گەڕیدەی رەمەزان لە موکریان

گەڕیدەی رەمەزان دەچێتە موکریان لە پارێزگای ورمێ، کە ناوچەیەکە بە هەزاران کارگە و ناوەندی پیشەسازی جۆراوجۆری تێدایە. بەختیار قادر پێشکێشکاری بەرنامەی گەڕیدەی رەمەزان پێشانی دەدات چۆن خەڵک بەردەوام دەبن لە کارکردن لەکاتی بەڕۆژووبوون و چۆن ژیانی رۆژانەیان لەگەڵ مانگی رەمەزاندا دەگونجێنن.

لە یەکێک لە کارگەکانی ناوچەکە، کە نزیکەی 60 کەس تێیدا کار دەکەن، ئیبراهیمی رەشیدیان، بەڕێوەبەری کارگەکە باسی ئەوە دەکات کە بەڕۆژووبوون کاریگەری نەرێنی لەسەر کارکردنیان نەبووە. ئیبراهیم رەشیدیان دەڵێت بەڕۆژووبوون عیبادەتێکە و ئەرکێکی ئایینیە کە پێویستە بەجێی بگەیەنن و، کارکردن لە رەمەزاندا هیچ سەختییەکی نییە بۆ ئەوان. 

خاتوو نەسرینی بایەزیدی، یەکێک لە کارمەندەکانی کارگەکە، باسی ئەزموونی کارکردنی خۆی دەکات و دەڵێت کە ماوەی چوار ساڵە لەو کارگەیەدا کاردەکات و هەموو رەمەزانەکانیش بەڕۆژوو بووە بەبێ هیچ کێشەیەک. تەنیا باسی هەستی تینوێتی دەکات کە هەندێک جار هەیەتی، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە لەگەڵ ئەوەشدا زۆر ناڕەحەت نییە.

ئیبراهیم رەشیدیان دەڵێت لە مانگی رەمەزاندا هەندێک گۆڕانکار لە شێوازی کارکردندا دەکەن، وەکو کەمکردنەوەی ئەرکەکان بۆ کرێکارەکان و ئامادەکردنی خواردنی بەربانگ بۆیان. بەشی زۆری کرێکارەکان بەڕۆژوون و بۆ جەژنی رەمەزانیش کارگەکە دیاری و شتی تایبەت بۆ کارمەندەکان ئامادە دەکات.

لە کۆتایی بەرنامەکەدا، ئامادەکردنی بۆ خواردنی بەربانگ پێشاندەدرێت. ژەمە خواردنی قورمە سەبزی لەلایەن خاتوو نەسرین ئامادە دەکرێت. ئەو روونی دەکاتەوە کە قورمە سەبزی لە سەوزەی بۆندار، گۆشت و لۆبیا دروست دەکرێت و لە هەموو ناوچەکانی موکریان بەهەمان شێوە ئامادە دەکرێت.

کاتی پەخش: رۆژانە کاژێر 18:20
دووبارە: 11:45