گەڕیدەی رەمەزان لە نەغەدە

شاری نەغەدە شارێکی سنووری جوانە، وەکو پردێکە لەنێوان شارەکانی پیرانشار، مهاباد، شنۆ و ورمێ. ئەم شارە تایبەتمەندییەکی بەرچاوی هەیە کە کورد و تورک تێیدا پێکەوە دەژین و ساڵانێکی دوور و درێژە کەلتوورێکی هەمەڕەنگیان پێکهێناوە. ئەم بەرنامەیەی گەڕیدەی رەمەزان لە نەغەدە، گەشتێکی تایبەتە بۆ ناساندنی ژیانی خەڵکی نەغەدە لە مانگی رەمەزاندا و، ئەو تایبەتمەندییە ئابووری و کولتوورییانەی کە لە ناوچەکەدا هەن. 

نەغەدە بە بەرهەمی سێو بەناوبانگە و، باخ و ساردخانە چواردەوری شارەکەیان داوە. کاری سەرەکی خەڵکی ناوچەکە باخداری، کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە. بەهۆی ئەوەی کە ناوچەیەکی پڕئاوە و رووباری گادەر بە نێویدا تێدەپەڕێت، زەویی بەپیت و بەرهەمداری هەیە. 

لە بەرنامەکەدا سەردانی یەکێک لە ساردخانە گەورەکانی ناوچەکە دەکرێت کە ساردخانەکەی مام عەبدوڵڵای حەسەن زادەیە. ئەم پیاوە ساردخانەکەی لەنێو باخی خۆیدا دروستکردووە. مام عەبدوڵڵا باسی ئەوە دەکات کە چۆن لە رابردوودا خەڵکی ناوچەکە لەڕێگەی هەرزاڵەوە میوەیان هەڵدەگرت، ئەوکات بەئەستەم دەیانتوانی تۆنێک یان دوو تۆنی تێدا هەڵبگرن. بەڵام ئێستا بە هۆی ساردخانە مۆدێرنەکانەوە، دەتوانن چوار هەزار تۆن سێو بۆ ماوەی شەش تا حەوت مانگ هەڵبگرن.

بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەتە بە چالاکییە خێرخوازییەکان لە مانگی رەمەزاندا. لە نەغەدە، خەڵکانی دەستکراوە و بەخشندە زۆرن کە هاوکاری هەژار و نەداران دەکەن. بۆ نموونە، لە فرۆشگەیەکدا دەبینرێت کە کەسێک سی تا چل کیسە برنجی کڕیوە بۆ دابەشکردن بەسەر خێزانە هەژارەکاندا. لە کۆتایی بەرنامەکەدا، سەردانی ماڵی سەید یوسفی سەعدەیی دەکرێت کە هاوەڵی هونەرمەند محەممەدی ماملێ. سەید یوسف 80 کاسێتی ماملێی لە ماڵەکەیدا پاراستووە. 

ئەم بەرنامەیە وێنەیەکی زیندووی ژیانی کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریی خەڵکی نەغەدە لە مانگی رەمەزاندا پێشاندەدات و، بینەر ئاشنا دەکات بە پیشەی باخداری و نەریتی خێرخوازی و کەلەپووری میوزیکی ناوچەی نەغەدە.

کاتی پەخش: رۆژانە کاژێر 18:20
دووبارە: 11:45