گۆڕستانێکی ئینگلیزەکان لە کووت
هەڵمەت عومەر لە بەرنامەی باژۆی ئەمجارە دەچێتە پارێزگای واست بەتایبەتی شاری کووت کە دەکەوێتە ناوەڕاستی پارێزگاکە. هەڵمەت دەڵێت نزیکەی 40%ی دانیشتووانی ئەم شارە کوردن، بەتایبەتی کوردی فەیلی. پێشتر کورد زۆرینەی دانیشتووان بوون، بەڵام بەهۆی راگواستنی زۆرەملێ لەلایەن رژێمی بەعسەوە، زۆر کەس ئاوارە بوون و هەندێکیان پەنایان بۆ ئێران و بەغدا برد، ئەوانەی کە مانەوە بەناچاری لەگەڵ هۆزە عەرەبەکاندا ژیان بەسەردەبەن، چونکە نەیانتوانی دەستبەرداری موڵک و ماڵی خۆیان بن.
کووت بەوە ناسراوە کە ناوەکەی لە ناوی گوتییەکانەوە هاتووە. ئەو شارە بەدرێژایی مێژوو پشکی شێری لە جەنگ و وێرانکاریدا هەبووە. دوو گۆڕستانی گەورە لەو شارەدان، یەکێکیان گۆڕستانی ئینگلیزەکانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانیی یەکەم (1914-1917)، کە 418 گۆڕی سەربازانی ئینگلیزی لەخۆ دەگرێت، هەروەها گۆڕستانی عوسمانییەکانیش.
لەبەشێکی دیکەی بەرنامەکە هەڵمەت سەردانی ماڵێکی کۆن دەکات کە پێشتر ماڵی جەنەڕاڵ تاونزند بووە، کە گەورە جەنەڕاڵی بەریتانییەکان بووە. تاونزند لە شەڕدا نەکوژراوە، بەڵکو لە ساڵی 1924 لە فەرەنسا بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەوە گیانی لەدەست داوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکە تایبەتە بە قەزای بەدرە، کە 80 کیلۆمەتر لە سەنتەری کووتەوە دوورە. بەدرە ناوچەیەکی کوردستانییە و دەکەوێتە ناوچە کێشەلەسەرەکانی ماددەی 140. بەدرە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا سەنتەری حکومەت بووە، بەڵام بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی بەردەوامەوە، سەنتەری حکومەت گواستراوەتەوە بۆ کووت. پاشان سەردانی قەزای زێڕباتییە دەکات. بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق و ئێرانەوە، زێڕباتییە وێران بووە و خەڵکەکەی ئاوارە بوون. بەهۆی زۆری مینەوە، خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.