قەمبەر عەلی و گۆڕستانی مەلەکی
لەم بەرنامەیەدا، هەڵمەت عومەر دەستدەکات بە گەڕان بەنێو بەغدا، پایتەختی عێراق. یەکەم شوێن کە سەردانی دەکات، گەڕەکی قەمبەر عەلییە، کە کۆنترین گەڕەکی شارە. سەرەتا، هەڵمەت باسی مێژووی دەوڵەمەندی گەڕەکەکە دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لە رابردوودا قەمبەر عەلی تەنیا گەڕەکێک نەبووە، بەڵکو شارێکی تەواو بووە. هەروەها گەڕەکەکە ناوەندێکی بازرگانی گرنگ بووە و بازرگانەکان و کاروانسەراکان لە هەموو لایەکەوە روویان تێکردووە. قەمبەر عەلی شوێنێکی ئایینی گرنگ بووە بۆ جووەکانی عێراق. لەوێدا مەرقەدی شێخ ئیسحاق هەیە، هەروەها باڵەخانەیەک هەیە کە لە سەردەمی خۆیدا پەرستگای جووەکان بووە و حاخامەکانی جوو لە سەرتاسەری جیهانەوە لەوێ وانەی ئایینیان وەرگرتووە. بەڵام ئێستا بەشێک لە باڵەخانەکە وەکو کۆگا بەکاردێت.
قەمبەر عەلی دەکەوێتە ناوچەی کەرخ کە ناوچەیەکی کۆن و چالاکە و چەندین بازاڕ و شوێنی گرنگی تێدایە. هەروەها بە بەشێک لە ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی بەغدا دادەنرێت. لە سەردەمی عەباسییەکاندا، زۆرترین ژمارەی دانیشتووی لە قەمبەر عەلی نێشتەجێ بوون و، بازرگانەکان لە هەموو جیهانەوە بۆ فرۆشتنی کاڵاکانیان روویان تێکردووە. ناوەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ کەسێک بە ناوی قەمبەر عەلی.
جگە لە جووەکان، خەڵکی جۆراوجۆری وەکو سابیئەکان، ئێزیدییەکان و موسڵمانەکانیش لە قەمبەر عەلی ژیاون. لە سەردەمی عەباسییەکاندا، جووەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبووە لە کاری دەستی و وەستایەتی، بەتایبەتی لە بواری بیناسازی. شتێکی سەرنجڕاکێش کە هەڵمەت عومەر باسی دەکات ئەوەیە کە تا ئێستاش باڵەخانە هەن کە دوو نهۆمن، نهۆمێک بە تاپۆ بە ناوی جووەکانە و نهۆمەکەی دیکە بە ناوی موسڵمانەکانە. لەساڵی 1846دا، قەمبەر عەلی لە مزگەوتێک، دوو قاوەخانە، حەمامێک و کۆمەڵێک شوێنی ئایینی و کۆمەڵایەتی پێکهاتبوو.
لە بەشی دووەمی بەرنامەکەدا، هەڵمەت عومەر سەردانی گۆڕستانی مەلەکی دەکات کە دەکەوێتە ناوچەی ئەعزەمییەی بەغدا. ئەو گۆڕستانە لەنێوان ساڵانی 1934 بۆ 1936 لەلایەن ئەندازیارێکی بەریتانی بە ناوی "جەی پی کووپەر" دروستکراوە. دیزاینی گۆڕستانەکە لەسەر شێوازێکی ئیسلامییە و سێ گومەزی هەیە. لەناو گۆڕستانەکەدا، گۆڕی چەندین کەسایەتی گرنگی سەردەمەی پاشایەتی عێراق هەیە، لەوانە فەیسەڵی یەکەم کە یەکەم پاشای عێراق بووە، مەلیک غازی کە دووەم پاشای عێراق بووە، فەیسەڵی دووەم کە دوا پاشای عێراق بووە و، چەندین گۆڕی دیکەش.
بیناسازیی گۆڕستانەکە سەرنجڕاکێشە، بەتایبەتی گومەزەکەی کە 27 مەتر بەرزە. هەر یەکێک لە پایەکانی 17 مەتر بەرزە، بەڵام 15 مەتر لەژێر زەوییە. لە بیناسازییەکەدا هیچ ماددەیەکی ئاسن و شیش بەکار نەهاتووە و هەموو نەخش و نیگارەکانی ناو بیناکە بە شێوازی ئیسلامییە.