پاڵەوانێکی جیهانی لە شنۆ

ئەم بەرنامەیەی گەڕیدەی رەمەزان لە شاری شنۆ دەبێت بۆ ناساندنی کەسایەتی و پاڵەوانی جیهانی، سیامەند رەحمانی. سیامەند رەحمانی، وەرزشکارێکی نڤیشکانە، بەڵام سەرەڕای ئەو دۆخەی ئەو تێیدایە، سەدان خەڵاتی لە ئاستی نێودەوڵەتی لە بواری بەرزکردنەوەی قورساییدا بەدەست هێناوە. شاری شنۆ و، کورد و تەنانەت سەرتاپای ئێرانیش شانازی بەم وەرزشکارە کوردە دەکەن.

لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، سەردانی ماڵی مامۆستا رەحمانی تەقیزادە دەکرێت کە مامۆستایەکی خانەنشینە و تەمەنی لە 90 ساڵ زیاترە. ئەو مامۆستایە هاوڕێی گیانی بە گیانی هونەرمەندی ناوداری کورد حەسەن زیرەک بووە. حەسەن زیرەک کاتێک لە کۆتاییەکانی تەمەنی روو دەکاتە شنۆ، بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک لە ماڵی مامۆستا دەمێنێتەوە. دوای بەجێهێشتنی شنۆ و گەڕانەوەی بۆ بۆکانی زێدی خۆی، دوای کەمتر لە ساڵێک نەخۆش دەکەوێت و کۆچی دوایی دەکات.

مامۆستا رەحمانی ئەرشیڤێکی گەورەی دەنگ و میوزیکی حەسەن زیرەکی هەیە و، بەپێی قسەی خۆی 500 تاوەکو 800 گۆرانی حەسەن زیرەکی لای خۆی هەڵگرتووە. ئەو کۆنترین رادیۆی ئەمریکی و ئامێرە دەنگییەکانی ئەو سەردەمەی لەلای خۆی پاراستووە، بەتایبەتی ئەو ئامێرانەی کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەکی پێ تۆمار کردووە. مامۆستا رەحمانی باس لەوە دەکات کە یەک کاژێر و نیو گۆرانی بۆ حەسەن زیرەک لە ماڵی خۆی تۆمار کردووە، کە تێیدا حەسەن زیرەک ستایشی شاری شنۆ دەکات.

بەپێی قسەی مامۆستا رەحمانی، حەسەن زیرەک پیاوێکی زۆر سادە و خاکی بووە. ئەو هەژار بووە بەڵام هونەرمەندێکی گەورە بووە. هەروەها دەیگێڕێتەوە کە ماڵەکەی خۆی بۆ دوو بەش دابەشکردووە، بەشێکی خۆی و خێزانەکەی تێیدا ژیاون و بەشەکەی دیکەی بۆ حەسەن زیرەک و خێزانەکەی تەرخان کردووە.

لە بەشی کۆتایی بەرنامەکەدا، سەردانی شۆڕشی نەسیری دەکرێت کە هونەرمەندێکی وێنەکێشە. ئەم هونەرمەندە بەتوانایە دەتوانێت لە ماوەی کەمتر لە یەک خولەکدا وێنەی کەسایەتییە گرنگەکان بکێشێت.

کاتی پەخش: رۆژانە کاژێر 18:20
دووبارە: 11:45