گەشتی سەردەشت

گەشتی سەردەشت

لەم بەرنامەیەی گەڕێدەی رەمەزاندا، بەختیار قادر جارێکی دیکە سەردانی شاری سەردەشت دەکات و، بازاڕ و نەریتە کولتوورییەکانی ناوچەکە بەسەردەکاتەوە.

سەرەتا بە سەردانێکی بازاڕی سەردەشت دەست پێدەکات، لەوێ بەختیار قادر گفتوگۆیەک لەگەڵ سەید حاجی، دووکاندار لەنێو بازاڕی سەردەشت ئەنجام دەدات. سەید حاجی باسی ئەوە دەکات 22 ساڵە لە بواری فرۆشتنی کەلوپەلی و جوانکاری کاری کردووە، روونی دەکاتەوە کە لە ماوەی رەمەزاندا بازاڕی کەلوپەلی جوانکاری بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، بەتایبەت لە رۆژاندا، بەڵام  شەوان زیاتر خەڵک دێنە دەرەوە بۆ بازاڕکردن. هەروەها دەڵێت لە رۆژانی کۆتایی رەمەزان و نزیکبوونەوە لە جەژن بازاڕ گەرمتر دەبێت.

دواتر بەختیار سەردانی گوڵفرۆشێک دەکات کە باس لە کاریگەری رەمەزان لەسەر کاروکاسبی خۆی دەکات. گوڵفرۆشەکە روونی دەکاتەوە کە لە ماوەی رەمەزاندا بەهۆی کەمبوونەوەی شایی و داخوازی، فرۆشتنی گوڵ و چەپکە گوڵ بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە زۆربەی رێوڕەسمەکان لە ماوەی رەمەزاندا دوادەخرێن بۆ دوای جەژن.

بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تەرخان کراوە بۆ نەریتە کولتوورییەکانی ناوچەکە، لەوانە نەریتی "ساوەر کوتان" کە یەکێکە لە نەریتە کۆنەکانی ناوچەکە. خاتوونێکی بەتەمەن باس لەوە دەکات چۆن لە رابردوودا خەڵک بە شێوەی هەرەوەزی کۆدەبوونەوە و تاوەکو بەیانی ساوەریان دەکوتا، لەگەڵ گۆرانی و دەستبادان و هەڵپەڕکێ.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، گفتوگۆ لەگەڵ هاشم ئابادی، مامۆستای ئایینی ئەنجام دەدرێت کە باس لە گرنگی مانگی رەمەزان لای موسڵمانان دەکات.