گەڕیدەی رەمەزان لە سەردەشت

سەردەشت، شارێکی جوانی ناوچەی موکریانە، کە ساڵانە نزیکەی پێنج مانگ بەفری لێیە. ژمارەی دانیشتووانی سەردەشت نزیکە 45 هەزار کەسە و، چوار ناحیە و نزیکەی هەشتا گوندی هەن. بەگشتی و 120 هەزار کەس لە سەردەشت و سنوورەکەیدا دەژین. ئەم ئەڵقەیەی گەریدەی رەمەزان گەشتێکی تایبەتە بۆ ناساندنی ژیانی خەڵکی سەردەشت لە مانگی رەمەزاندا و ئەو تایبەتمەندییە کولتوورییانەی کە لە ناوچەکەدا هەن.

لە بەشێکی بەرنامەکەدا، سەردانی نانەواخانەیەک دەکرێت کە تێیدا چەندین جۆر نانی تایبەت بە مانگی رەمەزان دروست دەکرێن. بەپێی قسەی نانەواکان، لە مانگی رەمەزاندا خەڵک زیاتر کولێرە و کولیچە دەکڕن. کولێرە بە دەرمان، کولێرەی پەنجەکێش و کەلانە بە پەنیر لەو جۆرە کولێرانەن کە تایبەتن بە کولتووری خۆراکی ناوچەکە و لە مانگی رەمەزاندا پڕفرۆشترینن.

بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەتە بە باسکردنی دۆخی میوزیک لە سەردەشت. یەکەم فێرگەی میوزیک لەساڵی 2018 بە شێوەیەکی فەرمی کراوەتەوە. لەم فێرگەیەدا، مامۆستایانی شارەزا لە ناوچەکە، میوزیکی کوردی بە فێرخوازان دەڵێنەوە. نزیکەی 450 فێرخواز لە فێرگەکە وانەی میوزیک وەردەگرن، کە زۆربەیان ژن و کچن. ناوچەی سەردەشت بەگشتی بە بەیت و حەیران ناسراوە. ئامێرە میوزیکییەکانی ئەم ناوچەیە شمشاڵ و بلوێرن. خڵە دەرزی یەکێکە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی ئەم ناوچەیە.

بەشی کۆتایی بەرنامەکە تایبەتە بە پێشاندانی بازاڕی تایبەتی مانگی ئادار لە سەردەشت کە بەر لە هاتنی مانگی نەورۆز دەکرێتەوە. لەم بازاڕەدا، خەڵکی شارەکانی دەوروبەر وەکو پیرانشار، سنە، بانە، جوانرۆ، بۆکان و مهاباد دێن و کاڵا و کەلوپەلی جۆراوجۆر دەفرۆشن. بەهۆی مانگی رەمەزانەوە، زیاتر خۆراک و خواردەمەنی دەفرۆشرێت. هەروەها کەلوپەلی دەستکردی جوانی ناوچەکەش لە بازاڕەکەدا دەبینرێت، وەکو قاپ و پەرداخ و بەرهەمی دیکە کە بە دار گوێز دروستکراون.

کاتی پەخش: رۆژانە کاژێر 18:20
دووبارە: 11:45