بەغدا - شەقامی موتەنەبی و بازاڕی سەفافیر
ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی باژۆ سەردانی ناوچە مێژووییەکانی شاری بەغدا دەکات. بەهۆی قەرەباڵخی شەقامەکانی بەغدا، پێشکێشکاری بەرنامەکە ناچار دەبێت بە بەلەم لە رووباری دیجلە بپەڕێتەوە بۆ گەیشتن بە ناوچەی بازاڕی سەفا. لەرێگەدا چاوی بە باڵەخانەیەکی مێژوویی بەناوی خان مەرجان دەکەوێت کە تەمەنی 667 ساڵە و لە ساڵی 1358 دروستکراوە. لەو سەردەمەدا بازرگانەکان بۆ پاراستنی کەلوپەلەکانیان، بەتایبەتی قوماشی حەریر، سەردانی ئەم خانەیان دەکرد.
پاشان سەردانی بازاڕی سەفافیر دەکرێت، کە بە بازاڕی سفر ناسراوە و لە کۆنترین بازاڕەکانی بەغدایە. لەم بازاڕەدا دەنگی تەقەتەقی چەکوش لەسەر پارچەی سفر، زیاتر لە 1200 ساڵە بەردەوامە. لێرە پیشەوەرەکان کەلوپەلی ناوماڵ و سینییەکان بە نەخش و نیگاری جوان دروستدەکەن. ئەوەی زۆر سەرنجی پێشکەشکاری بەرنامەکەی راکێشاوە، سینییە جیاوازەکان بوون کە هەر یەکەیان نەخش و نیگاری تایبەت بە شارێکی دیاریکراوی پێوەیە، وەکو سلێمانی، هەولێر و نەخشی فەیلییەکان. تەمەنی ئەم سینییانە نزیکەی 50 تاوەکو 60 ساڵە و نرخی هەر یەکێکیان دەگاتە هەزار دۆلار.
لە کۆتاییدا، سەردانی شەقامی موتەنەبی دەکرێت کە ناوەندی رۆشنبیری و کولتووری بەغدایە. ئەم شەقامە لە ساڵی 1932ـەوە بەهۆی کتێبخانەکانیەوە بووە بە شوێنێکی گرنگی رۆشنبیری و هەمیشە پڕە لە گەشتیار. نووسەر، هونەرمەند، قوتابی و رووناکبیران لەم شەقامە کۆدەبنەوە و چێژ لە چالاکییە هونەری و کولتوورییەکان وەردەگرن. لە کۆتایی شەقامەکە، قشلەیەک هەیە کە لە سەدەی نۆزدەیەم لەلایەن والی تورکی بەغدا، نامیق پاشای گەورە، لە ساڵی 1861ـەوە دروستکراوە. لەسەردەمی شا فەیسەڵ و پاشایەتی عێراقدا، هەموو دامودەزگا حکومییەکان لەم قشلەیەدا کۆکرابوونەوە، بە پێچەوانەی ئێستا کە هەر وەزارەتێک لە شوێنێکی جیاوازدایە.