فیچەر - سارینا جۆخۆر خێراترین کچی رۆژهەڵاتی کوردستانە

فیچەر - سارینا جۆخۆر خێراترین کچی رۆژهەڵاتی کوردستانە
سارینا جۆخۆر، یەکێکە لە یاریزانەکانی گۆڕەپان و مەیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری شنۆ دادەنیشێت. لە ساڵی 2006 لە نەغەدە لەدایکبووە، بەڵام قۆناغەکانی منداڵی لە شنۆ بەڕێکردووە.
سارینا بەهاوکاری باوکی دەچێتە دونیای وەرزش و دواجار لە پێشبڕکێی گۆڕەپان و مەیدان خۆی دەدۆزێتەوە.
سارینا دەڵێ ''سەرەتا بە جمناستیک دەستمپێکرد دوای 4 ساڵ پشتێنی یەک و دووی جمناستیکم بەدەستهێنا. دواتر دەستمکرد بە وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان.
 
لەبەرئەوەی سارینا کچێکی خێرابووە لە راکردن و هەروەها بەردەوامیش وەرزشی کردووە، بۆیە لە تیمی گۆڕەپان و مەیدانی شاری شنۆ وەردەگیرێت. سارینا دەڵێ ''تەنیا دوای 20 خولەک تێستکردن وەریانگرتم، لە پێشبڕکێی پارێزگا 60 مەترم بە 9 چرکە بڕی''.
 
رەسووڵی جۆخۆر باوکی سارینایە، یەکێک بوو لە یاریزانە دیارەکانی پارێزگای ورمێ، ئێستا یەکێکە لە پاڵپشتە بەهێزەکانی سارینا بۆ ئەوەی پلە بەرزەکانی گۆڕەپان و مەیدان لە جیهاندا ببڕێت. باوکی سارینا دەڵێ ''شانازی بە کچەکەمەوە دەکەم، کە یەکێکە لە وەرزشوانە دیارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان''. هەروەها سارینا دەڵێ ''ئێستا پلەی یەکەمی پارێزگاکەم گرتووە بەبێ رکابەر''.