بابل - مەڵبەندی شارستانییەتی کۆن
ئەم ئەڵقەیەی بەرنامەی باژۆ سەردانی شوێنەوارەکانی شاری مێژوویی بابل دەکات کە بە دووری 85 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری بەغدا. سەرەتای بەرنامەکە بە دەرگای نەخشێندراوی بابل دەستپێدەکات کە کۆپییەکی دەرگا راستەقینەکەیە کە زیاتر لە 100 ساڵە لە مۆزەخانەی بێرگامۆم لە بەرلینی ئەڵمانیا پارێزراوە. بەرزی دەرگاکە 13 مەتر و پانییەکەی 30 مەتر بووە، ئەڵمانەکان پارچە پارچەیان کردووە و بە رێگەی ئاویی گواستوویانەتەوە بۆ وڵاتی خۆیان.
بابل لەنێوان ساڵانی 626 تاوەکو 539ی پێش زایین ناوەندی ئیمپراتۆریەتی بابل بووە. ئەو شوێنەوارانەی ئێستا ماونەتەوە وەکو شوورەکانی دەرەوە و ناوەوە، دەرگاکانی کۆشکەکان و پەرستگەکان، بەڵگەن لەسەر یەکێک لە ناوازەترین و بەهێزترین ئیمپراتۆرییەتەکان لە مێژوودا. بابل لە سەردەمی پاشاکانی وەکو حامورابی و نەبەکدنەزەر یەکێک بووە لە حەوت سەرسوڕهێنەرەکانی جیهانی کۆن، بەتایبەتی بە باخچە هەڵواسراوەکانی بابل. مێژوونووسان دەڵێن باخچە هەڵواسراوەکانی بابل لە سەردەمی پاشا نەبەکدنەزەر دروستکراون، کە گوڵ و دارودرەخت وەکو تاڤگەیەک لە بەرزیی زیاتر لە 20 مەتر شۆڕبوونەتەوە خوارەوە بەنێوان پەیکەر و ستوونەکاندا. دەگوترێت ئەم باخچانە دروستکراون چونکە هاوژینی پاشا کە کچی پاشای میدییەکان (کورد) بووە، بیری نیشتمانی خۆی دەکرد. پاشا ئەم باخچانەی وەکو دیاری بۆ دروستکردووە تاوەکو دڵخۆشی بکات و کەمێک لە هەستی دووریی لە وڵاتەکەی کەمبکاتەوە.
یەکێکی دیکە لە سیمبولەکانی بابل، شێرەکەیەتی کە بەرزییەکەی دوو مەترە و لەسەر سینگی پەیکەری مرۆڤێک وەستاوە کە نیشانەی هێز و دەسەڵاتی بابلییەکان بووە. هەروەها دەروازەی عەشتاریش باسکراوە کە لەسەر ناوی خواوەندی ژن عەشتار ناونراوە و کاتی خۆی یەکێک بووە لە هەشت دەروازەکەی شارەکە. بابل لە سەردەمی خۆیدا شارێکی زۆر رێکوپێک بووە و دیواری پان و بەرینی هەبووە کە گەیشتووەتە 40 مەتر. بابل هەشت دەروازە و هەشت رێگەی سەرەکی و، 24 رێگەی لاوەکی و دوو رێگەی تایبەت بە هاتوچۆی سەربازیی هەبووە.