کۆنترین کەنیسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی باژۆ سەردانی کەنیسەی ئوقەیسەر دەکات کە کۆنترین کەنیسەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم کەنیسەیە دەکەوێتە دەشتەکانی رۆژئاوای پارێزگای کەربەلا بە دووری 58 کیلۆمەتر لە شاری کەربەلا و نزیکەی 8 کیلۆمەتر لە حوسنی ئۆخەیزەر. رووبەری کەنیسەکە 4 هەزار مەتری چوارگۆشەیە. ناوی ئەم شوێنە لە وشەی قەسر (کۆشک) وەرگیراوە، چونکە کاتی خۆی ئەم ناوچەیە بە کۆشک و تەلارەکان بەناوبانگ بووە. مێژووی دروستکردنی ئەم کەنیسەیە بۆ سەدەی سێیەم، بە دیاریکراوی ساڵانی 268 و 295ی زایینی. تایبەتمەندیی سەرەکی ئەم کەنیسەیە ئەوەیە کە شوێنی نوێژکردنەکەی رووی لە قودسە. کەنیسەکە بە شێوەیەکی لاکێشەیی دروستکراوە، دەرگای لە دیوی رۆژئاوایە و لە لای رۆژهەڵاتەوە هەیوانێکی گەورەی هەبووە. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی ئەم شوێنە، ژێرزەمینەکانیەتی کە بە شێوەیەکی ستوونی دروستکراون. دوو ژێرزەمین هەن کە بە دووری 100 مەتر لە کەنیسەکەوە دوورن: یەکێکیان بەتەواوی ستوونییە و ئەوی دیکەیان پێدەچێت دەرگای سەرەکی بێت. هەروەها بیرێکی ئاویش لە نێوان ژێرزەمینەکان هەیە کە پێدەچێت لەو سەردەمە ئەو ناوچەیە ئاوی تێدابووبێت. تاوەکو ئێستا کەس نەیتوانیوە بچێتە ناو ئەو ژێرزەمینانە، بەشێکی بۆ مەترسی مار دەگەڕێتەوە و بەشێکیشی بۆ ئەو دژوارییەی کە لە دروستکردنیاندا هەبووە.
لە دەوروبەری کەنیسەکە، شوێنەواری زۆر هەن کە ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە شارێکی گەورە لەوێدا هەبووبێت. ئێستا ئەم کەنیسەیە شوێنێکی گرنگە بۆ کریستیانەکان کە بەردەوام سەردانی دەکەن، بەتایبەتی لە کاتی جەژن و بۆنەکاندا. هەرچەندە بانی کەنیسەکە نەماوە و دیوارەکانی نیمچە رووخاون، بەڵام هێشتا گرنگی مێژوویی خۆی پاراستووە وەکو کۆنترین کەنیسەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
کاتی پەخش: 17:45
دووبارە: 10:45