گەڕیدەی رەمەزان لە پیرانشار
پیرانشار شارێکی سنووریی جوانە بە چیاکانی زاگرۆس دەورە دراوە. ئەم بەرنامەیە گەشتێکe بۆ ناساندنی ژیانی رۆژانەی خەڵکی پیرانشار و گرنگی بازاڕ و بازرگانی لە ژیانیاندا. بەهۆی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەرانەوە، بازاڕی شارەکە پڕە لە گەشتیار، بازرگان و سەوداکار، بۆیە هەمیشە جموجۆوڵی تێدایە. ئەم دەروازە سنوورییە بووەتە سەرچاوەی داهات و خێر و دەرفەتی کار و بازرگانی بۆ خەڵکی ناوچەکە.
لە بەرنامەکەدا، بازاڕی شارەکە دەبینین، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە بەرهەمی خۆماڵی تێدا دەفرۆشرێت. ئەم بەرهەمانە تەنیا لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە ناکڕدرێن، بەڵوو خەڵکی شارەکانی هەولێر، سۆران، چۆمان، حاجی ئۆمەران و سلێمانی رۆژانە بۆ کڕینیان سەردانی دەکەن. بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا، ئارەزووی کڕینی ئەو بەرهەمانە زیاتر دەبێت. بەرهەمە ئاژەڵییەکانی وەکو شیر، رۆن بە نرخی جیاواز دەفرۆشرێن، بەپێی جۆر و کوالێتییەکەی.
سەردانی گوندی خورینچە دەکرێت کە یەکێکە لە گوندەکانی پیرانشار و بەناوبانگە بە چێشتی کوردەواری، بەتایبەت سەنگەسیر کە بە گۆشتی کەروێشک دروست دەکرێت. لەگەڵ یەکێک لە ماڵباتەکانی گوندەکە ئەو خواردنە کوردەوارییە دروستدەکرێت.
بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەتە باسی چالاکی خێرخوازی لە مانگی رەمەزاندا. کۆمیتەیەک دروستکراوە بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ هەژاران. بەپێی نەریتی خەڵکی پیرانشار، شەوان لەدوای نوێژی تەراویح و رۆژانی هەینیدا، بەتایبەت هەینییەکانی مانگی رەمەزان، خەڵک بەدەستی بەتاڵ نایەنە مزگەوت و کۆمەک و هاوکاری دەگەیەننە هەژاران. ئەم کۆمیتەیە هاوکاری جۆراوجۆر پێشکەش دەکات، وەک چاککردنی خانوو، دابینکردنی دەرمان بۆ نەخۆشەکان، تەنانەت هاوکاری بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە لەسەر قەرزی کەم بەندکراون. دۆخی خێرخوازیی پیرانشار لە هەموو ناوچەی ئازەربایجانی رۆژئاوادا بەناوبانگە و لە هەموو مزگەوتەکانی شار چالاکی لەم جۆرە ئەنجامدەدرێت.
ئەم بەرنامەیە وێنەیەکی ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووری خەڵکی پیرانشار پێشاندەدات و بینەران دەخاتە نێو جیهانی پڕ لە هاوکاری و پێکەوەژیانی ئەم شارە کوردنشینە جوانە.
کاتی پەخش: رۆژانە کاژێر 18:20
دووبارە: 11:45