
نێچیرڤان بارزانی لەو سەردانەدا بە روون و ئاشکرا باسی بابەتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و مەترسییەکانی بەبێ بەشداری پارتی و پێکهاتەکانی (تورکمان، کلدان و ئاشووری و سریان، ئەرمەن)ـی کردووە.
 
لە کۆبوونەوەکان دا ئەم دوو بابەتە بە وردی باسکراون: 
 
یەکەم: چارەسەری پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە تێیدا هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان مافی بەشداربن.
 
دووەم: چارەسەری یەکلاییکەرەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و چۆنیێتی وەرگرتنی مووچەکانیان و، بودجەی هەرێمی کوردستان و پرسی داهاتە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و ناردنیان بۆ بەغدا.
 
لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوایەک پێشکێشی ئەنجوومەنی دادوەری دەکات، تاوەکو مافی پێکهاتەکان لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن دابین بکرێت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا. چونکە بەپێی کار و پەیڕەوی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و یەکسان بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی عێراق، ئەرکی کۆمیسیۆنە. 
 
لەسەر بابەتی مووچە، گەیشتوونەتە رێککەوتن کە مووچە لە هەموو کێشە سیاسییەکان دووربخرێتەوە، مانگانە حکومەتی فیدراڵیی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەو ئاراستەیەی بەجێکردن (توطين)ـی مووچەکانیان لە رێگەی یەکێک لە بانکە فیدراڵییەکانەوە بکرێت. لە گفتوگۆکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دا، بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) هەڵبژێردراوە بۆ بەجێکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەمە رازی بووە. ئینجا فەرمانبەری هەرێمی کوردستان ئازادە لەوەی بە ئارەزووی خۆی حیسابە بانکییەکەی بە هەژماری دیکەی بانکییەوە ببەستێتەوە. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دانوستاندنانەدا لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هاوکاربووە و هەوڵی زۆری داوە بۆ سەرکەوتنی دانوستاندنەکان.   
 
لەسەر داهاتی هەرێمی کوردستان و شێوەی ناردنی بودجەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانوستاندنەکان نەگەیشتوونەتە ئەنجامی کۆتایی و هێشتا بەردەوامن. 
 
هێشتا هەوڵەکانی نێچیرڤان بارازنی بەردەوامن بۆ چارەسەری گشتگیری کێشەکان. بۆ ئەم مەبەستە دوو هەفتەی داهاتووش پڕ لە جوڵەی سیاسی گەرم دەبن. 
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عارف قوربانی

زریانى تەلئەڤیڤ

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە...